وەزیری تەندروستی: تاوەکو ڕێژەی 20% لە نرخی دەرمان کەمکراوەتەوە

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

وەزیری تەندروستی دووپاتی دەکاتەوە، دەرمان قاچاغ لە هەرێمی کوردستان نەماوە و نرخەکەی بە ڕێژەی 17٪ بۆ 20٪ کەمکراوەتەوە.

چیرۆکی سەرەکی: لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بایەخی تایبەت بە کەرتی تەندروستی داوە، لە دەرەنجامدا پیشکەوتنی گەورە لە کەرتی تەندروستی بەدیهاتووە، ژێرخان و دەرمان و خزمەتگوزاریی تەندروستیی وەرچەرخانی گەورەی بەخۆیەوە دیوە.

لێدوانی فەرمی: د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە ئاڤا میدیای گوت: لە بودجەی عێراق بەشی هەرێمی کوردستان بۆ ژێرخان و ئامێر و بەکارخستن و جێبەجێ کردنی پرۆژەی کەرتی تەندروستیی نانێردرێت، ئەوەی دەنێردرێت تەنیا بڕێکی دیاری کراوی دەرمانە، کە بەشێکی کەمی پێداویستی پڕدەکاتەوە.

- بەپێی ڕاپۆرتەکانی ناوخۆ و دەرەوە زۆربەی دەرەنجامەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن هەرێمی کوردستان لەناو کۆنترۆڵی نەخۆشیە گوازراوەکانە و ڕێژەکان لە خوار ستانداردی جیهانین، ڕێژەی توشبوونی زۆرێک لە نەخۆشییە گوازراوەکان بووەتە سفر.


- ڕێژەی تەمەن لە هەرێمی کوردستان لە نێوان 58 بۆ 62 ساڵ بەرزبووەتەوە بۆ 75 ساڵ، لە کاتێکدا ڕێژەی ستانداردی جیهانی 72 ساڵە.

وەزیری تەندروستی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەمانەشی گوت: 

- بەشێوەی 24 کاتژمێری دەوام و چارەسەری و نەشتەرگەری لە سەنتەرەکانی دڵ دەکرێت.

-  زۆرێک لە چارەخوازانی خواروو و ناوەراستی عێراق و نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان چارەسەری و خزمەتگوزاریی تەندروستییان بۆ دەکرێت.

- ژمارەیەک پرۆژەی ستراتیژییمان جێبەجێ کردووە و ژمارەیەک لە نەخۆشخانە و سەنتەری چارەسەرکردن دروست کراون.

- بەشێک لە باڵەخانەکانی نەخۆشخانەکان و سەنتەرەکان پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە هەیە و لە هەر شارێک پێویستتمان بە شارێکی پزیشکی هەیە.

- ئێستا جگە لە یەک دوو کەیس نەبێت، پێویست ناکات نەخۆش بۆ چارەسەری ببرێتە دەرەوەی وڵات.

- چاودێری بەردەوام و وردی نەخۆشخانە تایبەتەکان دەکرێت و لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانن.

- مەرج و ڕێنمایی بۆ نەخۆشخانە تایبەتەکان دەرچوون و مۆڵەتی کرکردنی سەرجەم کارمەندانی ئەو نەخۆشخانانە و جۆری کارەکانیان و تاقیگە و دەرمانەکانیان و ئامیرەکانیان تۆمار تۆمار کراون.

- سەرجەم چارەسەری شێرپەنجە تەنیا لە نەخۆشخانە حکومییەکان دەکرێت.

- تێکڕای تێچووی چارەسەری هەر نەخۆشێکی شێرپەنجە لە دەستنیشان کردن تا دەگاتە سەقامگیری تەندروستی 180 هەزار تا 200 هەزار دۆلارە.

- 120 دەرمانی چارەسەری شێرپەنجە هەن و هەموویان لە نەخۆشخانە حکومییەکان دابین دەکرێت.

- لە شارەکان سەنتەری شوشتنی گورچیلە هەیە و لە هەموو قەزاکانیش ئامێری شوشتنی گورچیلە هەیە.

-پێشتر 60٪ بۆ 70٪ی دەرمان قاچاغ بوو، بەڵام ئێستا هیچ دەرمانێکی قاچاغ لە هەرێمی کوردستان نییە.

- 20 لەو کارگەی جیهان کە پێشتر دەرمانیان بۆ هەرێمی کوردستان دەهێنا ئێستا ڕێگەیان پێنادرێت.
 

- نرخی دەرمان بە ڕێژەی 17٪ بۆ 20٪ کەمترە بەراورد بە پێشوو، ئەمەش وایکردووە تەنیا لە ساڵی 2024 بڕی ئەو پارەی لە داشکانی دەرمان کراوە 239 ملیار دینار بووە، جارێکی دیکەش پێداچوونەوە بە نرخی دەرمان دەکەین.

-هیچ نەشتەرگەرییەکی لە حکومی نەبووەتە تایبەت، نەشتەرگەری نیمچە تایبەت لە دوای دەوامی دەکرێت بە نرخێکی زۆر کەمتر، ئەمەش بووەتە هۆی دابەزاندنی نرخی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە تایبەتەکان.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