لە ڕابردوویەکی بەردینەوە بۆ داهاتوویەکی بەردەوام - ئاوڕدانەوەیەک لە بەکارهێنانی وزە و لێکەوتەکانی

شەیری بکە لە:
لە ڕابردوویەکی بەردینەوە بۆ داهاتوویەکی بەردەوام - ئاوڕدانەوەیەک لە بەکارهێنانی وزە و لێکەوتەکانی

کاریگەری بەکارهێنانی وزەی بەردین و نەوت و غاز لەسەر ژینگەی گۆی زەوی

ئاڤا نیوز

ملیۆنان ساڵ لەمەوبەر، پرۆسە جیۆلۆجییەکان ماددە ئۆرگانییەکانیان خستە ژێر خاکەوە. لەژێر فشاری زۆر و بەبێ ئۆکسجین، بوون بە خەڵووز، نەوت و گازی سروشتی. ئەم سووتەمەنییە بەردییانە لە ماوەیەکی زەمەنی وا دروستبوون مەحاڵە باوەڕ بکەین، قسەی ئێمە لەسەر 100 بۆ 300 ملیۆن ساڵە.

بەڵام هەموو جۆرەکانی وزە کە ئەمڕۆ بەکاریاندەهێنین، لە کۆتاییدا دەتوانرێت بگەڕێنرێتەوە بۆ یەک پێشینە ئەویش: تەقینەوە گەورەکەیە.

نزیکەی 120 ساڵ دەبێت، مرۆڤایەتی بەشێکی بەرچاوی لەم سەرچاوە وزە هەڵگیراوانەی دەرهێناوە و سووتاندوویەتی.

بەکارهێنانی وزە بەم ئاستە بەرزە وایکرد شارستانییەتی مۆدێرن بوونی هەبێت، بەڵام هەسارەکەمانی لە هاوسەنگی ژینگەیی دەرهێنا.

وێنای فیلمێک بکە کە 18 ساڵ بەردەوام بێت و ئێمە تەنیا بە دوو چرکە دەیگەڕێنینەوە دواوە. ئەوەندە خێرا ئەو وزە بەردییەمان سووتاندووە کە سەدان ملیۆن ساڵی پێویست بوو تا دروست بێت.

1-  وزەی کارەبا و ڕووە تاریکەکەی:

لە هەرێمی کوردستاندا، زۆربەی ئەو کارەبایەی بەکاریدەهێنین تێکەڵەیەکە لە کارەبای نیشتمانی و کارەبای مۆلیدەی گەڕەکەکان کە بە گاز کاردەکات. لەم چوارچێوەیەدا، ئێمە پەیوەندی نێوان بەردە خەڵوزییەکان و بەرهەمهێنانی کارەبا دەردەخەین.

کارەبا بڕبڕەی پشتی ژیانی مۆدێرنە بەڵام بە شێوەیەکی ئاسایی بەرهەمهێنانی کارەبا بە تایبەتی لە ڕێگەی سووتانی بەرهەمەکانی خەڵوزی بەردیی، لێکەوتەی قورسی ژینگەیی و تەندروستی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.

سووتانی تەنیا یەک لیتر بەنزین نزیکەی 2.3 کیلۆگرام دوانۆکسیدی کاربۆن (CO₂)  فڕێ دەداتە هەواوە. گازوایل نزیکەی  2.65 کیلۆگرام. لە هەمان کاتدا بە سووتانی ئەم ماددانە، پیسکەرەکانی وەک ئۆکسیدی نایترۆجین (NOₓ) و تەنۆلکە وردەکان بە تایبەتی  (PM₂.₅)   ئازاد دەبن. ئەم تەنۆلکە زۆر بچووکانە دەتوانن بە قووڵی بچنە ناو سییەکانەوە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ئەم تەنۆڵکانە پەیوەندی بەهێزیان هەیە بە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و دڵ و خوێنبەرەکان.

