بۆچی ئیسرائیل پەرۆشی شوێنەكەی عەبدوڵاهیانە؟

شەیری بکە لە:
بۆچی ئیسرائیل پەرۆشی شوێنەكەی عەبدوڵاهیانە؟

گرافیکی ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

 

پرسی دانانی وەزیری دەرەوەی ئێران لە لای ئیسڕائیلییەکان گرنگترە وەک لە پرسی سەرۆککۆمار، چونکە وەزیری دەرەوە دەتوانێت کاریگەری لەسەر ناوچەکە هەبێت بە ئاڕاستەی مامەڵەی تووند لەگەڵ ئیسرائیل.


وێنە گەورەکە: هەڵسەنگاندنەکانی ئیسرائیل دوای کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرە ئێرانییەکە کە 19ی ئەم مانگە ئیبراهیم ڕەئیسیی سەرۆککۆمار و حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیانی تێدابوو، پەیوەستە بە پرسێکی گرنگ و ستراتیژیی ئایندەی تەلئەبیب.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: سەرچاوە دیپلۆماسییەکان دەڵێن، یەکەم هەواڵی دیارنەمانی هەلیکۆپتەرەکەی ڕەئیسی، سەرکردایەتیی سیاسی-ئەمنی ئیسرائیلی خستە دۆخێکی ئاڵۆزەوە، هەڵسەنگاندنی سەرەتایی هەواڵگری ئەوە بوو کە ڕەنگە ڕەئیسی لەو شوێنە ڕزگاری بووبێت کە بە "نیشتنەوەی سەخت" لە شاخەکانی باکووری ڕۆژئاوای ئێران وەسف دەکرا. تەنانەت هەندێک لە بەرپرسانی ئیسرائیل ئاهێکی ئارامیان هەڵکێشا.


درێژەی ڕاپۆرت


ئیسرائیل بەپەرۆشە
ئیسرائیل  ترسی  هەیە و ناچارە، جیهان بڕوا پێ بهێنێت کە هیچ پەیوەندییەکی بە کۆچی دوایی ڕەئیسیەوە نییە لەبەر ئەوەی هەم ئیسرائیل بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت، هەمیش لە لاهای دۆسیەکەی نەتانیاهۆ جووڵێنراوە.


ڕووداوەکە ئیسرائیلی دڵنیا کردەوە
کاتێک بۆ جیهان ڕوونبووەوە کە فڕۆکەکە کەوتووەتە خوارەوە نەک نەیتوانیبێت بنیشێتەوە، ئیسرائیلییەکان بەتەواوەتی دڵنیابوون کە سەرۆککۆماری ئێران مردووە،  سەرەڕای ئەوەش وا دیاربوو ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لە شوێنی ڕووداوەکەوە بڵاو بوونەوە سەلماندی کە ئیسرائیل لە دۆسیەکەوە دوورە، هۆکارەکە بە ڕوونی دەگەڕێتەوە بۆ تەمومژ و دۆخی خراپی کەشوهەوا و باران، ئەمە جگە لە دۆخی خراپی هەلیکۆپتەر و فڕۆکە بەسەرچووەکانی ئێران کە بەهۆی گەمارۆی نێودەوڵەتی لەسەر دابینکردنی پارچەی یەدەگ پەکیان کەوتووە.


ئیسرائیل سەربازییەکان دەکاتە ئامانج نەک سیاسییەکان
لە کاتێکدا ئیسرائیل لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا سەرکردەکانی ڕێکخراوە چەکدارەکانی خستووەتە لیستی لێدانەکانەوە، لەنێویاندا یەحیا سینوار سەرۆکی غەززەی حەماس، بەڵام هەرگیز سەرکردەکانی وڵاتانی دیکەی تیرۆر نەکردووە. پلانێکی ساڵی 1992 بۆ تیرۆرکردنی سەدام حوسێن، سەرۆککۆماری ئەوکاتی عێراق، پێش دەستپێکردنی بە هۆی ڕووداوێکی مەشق و ڕاهێنانی کارەساتبار کۆتایی هات. بەدەر لەوەی پێشتر دەنگۆی ئەوە هەبوو، ئیسرائیل ویستویەتی یاسر عەرەفات لە نەخۆشخانەیەک لە پاریس بکوژێت، چونکە هەمیشە ویستوویەتی ئەو کەسانە نەمێنن کە کاریگەریی گەورەیان لەسەر ئایندەی ئیسرائیل هەیە. 


