پەیوەندییەکانی هەولێر و تاران لە دۆستایەتی مێژووییەوە بۆ پەیوەندیی سیاسی و دیپلۆماسی

شەیری بکە لە:
پەیوەندییەکانی هەولێر و تاران لە دۆستایەتی مێژووییەوە بۆ پەیوەندیی سیاسی و دیپلۆماسی

دیمەنێک لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی و مەسعود پزیشکیان، وێنە: بارەگای بارزانی

ئاڤا نیوز 


پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و تاران لەڕووی سیاسیی و ئابووری و فەرهەنگییەوە مێژوویەکی قووڵ و بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە، بەتایبەت بەهۆی ئەو سنوورە دوورودرێژەی لەنێوانیادا هەیە. ئێران ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بە ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکەی دەزانێت.

 
وێنە گەورەکە: لە یەکەمین گەشتی دەرەوەی وڵاتیدا لەدوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆککۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد، ئەمەش گرنگیی عێراق و هەرێمی کوردستان دەردەخات.

چیرۆکی سەرەکی: ڕۆژی چوارشەممە 11-9-2024، مەسعود پزیشکیان بە سەردانێکی فەرمی لەسەر بانگهێشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە بەغدا و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی پێشوازیی لێکرا، ڕۆژی دواتر سەردانی هەولێری کرد و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێکرا، دوای سێ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک بارزانی و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکان سەردانی سلێمانی کرد.

بۆچی گرنگە: ئێران نزیکەی هەزار و 450 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ عێراق هەیە، 550 کیلۆمەتری لەگەڵ هەرێمی کوردستانە، حەوت دەروازەی سنووری لەنێوانیاندا هەیە و قەبارەی بازرگانیی نێوانیان زیاتر لە حەوت ملیار دۆلارە.

سەرەتای دروستبوونی پەیوەندییەکان

پەیوەندییە سیاسییەکانی کورد لەگەڵ حکومەتەکانی ئێران مێژووێکی قوڵی هەیە، هەر لە سەردەمی شای ئێران محەممەد ڕەزا لە ساڵی 1962 تاوەکو 1974، بەڵام لە 1975 دوای ڕێککەوتنی جەزائیر، ئێران پشتی لە کورد کرد. دوای لادانی شا لە ساڵی 1979 دروستبوونی کۆماری ئیسلامی و شەڕی هەشت ساڵەی ئێران عێراق، ئێران پاڵپشتێکی سەرەکی کورد بوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێمی بەعس.

 

دوای کۆتاییهاتنی جەنگەکەش، عێراق دەستی بە پرۆسەی ئەنفال و کیمیابارانکردن و جینۆسایدی گەلی کورد کرد، لە دوای ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی گەلی کوردستان دژ بە ڕژێم و کۆچی ملیۆنی خەڵکی کوردستان، جارێکی دیکە ئێران سنوورەکانی بەڕووی پەنابەران و پێشمەرگەو خەڵکی کوردستان کردەوە و دەستی هاوکاری بۆ درێژ کردن.

لە دۆستایەتی مێژووییەوە بۆ پەیوەندی سیاسیی و دیپلۆماسی

دوای کۆنترۆڵکردنی عێراق و ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام حوسێن لە ساڵی 2003 لەسەر دەستی ئەمریکا، ئێران دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا پەیوەندی سیاسی و ئابووری بە فەرمی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست بکات، تاکە وڵاتیشە کە دوو کونسوڵخانەی هەیە، یەکێک لە هەولێر و ئەوەی دیکە لە سلێمانی.

لە یەکەم سەردانی فەرمیدا ڕۆژی 5-8-2021 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سەردانی تارانی کرد و لە دووەم ڕۆژی سەردانەکەی له‌گه‌ڵ ئیبراهیم ڕه‌ئیسى، سه‌رۆككۆمارى ئەوکاتی ئێران كۆبووه‌وه‌.

لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵ 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ جاری دووەم سەردانی تارانی کرد.

سەرەتایەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی هەولێر و تاران

ئەمساڵ نێچیرڤان بارزانی لەبارەی سەردانەکەی بۆ تاران، کە دوای چەند هێرشێکی مووشەکی بوو بۆ سەر هەولێر، ڕایگەیاند: سەردانەکەمان، سەردانێکی باش بوو بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئێمە پێمانوایە ئەو سەردانەمان سەرەتایەکی نوێ لە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستپێدەکاتەوە.

ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئەوکاتی ئێرانیش ڕایگەیاند، ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان بە ئاسایشی خۆیان دەزانن و لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بۆ تاران  گوتی، ''هیوادارم ببێتە هۆکارێک بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی نێوانمان.''