کوالێتی هەوا بە شێوەیەکی ئاسایی بە (مایکرۆگرام) بۆ هەر مەتر سێجایەک پێوان دەکرێت بۆ نموونە،  (PM2.5)ئاستی (25 µg/m³) هەرچەندە پلەکەی نزمتر بێت، هەواکە پاکترە. بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO)، بەرکەوتنی درێژخایەن بە ئاستی سەروو (5 µg/m³)  مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و دڵ و خوێنبەرەکان زیاد دەکات. بۆیە بەهای ئاستی (25 µg/m³)  بە ڕوونی زیانبەخشە بۆ تەندروستی و بە تایبەت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن زیانەکانی زیاتر دەبن.

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، پاڵپشتی لەم هەڵسەنگاندنە دەکات بە پەیوەندییە زانستییە سەلمێنراوەکان وەکو: 

•  نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە (هەناسەتەنگی)

•  نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان

•  جەڵتەی مێشک

•  شێرپەنجەی سییەکان

ڕێکخراوەکە پێشنیازی سنووردارکردنی ساڵانەی (PM2.5) دەکات، بەجۆرێک تەنیا 5 مایکڕۆگرام بۆ هەر مەتر سێجایەک دیاری دەکات. لە زۆرینەی شارەکان ئەم ئاستە بۆ پێنج هێندە یان زیاتر تێپەڕیووە.

لە شاری هەولێر - هەرێمی کوردستان ساڵی 2024، تێکڕای چڕی ساڵانە (PM2.5) ئاستی 22.8 µg/m³) ( نیشان دەدات. ئەم ڕێژەیە بە ڕوونی دەریدەخات کوالێتی هەوا لە هەولێر، لە دەرەوەی ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییە.

بەگوێرەی داتاکان کوالێتی هەوای بەغدا-عێراق ساڵی 2024، تێکڕای چڕیی ساڵانەی (PM2.5)، ئاستی 40.5 µg/m³)) نیشان دەدات. ئەم ئاستە هەشت هێندەی ئەو ئاستەیە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دیاریکردووە. 

داتای کوالێتی هەوا لە شاری (نیودەلهی) هیندستان ساڵی 2024، تێکڕای چڕیی ساڵانەی (PM2.5)، ئاستی 108 µg/m³)) نیشان دەدات. ئەم ئاستە دەریدەخات کوالێتی هەوای نیودەلهی لە ڕیزبەندی خراپترینی ئاستی جیهانییە. لەم ساڵەدا لە کۆی 8,954 شار، ڕیزبەندی دووەم شاری گرتووە. 

داتای کوالێتی هەوا لە شاری (نارساک) گرینلاند بۆ ساڵی 2024، تێکڕای چڕیی ساڵانەی (PM2.5)، ئاستی 2.6 µg/m³)) نیشان دەدات. ئەم شوێنە لە ڕیزبەندی کوالێتی هەوای جیهانی دووەم پاکترین شارە.

لە دۆخی ئاساییدا، کێشی گازوایل لە پلەی گەرمی (15 °C)  نزیکەی 835) گرام(ـە یان 0,835) کیلۆگرام(ـە، بەڵام دوای سووتان، نزیکەی 2.6) کیلۆگرام) دوانۆکسیدی کاربۆن (CO₂) بەرهەم دەهێنێت. کەواتە چۆن 835) گرام( لەناکاو دەبێتە 2.6) کیلۆگرام)؟

وەڵامەکەی ئاسانە: گازوایل نزیکەی لە 86-87% کاربۆنە. لە کاتی سووتانیدا هەر ئەتۆمێکی کاربۆن (C) لەگەڵ دوو ئەتۆمی ئۆکسجین (O₂) لە هەواوە دەبەسترێتەوە. دوانۆکسیدی کاربۆن (CO₂) دروست دەکەن و کێشی زیادەی دەخاتەسەر.