دوای مردنی ڕەئیسی هیچ ئاهەنگێک لە ئیسرائیل بەڕێوە نەچوو
مردنی ڕەئیسی هیچ دڵخۆشییەکی لەناو پلە سیاسی و سەربازییەکانی ئیسرائیلدا لێنەکەوتەوە، سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل بەردەوام تیشک دەخاتە سەر سەرکوتگەرییەکانی ئەو وڵاتە. سەرچاوەیەکی سیاسی باڵای ئیسرائیل کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئەلمۆنیتەر-ی گوتووە "ڕاستە ئەو یەکێک بوو لە توندڕەوترین سەرۆکەکانی دەسەڵات، بەڵام وەک ئەوە نییە جێگرەوەی کەسێکی میانڕەوتر بێت. لەڕاستیدا ڕەنگە کەسێکی تووندتریش بێت. وەک کەسێکی زۆر نزیک لە عەلی خامنەیی، ڕێبەری ئێران".
باشترین دەرئەنجامی مردنی سەرۆککۆمار لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە، توانای ورووژاندنی نائارامی ناوخۆییە، بەو هۆیەوە سەرنجی سیستەم لە شەڕی سێبەری لەگەڵ ئیسرائیل لابدات.


ئیسرائیلییەکان نیگەرانن
لە لایەکی دیکەوە دامەزراوە ئەمنی و دیپلۆماسییەکانی ئیسرائیل نیگەرانن لە ناسنامەی جێنشینی ڕەئیسی، یەکێک لەو ناوانەی باس کراون، سەعید جەلیلی نوێنەری ڕێبەری باڵای ئێرانە لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 خۆی کاندید کرد، بەڵام لە بەرژەوەندیی ڕەئیسی وازی  هێنا. سەرچاوەیەکی باڵای پێشووی هەواڵگری ئیسرائیل کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت دەڵێت "جەلیلی لە ڕەئیسی کەمتر توندڕەو نییە". دەشڵێت "لەم چوارچێوەیەدا هیچ چانسێک نییە ئەو کەسەی جێگەی ڕەئیسی دەگرێتەوە کەسێک بێت کە سیاسەتێکی جیاوازی هەبێت".


مردنی حسێن ئەمیر ئێرانی زیاتر نیگەران کرد
مردنی حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، لەلای ئیسرائیل زۆر گرنگترە لە مردنی سەرۆکی ئەو وڵاتە، چونکە سەرچاوەیەکی باڵای دیپلۆماسی ئیسرائیل کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ڕوونی کردەوە: “ئەو کەسێکی گرنگە کە دەتوانێت ئێران لە چەندین پرسی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی و شەرمەزارکەرانە ڕزگار بکات.
بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل، ئەمیر عەبدوڵڵاهیان زیانی نێودەوڵەتی بە ئیسرائیل گەیاندووە و وەک بۆڕییەک لەنێوان تاران و نەسروڵادا کاری کردووە. سەرچاوەیەکی باڵای سەربازیی ئیسرائیل کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت گوتی "لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە لانیکەم سێجار لەگەڵ نەسروڵا بووە. ئاماژەی بەوەش کردووە، “ئەو چالاکوانێکی کاریگەرە و ئێرانی لە گۆشەی دەوڵەتی بچووک دوور خستووەتەوە، هاوپەیمانییەکانی لەگەڵ ڕووسیا و چین و جیهانی عەرەبیدا بەهێز کردووە". 
سەرچاوە هەواڵگرییەکە ئاماژەی بەوەش دا "ئەمیر عەبدوڵاهیان هێندە تووندڕەو دادەنرا کە حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی ڕیفۆرمخواز لە ساڵی 2016 لە کارەکەی دوور خستەوە، بەڵام بەختی ئەو بە گەڕانەوەی کۆنەپارێزان بۆ سەر دەسەڵات گۆڕا".


عەبدوڵاهیان کاریگەری لەسەر جێنشینی خامنەیی هەیە
هەروەها وەزیری دەرەوەی کۆچکردوو بە تایبەتی نزیک لە خامنەیی ڕێبەری باڵای ئیسلامی دادەنرا و مەرگی ناوبراو دەتوانێت تا ڕادەیەک کاریگەری لەسەر ناسنامەی جێنشینی خامنەیی هەبێت. ئەو سەرچاوە هەواڵگرییە دەڵێت "ئەو ڕاستییەی کە ڕەئیسی نابێتە سەرکردەی ڕۆحی ئایندە، پێشهاتێکی ئەرێنییە".
ئیسرائیل لە ڕادەبەدەر پەرۆش نییە بۆ ئەو کارەساتە لە ئێراندا، ئەو سەرچاوە سیاسییە باڵایەی ئیسرائیل بە ئەلمۆنیتۆر-ی گوتووە" ئەگەر لە کۆتاییدا درز لە ڕژێمدا دروست بکات، ئەوە شتێکی ئەرێنییە. "


ئیسرائیل بەپەرۆشە
هەر ڕووداوێک لە ئێران  ڕووبدات بۆ ئیسرائیل گرنگە، بەڵام ئیسرائیل زۆر پەرۆشە بۆ شوێنگرەوەی ئەو کەسەی کە دەچێتە شوێنەکەی عەبدوڵاهیان، چونکە ئەمە پرسەکە دەگۆڕێت بە ئاڕاستەیەک کە ناوچەکە پێدەچێت دژی ئیسرائیل بێت یان پشتیوانی ئیسرائیل بێت.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: