
هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر
ئاڤا نیوز
ئەم مانگە بۆ هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر قورسترین مانگی ژیانی سیاسی بوو، بەهۆی ئەوەی لە هەوڵەکانی شکستی هێنا بۆ بەدەستهێنانی پۆستی ئەو پارێزگایانەی کە مەبەستی بوو بەدەستیان بهێنێت.
پەیمانگای واشنتن ڕاپۆرتێکی لەسەر ناکۆکییەکانی نێو سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بڵاوکردووەتەوە لەسەر پۆستەکانی حکومەتە خۆجێییەکان.
گورزی یەکەم: پارێزگاری سەڵاحەددین
هادی عامری بەوە ناسراوە، پەیوەندیی بازرگانی باشی لەگەڵ کەسایەتییە سیاسی و بازرگانەکانی عەرەبی سوننە هەیە. قورسایی خۆی خستە کار بۆ ئەوەی ئەحمەد جبووری بە پارێزگاری سەڵاحەددین هەڵبژێردرێت، لەکۆی 15 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاکە، نۆ ئەندام دەنگیان پێدا، ئەوەش کاردانەوەی تووندی عەسائیبی ئەهلی حەقی لێکەوتەوە، محەممەد بەلداوی ئەندامی پەرلەمان لە فراکسیۆنی سادیقوونی سەر بە عەسائیبی ئەهلی حەق لە بازنەی سەڵاحەددین ڕایگەیاند، ئەوەی مافمان دەخوات ئازاری زۆر دەچێژێت، سوپاس بۆ ئەوانەی هەڵوێستی شەڕەفمەندانەیان هەیە، سوپاس بۆ قەیس خەزعەلی، نووری مالیکی، هومام حەموودی، هەڵوێستیان ئەرێنی بووە و پشتیوانیان کردوون کە ئەوەش قەرزێکە لە گەردنمان. خیانەتکاران پرسەیان نییە و سبەی کارتەکان ئاشکرا دەبن و دەمووچاوەکان رەش دەبن.
لێرەدا بە ئاشکرا ناوی هادی عامری نەهاتووە، بەڵام دیارە کە قەیس خەزعەلی و نووری مالیکی دوورتر لەوە ڕۆیشتوون کە هەڵوێستەکانیان تەنیا لە لێدواندا بمێنێتەوە، سەرنجیان خستە سەر لەتیف ڕەشید سەرۆککۆماری عێراق بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی ئەحمەد جبووری بۆ پۆستی پارێزگاری سەڵاحەددین پەسەند نەکات، بە پاساوی ئەوەی تۆمەتبارە بە گەندەڵی.
گورزی دووەم: زۆرانبازی لەگەڵ شبل زەیدی لە واست
هادی عامری هەروەها هەوڵیدا جێگری پارێزگاری واست دابنێت، لەوەشدا شکستی هێنا، بەهۆیەوە ناکۆکییەکانیان لەگەڵ شبل زەیدی فەرماندەی کەتیبەکانی ئیمام عەلی تازە بوویەوە، واست خاڵی بەهێزی شبل زەیدی بووە، بەتووندی ڕەتیکردەوە پۆستی جێگری پارێزگاری واست بە کاندیدێکی ڕێکخراوی بەدر بدرێت، ڕۆژی 9ـی شوبات گوتی، پۆستی چوار پارێزگا ( دیالە، دیوانیە، میسان، بابل) پشکی هاوپەیمانیی نەبنییە کە لیستی چوارچێوەی هەماهەنگییە، بە ویژدانانە دابەشکراون.
محەممەد جەمال مەیاحی بەلای شبل زەیدییەوە باشترین پارێزگارە بۆ واست، هەندێک لە ئەندامانی دیکەی چوارچێوەی هەماهەنگی پێیانوایە هادی عامری هەریەک لە موحسین مەندەلاوی و یوسف کیلابی کە نزیکن لە ڕێکخراوی بەدرەوە بەکارهێناوە بۆ تانەدان لە پەسەندکردنی هەڵبژاردنی مەیاحی بۆ پۆستی پارێزگای واست، مەیاحی، مەندەلاوی تۆمەتبار کرد بە خراپبەکارهێنانی پۆستەکەی لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بۆ ڕێگری لە پەسەندکردنی وەکو پارێزگار، هەروەها یوسف کیلابیشی تۆمەتبار کرد بەوەی مێژوویەکی خراپی هەیە، دووجار تۆمەتباری کردووە بەوەی ویستوویەتی لە ڕێگەی درۆنەوە تیرۆری بکات و لە دادگەش سکاڵای تۆمار کردووە.
گورزی سێیەم: پارێزگای دیالە
لە چەند کاژمێری ڕابردوودا، هادی عامری لەگەڵ نووری مالیکی کۆبووەتەوە، ڕێککەوتوون پۆستی پارێزگاری بۆ دەوڵەتی یاسا بێت لەجیاتی بەدر، هەروەها ڕێککەوتن دەکرێت لەسەرکاندیدکردنی کەسێک بۆ پۆستی پارێزگار، بە ئەگەری زۆر کاندیدەکە کەسایەتییەک دەبێت لە هۆزی تەمیم، بەو ئامانجەی دەنگی هەموو فراکسیۆنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکە بەدەستبهێنێت.
دوای 30 ڕۆژ هێشتا ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بەهۆی ناکۆکیی نێوان ڕێکخراوی بەدر و عەسائیبی ئەهلی حەق نەیتوانیوە کەسێک هەڵبژێرێت بۆ پۆستی پارێزگاری دیالە.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

ئاڤا دیجیتاڵ
Editor
دوایین هەواڵەکان
- هەواڵ
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێرش دەکرێتە سەر کانێکی زێڕ
- هەواڵ
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
پاڵەوانیێتیی کوردستان بۆ جوانترین ئەسپ لە هەولێر بەڕێوەدەچێت
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
ئەڵمانیا دەسەڵات بە پۆلیس دەدات درۆن بخەنە خوارەوە
23 کاتژمێر لەمەوپێش
چیرۆکێکی کاریگەر؛ مردنی کچێک لە سەقز ژیانی دایک و باوکی گۆڕیوە بۆ تراژیدیا
8 تشرینی یەکەم
ئاڤا میدیا خەڵاتی دیجیدەی نێودەوڵەتی لە نیویۆرک دەباتەوە
8 تشرینی یەکەم
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر وردەکاریی کۆبوونەوەی مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع ئاشکرا دەکات
7 تشرینی یەکەم
شاخەوانێکی کورد بەسەر لووتکەی شاخی پیرۆ سەردەکەوێت
7 تشرینی یەکەم
- ڕاپۆرت
- 13 کاتژمێر لەمەوپێش
ئاڤا وردەکاری قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززە ئاشکرا دەکات
- ڕاپۆرت
- 14 کاتژمێر لەمەوپێش
ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە ڕاگەیێنرا
- ڕاپۆرت
- 6 تشرینی یەکەم
جەژنی جەما؛ یەكێك لە جەژنە هەرە گرنگەكانی ئێزدییەكان