ئەمە هاوکێشەی کیمیاییە بۆ سووتانی تەواوەتی:
2 C₈H₁₈ + 25 O₂ → 18 H₂O + 16 CO₂

2-   دەرئەنجامە جیهانییەکان و فشارەکان بۆ گۆڕانکاری:

دەردانی ئەو هەموو گازە ژەهراوییە، بەشدارییەکی بەرچاوییان هەیە لە گەرمبوونی جیهان، بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان، ڕووداوە نائاسایی و توندەکانی کەشوهەوا، کەمبوونەوەی زیندەوەرە جۆراوجۆرەکان، تەنیا چەند نموونەیەکن لەو دەرئەنجامانەی پێیان گەیشتووین.
درێژەدان بە ڕێگای "کاروبارەکانمان وەک جاران"، تەنیا هەڕەشە لە بنەما سرووشتییەکانمان ناکات، بەڵکو هەڕەشە لە خۆشگوزەرانی نەوەکانی داهاتووشمان دەکات. سەرەڕای ئەمانەش ڕەنگە ئەو گەردیلە وردانەی لە مۆلیدەکانی کارەباوە دەردەدرێن، کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی مێرووەکان هەبێت، لەبەرامبەردا کاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر تەواوی سیستمی ژینگەییمان هەبێت. 

3-  پیسبوونی هەوا لە شاری هەولێر و هەرێمی کوردستان:

 لەم بەشەدا شاری هەولێر وەک نموونە بەکاردێت، تەنیا لەبەر ئەوە نییە شوێنی لەدایکبوونمە، بەڵکو لەبەر ئەوەشە ژیانی منداڵیم لەوێ بەسەر برد. ئەمەش دیدێکی کەسییم پێدەبەخشێت، چۆن کوالێتی هەوا لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە بەم ئەندازەیە گۆڕاوە.

بە تێبینی ئەوەی (هەموو ئەو داتایانەی لێرە خراونەتەڕوو، داتای ساڵی 2024ـن و دەکرێ دوای پڕۆژەی ڕووناکی و کوژانەوەی ژمارەیەکی زۆری مۆلیدە گۆڕانکاریی لەسەر داتاکان دروست بووبێت)

لە ناوەڕاستی 2020ـەوە، گەشەی ئابووری و زیادبوونی دانیشتوان بە شێوەیەکی بەرچاو ژمارەی دانیشتوانی جیهانی بەرز کردەوە. 

بۆ ئەوەی ئەمە بخەینە چوارچێوەیەکەوە: 1978 ساڵی لە دایکبوونمە. ئەو ساڵە ژمارەی دانیشتوانی زەوی 4.3 ملیار کەس بوو، ئەمڕۆ ئەو ژمارەیە گەیشتووەتە نزیکەی 8.2 ملیار کەس، واتا لەماوەی 45 ساڵدا ژمارەی دانیشتوانی زەوی بۆ نزیکەی دوو هێندە بەرز بووەتەوە. ئەم زیادبوونە خێرایەی ژمارەی دانیشتوان بە ناچاری بووەتە هۆی زیادبوونی داواکاری بۆ وزە. دوای بەدیجیتاڵیکردنی زۆرێک لە بوارەکان و گەشەی تەکنۆلۆژیا، پێویستی بوون بە کارەبا بەڕێژەیەکی بەرز زیادی کردووە، هەربۆیە ئەمڕۆ بەنزیکی مەحاڵە وێنای ژیان بەبێ وزەی کارەبا بکەین.

بۆ نیشاندانی پەیوەندی نێوان بەکارهێنانی کارەبا و پیسبوونی هەوا، لە نزیکەوە سەیری تێکڕای بەکارهێنانی کارەبای ڕۆژانە دەکەین بۆ هەر ماڵێک لە شاری هەولێر.

نیشاندانی ئەم پەیوەندییە، ڕێگامان پێدەدات، خەمڵاندن بکەین لە بەشداریکردنی پیسبوونی هەوا لەلایەن مۆلیدەکان، بە زانینی ئەوەی یەک لیتر گازوایل نزیکەی 2.65 کیلۆگرام دوانۆکسیدی کاربۆن CO₂  بەرهەم دەهێنێت.