پەرەپێدان بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان

لە وەڵامی سەردانەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەردانی هەولێری کرد و لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر گرنگی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کراوەتەوە، لەسەر بنەمای دراوسێیەتییەکی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش. هەروەها هەردوولا جەختیان لە پەرەدان بە پەیوەندییەکان کردووەتەوە بەتایبەتی لە بواری ئابووری و بازرگانیدا.

هاوکات سەرۆکوەزیران بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی: "پێشوازیم لە عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلاميی ئێران کرد، پەرەپێدانی پەیوه‌ندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێرانمان تاوتوێ کرد و هاوڕابووین لەسەر برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لەسەر بنەمای ڕێز و بەرژوەنديی هاوبەش."

دوای سەردانەکەی بۆ هەولێر، عەلی باقری سەردانی سلێمانیشی کرد و لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

سەردانی یەکەم سەرۆککۆماری ئێران بۆ هەرێمی کوردستان

پێش سەردانەکەی بۆ عێراق مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند: "سەردانی شارە شیعە نشینەکان و بەسرە و شارە کوردییەکان هەولێر و سلێمانی دەکەین، بە پشتیوانی خودا لەگەڵ خۆشەویستانی ئەوێ کۆدەبینەوە".

پزیشکیان پێیوابوو سەردانەکەیان سەردانێکی "زۆر باش دەبێت بۆ دروستکردنی زەمینەی گونجاو لە بواری ئابووری، کولتووری، سیاسی و ئەمنی. "هیوادارم لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی کە لە عێراقەوە دەست پێدەکات پەیوەندییەکی باش و دۆستانەمان هەبێت و بتوانین زۆربەی ئەو گرفتانەی کە ڕەنگە بوونیان هەبێت لەبەردەم خۆمان لا ببەین".

لە میانی سەردانەکەی بۆ تاران لە ئایاری 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشتنامەی فەرمی پێشکەشی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئێران کرد، بەڵام مەرگ ڕێگەی پێنەدا ئەو سەردانە بکات، دواتر لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان وەک سەرۆککۆماری نوێ،  نیچێرڤان بارزانی بانگهێشتنامەی پێشکەشی ناوبراو کرد.

نەسڕوڵڵا ڕەشنوودی، کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر تایبەت بە ئاڤا نیوز ڕایگەیاند: پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە لە ڕووی سیاسی، ئابووری، بازرگانی، گەشتیاری و کولتووری.  گوتیشی: ئێران هەمیشە بە ئاڕاستەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەنگاو دەنێت و بە ئاراستەی سەقامگیریی عێراق کار دەکات.


پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران

پەیوەندییە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران لەگەشەسەندندان، قەبارەی بازرگانی نێوانیان بۆ نزیکەی حەوت ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە.

هەرێمی کوردستان و عێراق بە یەکێک لە گەورەترین بازاڕەکان بۆ ساغکردنەوەی کاڵای ئێرانی دادەنرێت، تاران ساڵانە دوو هەزار و 200 بەرهەمی جۆراوجۆر هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، 50%ـی هەموو خاوەنکارانی ئێرانیش لە بازاری عێراقدا بەرهەمەکانیان ساغ دەکەنەوە.

سەرچاوەیەکی باڵا لە سەرۆکایەتیی ئێران بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاندووە: "پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات ساڵانە گەیشتووەتە 10 ملیار دۆلار و هیوادارن ئەو ڕێژەیە بۆ 20 ملیار دۆلار بەرزبکەنەوە ."
 
بە گوتەی مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان بۆ ئاڤا نیوز "قەبارەی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بۆ نزیکەی حەوت ملیار دۆلاری ساڵانە بەرزبووەتەوە، هەرێمی کوردستان لە ڕیزبەندی چوارەمی ئەو وڵاتانە دێت کە زۆرترین کاڵا لە ئێران هاوردە دەکات.

ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران

ڕۆژی 19-3-2023 عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە بەغدا ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆ کرد.
 
یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە تایبەت بوو بە دوورخستنەوەی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
 
محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای ئێرانی ڕایگەیاند، پەیوەندیی تاران و بەغدا ستراتیژی و قووڵ و بەرفراوانە، لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان جەختمان لەوە کردووەتەوە، سازش لەسەر پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیمان ناکەین.

لەم سەردانەشەدا 14 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە چەندین بواری جیادا لەنێوان عێراق و ئێران واژۆ کران، لە میانی کۆبوونەوەشی لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق، بەپێی ڕاگەیێنراوی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق: "سەرۆكکۆماری ئیسلامیی ئێران داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی لەنێوان هەردوو وڵاتی دراوسێدا کرد لەپێناو داڕشتنی بەرنامەیەکی ستراتیژی بۆ هاریکاری هاوبەش لە سێکتەرەکانی تەندروستی، ژینگه، پیشەسازی، ئاسایش و گەشتوگوزار، کە هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە".

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