بە گوێرەی ئاماری ساڵانی ڕابردوو واتا بەر لە بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی. دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لە هەر سێ پارێزگا سەرەکییەکەی هەولێر، سلێمانی، دهۆک زیاتر بووە لە 6.4 ملیۆن کەس. ئەم ژمارەیە دابەشی سەر یەک ملیۆن و 28 هەزار خانوو و شوقە بوون. واتا نزیکەی یەک ملیۆن و 400 هەزار خێزان لەخۆ دەگرێت. بە تەنیا لە شاری هەولێردا نزیکەی یەک ملیۆن و 98 هەزار کەس دەژین. ئەم ژمارەیە دابەشی سەر نزیکەی 490 هەزار خێزان کە دابەشی سەر نزیکەی هەمان یەکەی نیشتەجێبوون کراون.

لە شاری هەولێر تێکڕای ڕاستیەقینەی بەکارهێنانی ڕۆژانەی کارەبا بۆ هەر خێزانێت نزیکەی 21.5 کیلۆوات-کاتژمێرە. ئەمە یەکسانە بە نزیکەی 0.896 کیلۆوات کات لە کاتژمێرێکدا. 

تێبینی: 1 لیتر گازوایل یەکسانە بە 2.94 کیلۆوات کاتژمێر کارەبا 

 کەواتە داواکاری کاتژمێریانەی کارەبا بۆ هەر ماڵێک بریتییە لە:

 21.5 کیلۆوات-کاتژمێر ÷ 24 کاتژمێر = 0.896 کیلۆوات کات لە هەر کاتژمێرێکدا

ئەمە دەگۆڕین بۆ بەکارهێنانی گازوایل لە هەر کاتژمێرێکدا:

0.896 KWh ÷ 2.94 KWh/L = 0.304 KWh لیتر گازوایل لە هەر کاتژمێرێکدا بۆ هەر ماڵێک
ئێستا پشتبەستوو بە تێکڕای هەژمارکراوی 0.304 لیتر گازوایل بۆ هەر ماڵێک لە هەر کاتژمێرێکدا، دەتوانین خەمڵاندنێک بکەین بۆ کۆی بەکارهێنانی گازوایل و دەردانی دوانۆکسیدی کاربۆن CO₂ بۆ شاری هەولێر.


نزیکەی 490 هەزار خێزان لە هەولێر دەژین:

0.304 لیتر/کاتژمێر × 490 هەزار خێزان = 148,960 لیتر گازوایل لە هەر کاتژمێرێکدا.

هەر لیترێک گازوایل نزیکەی 2.65 کیلۆگرام دوانۆکسیدی کاربۆن CO₂ بەرهەمدەهێنیت کەواتە:
148,960 لیتر × 2.65 کیلۆگرام/ CO₂لیتر = 394,744 تۆن CO₂ لە هەر کاتژمێرێکدا
ئەمە یەکسانە بە: 394,7 CO₂ لە هەر کاتژمێرێکدا

بە لەبەرچاوگرتنی بەرهەمهێنانی کارەبا بە مۆلیدەی گازوایل بۆ ماوەی 24 کاتژمێر ئەنجامەکە بەمجۆرەی لێدێت:

•  9,472.8 تۆن CO₂ لە هەر ڕۆژێکدا
•  3,457,582 تۆن CO₂ لە هەر ساڵێکدا

ئەم ئامارانە بە ڕوونی کاریگەرییە بەرچاوەکانی بەکارهێنانی کارەبا لەسەر پیسبوونی هەوا لە هەولێر نیشان دەدەن. ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ گرتنەبەری چارەسەری بە پەلەی وزەی جێگرەوە لەبری ئەو کارەبایەی بە گازوایل بەرهەمدێت.

4- ڕێگای وزەی بەردەوام بۆ داهاتوو

سنووردارکردن و کەمکردنەوەی ئەم پیسبوونە زۆرەی هەوا، لە ڕێگای گۆڕانکاری بۆ بەکارهێنانی وزەی نوێبووەوە زۆر گرنگە. بەتایبەتی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگای سیستەمی (فۆتۆڤۆڵتایک-کارەبا لە ڕێگای وزەی خۆر و وزەی با)، وا دەکات دەردانی گازی ژەهراوی بەنزیکی بۆ سفر کەمبێتەوە. تەنانەت دامەرزاوە بچووک و نا حکومییەکان دەتوانن بەشدار بن لە کەمکردنەوەی هۆکارەکانی پیسکردنی هەوا. 

-5 کەمکردنەوەی بەرچاوی دەردانی گازە ژەهراوییەکان لە ڕێگەی بەکارهێنانی وزەی خۆر
چەندین جۆری چارەسەری (کارەبا لە ڕێگای وزەی خۆر و با) هەیە لەوانە سیستمی سەربەخۆ لە دەرەوەی تۆڕ، سیستمی بەستراو بە تۆڕەوە بەبێ هەڵگرتن، یان سیستمی یەکگرتووی پاتری. 
هەر بژاردەیەک سوودی تایبەتی خۆی پێشکەش دەبێت ئەم بەشە جەخت لەسەر یەک پرسیاری سەرەکی دەکاتەوە:

تا چ ڕادەیەک دابینکردنی کارەبا لە ڕێگای وزەی خۆرەوە دەتوانێت یارمەتی باشترکردنی کوالێتی هەوا بدات بە تایبەتی لە ڕێگەی کەمکردنەوەی دەردانی  CO₂؟ 

وزەی خۆری خۆدروستکراو، کاریگەری لەسەر شوێنپێی کاربۆنی مرۆڤ زۆرە. لە ئەڵمانیا، هەر کیلۆواتە کاتژمێرێک (kWh) لە کارەبای سیستمی وزەی خۆر، بە تێکڕا، نزیکەی 600 گرام CO₂ پاشەکەوت دەکات، لەبەرئەوەی ئەم جۆرە کارەبایە جێگرەوەی ئەو کارەبایە بووە کە لە ڕێگەی سەرچاوەی بەردییەوە وەک خەڵووز یان گازوایل بەرهەمدێت.

ئەمە نموونەیەکی ڕاستەقینەیە:

لە ماڵەوە دوو پانێڵی بەرهەمهێنانی کارەبای وزەی خۆرم داناوە، لە ماوەی 75 ڕۆژدا نزیکەی 97 کیلۆگرام  COـی پاشەکەوت کردووە. لەوانەیە ئەمە بۆ یەکەمجار وا دەرنەکەوێت. بەڵام ئەگەر بەشێکی زۆری ماڵەکان بەشداری بکەن بە تێپەڕبوونی کات کاریگەرییەکەی زیاد دەبێت. ئەی ئەگەر بۆ ساڵێک درێژەی پێبدەین! ئەم هەوڵە یەکسانە بە کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی چەند سەد کیلۆمەترێک کە ئۆتۆمبێل لێدەخوڕی.

6- بەکارهێنانی وزەی ڕۆژانە – لە کوێوە دەستپێبکەین؟

جگە لە بەرهەمهێنانی کارەبا، بەکارهێنانی وزە بۆ ئامێرە کارەباییەکان ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت. کەرەستەکانی ناوماڵ وەک ئەیرکۆندیشن بۆ فێنککردنەوەی و گەرمکردنەوەی ماڵ، یان ئامێری ئاو گەرمکردنی کارەبایی (گیزەر)، لە ماڵەکاندا گەورەترین بەکارهێنەرانی وزەن. زۆر گرنگە لە کاتی کڕینی ئەم جۆرە ئامێرانە، سەیری هەڵسەنگاندنی سەرفکردنی کارەباکەی بکەی. بە هەمان شێوە دڵنیابوونەوە لە بەربەستی هاتنە ژوورەوەی گەرمی و ساردی لە کاتی دروستکردنی خانوو زۆر گرنگە، چونکە بەشێوەیەکی بەرچاو بەکارهێنانی گەرمکەرەوە و فێنکەرەوەکان کەم دەکاتەوە، ئەمەش نەک تەنها وزە پاشەکەوت دەکات، بەڵکو پارێزگاری لە کەشوهەوا دەکات.

7- پیسبوونی ڕووناکی: چۆن ڕووناکی دەستکرد ژینگەمان لێ تێکدەدات؟

پیسبوونی ژینگە تەنیا لە کوالیتی هەوادا سنووردار ناکرێت، بە هەمان ئەندازە پیسبوونی ڕووناکی لێکەوتەی ڕژدی لەسەر جیهانی سروشتی ئێمەش هەیە. زۆرێک لە جۆرە جیاوازەکانی مێروو بەو هۆکارە کاریگەرییان لەسەر دروست بووە. مێرووەکان ڕادەکێشرێن بۆ سنووری ڕووناکی دەستکرد چەند کاتژمێرێک بەدەوری خۆیاندا دەخولێنەوە تا دواجار بەهۆی ماندویەتییەوە دەمرن.

ئەم تێکچوونە دەتوانێت تەواوی سیستمی ژینگەییمان لە هاوسەنگی دەربهێنێت. ئەمەش بە تایبەتی بۆ کشتوکاڵ کێشەدارە، چونکە زۆرێک لە مێرووەکان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە گواستنەوەی پیتاندنی ڕووەک و گوڵ. بەبێ ئەوان، بەرهەمی میوە، سەوزە و ڕووەکە گرنگەکانی تر بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبوونەوە. داڕووخانی ژیانی مێرووەکان تەنیا کێشەیەکی ئیکۆلۆژی نییە، بەڵکو مەترسی جدیشە بۆسەر ئاسایشی خۆراکی جیهانی.

هەرەوەها ئاژەڵەکانی دیکەش بەهۆی بەرکەوتنیان بە ڕووناکی زۆر زیانیان پێدەگات. باڵندە کۆچەرییەکان هەستی ئاراستەکردنیان لەدەست دەدەن، چونکە بە بەکارهێنانی سەرچاوە سروشتییەکانی ڕووناکی وەک مانگ و ئەستێرەکان ڕێگاکانیان دەدۆزنەوە.

شەمشەمە کوێرەکان لە ناوچە ڕووناکەکان دووردەکەونەوە، لەگەڵ ئەوەی ڕەنگە ئەو ناوچانە بۆ شەمشەمە کوێرەکان سەرچاوەی خۆراکی زۆری تێدا بێت. تەنانەت ڕووەکەکانیش لە ڕووناکی دەستکردی بەردەوام زیانیان پێ دەگات، ئەمەش سووڕی گەشەی سروشتییان تێکدەدات و کاریگەری نەرێنی لەسەر گوڵکردن و پشکووتن دروست دەکات.

چارەسەرێکی بەڵێندەرانە لە سیستمی ڕووناکی زیرەکدا هەیە، ئەو کاتەی پێویستتە دادەگیرسێت.  بۆ نموونە گڵۆپ و ئامێر هەیە لەڕێگەی هەستەوەری جووڵە یان کۆنترۆڵەوە دادەگیرسێت و دەکوژێتەوە. ئەم تەکنەلۆژیایانە نەک هەر یارمەتی پاراستنی وزە دەدەن، بەڵکوو بە شێوەیەکی بەرچاو ئاژەڵ و ڕووەکەکان لە بەرکەوتنی ڕووناکی بەرز لە شەوان کەم دەکەنەوە. بەم شێوەیە دەتوانین ئاسایش و پاراستنی ژینگە لە ڕێگایەکی واتاداردا تێکەڵ بکەین بە شێوەیەکی بەردەوام.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: