پەیوەندییەکانی واشنتن و بەغدا؛ تاقیکردنەوەیەکی سەخت بۆ سوودانی و گەڕان بەدوای جێگرەوەدا
- ڕاپۆرت
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عێراق
ئاڤا نیوز
پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق لەبەردەم قۆناغێکی چارەنووسسازدان، بەتایبەت لەدوای هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق. "ئەنجومەنی ئەتڵەنتی"ی ئەمریکی هۆشداری دەدات کە زیادبوونی فشارەکانی ئەمریکا لەسەر حەشدی شەعبی دەتوانێت پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات ئاڵۆزتر بکات و کاریگەری نەرێنی لەسەر لایەنە ئەمنیی و سیاسی و ئابوورییەکان هەبێت.
وێنە گەورەکە: واشنتن، بەتایبەت لە دوای ڕووداوەکانی 7ـی تشرینی یەکەم، هەوڵ دەدات فشارەکانی لەسەر گرووپە نزیکەکانی ئێران لە عێراقدا چڕ بکاتەوە. دوایین فشاریش لە 21ـی ئەم مانگە بوو کاتێک وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندی بە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد.
ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت: چاوەڕوان دەکرێت ئەمە تاقیکردنەوەیەکی جددی بێت بۆ حکومەتی داهاتووی عێراق و ئەگەری هەیە ئەمریکا پشتگیری لە کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بکات کە پەیوەندی بە حەشدی شەعبییەوە نەبێت. ئەم بارودۆخە، ئەگەر نەگۆڕێت، ڕەنگە بۆ ماوەی ساڵێک یان دوو ساڵی داهاتوو ببێتە هۆی پشێوی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا.
سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پەیوەندییەکان: واشنتن و بەغدا لەبەردەم هەڵبژاردنێکی قورسدا
نزیکەی دوو دەیە دوای داگیرکردنی عێراق، ئەمریکا هەوڵێکی جددی دەدات بۆ پێناسەکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا. بەپێی ڕاپۆرتێکی "ئەنجوومەنی ئەتڵەنتی"ی ئەمریکی، فشارە زیادەکانی واشنتن لەسەر پرسی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران، مەترسی گەورە لەسەر داهاتووی پەیوەندییەکان دروست دەکات. ئەم ڕەوشە، بەتایبەت لەدوای هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق، تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە دەبێت بۆ سەرۆکوەزیرانی ئێستا، محەممەد شیاع سوودانی و بگرە بۆ داهاتووی سیاسی عێراق.
داخوازییەکانی واشنتن: "چەکداماڵینی میلیشیاکان"
یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ئەم ئاڵۆزییە، داواکارییە ڕوون و بێ پەرێزەکەی ئەمریکایە بۆ "چەکداماڵینی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران". ئەم دەستەواژەیە بۆ یەکەمجارە بەفەرمی لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مارکۆ ڕوبیۆ، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سوودانی بەکاردەهێنرێت. واشنتن پێیوایە ئەم گرووپانە سەروەریی عێراق تێکدەدەن. لە بەرامبەردا، حکومەتی عێراق لە ڕاگەیاندنەکەیدا بۆ ئەم پەیوەندییە، خۆی لە بەکارهێنانی وشەی "گرووپە چەکدارییەکان" پاراستووە و تیشکی خستووەتە سەر پێویستی "پەیوەندی و ڕاوێژی پێشوەختە" لەبارەی هەر گۆڕانکارییەکەوە، ئەمەش وەک ناڕەزایەتییەکی ناڕاستەوخۆ بەرامبەر بە هەنگاوە یەک لایەنەکانی ئەمریکا.
هەنگاوەکانی ئەمریکا دژی حەشدی شەعبی
لە چەند مانگی ڕابردوودا، ئەمریکا چەند هەنگاوێکی کردەیی دژی حەشدی شەعبی و گرووپە نزیکەکانی ئێران گرتووەتەبەر:
• لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوو، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا چوار گرووپی چەکداریی وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی بیانی ناساند، کە ئەوانیش: بزووتنەوەی نوجەبا، کەتیبەکانی سەید شوھەدا، بزووتنەوەی ئەنسارولڵای ئەوفیا و کەتیبەکانی ئیمام عەلی.
• لە 9ی تشرینی یەکەم، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای خستە سەر کۆمپانیای ئەندازیاریی گشتی کە پەیوەندی بە حەشدی شەعبییەوە هەیە، بەهۆی گواستنەوەی پارە لە گرێبەستەکانی حکومەتی عێراقەوە بۆ حەشدی شەعبی و سپیکردنەوەی پارە بۆ ئێران.
•واشنتن بەشێوەیەکی چڕوپڕ هەوڵی داوە حکومەتی عێراق نەتوانێت یاسایەکی نوێ بۆ حەشدی شەعبی تێپەڕێنێت، بە پاساوی ئەوەی کە ئەم یاسایە "کاریگەریی ئێران و گرووپە تیرۆریستییە چەکدارییەکان کە سەروەریی عێراق تێکدەدەن، فەرمی دەکات."
کاریگەرییە ئەمنیی و سیاسییەکان
زیادبوونی ئەم فشارانە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هاوکاریی ئەمنیی نێوان ئەمریکا و عێراق دەبێت. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم دۆخە دەتوانێت هاوکارییە ئەمنییەکان لاواز بکات، سنووردارێتی تووندتر بخاتە سەر ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری و کاریگەری لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی ڕاهێنان و ڕاوێژکاریی ئەمریکا دروست بکات، بەتایبەت لەو ئەرکانەی کە یەکەکانی حەشدی شەعبی تێیدا بەشدارن.
لە ساڵی 2017، دەرکەوت کە یەکەکانی حەشدی شەعبی تانکی "ئەبرامز"ی ئەمریکیان بەکارهێناوە لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی هێزەکانی پێشمەرگە، کە ئەمەش مشتومڕێکی گەورەی لە کۆنگرێسی ئەمریکادا دروست کرد. فراوانبوونی ڕۆڵی حەشدی شەعبی دەتوانێت ئارەزووی واشنتن بۆ پاراستنی عێراق لە هێرشە دەرەکییەکان (وەک لەلایەن ئیسرائیلەوە) سنووردار بکات.
لەڕووی سیاسییەوە، ئەم هەڵمەتەی ئەمریکا کاریگەری گەورەی لەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراق و پێکهێنانی حکومەت لەدوای هەڵبژاردنەکان دەبێت. ڕاپۆرتەکە پێشبینی دەکات کە واشنتن هەوڵ بدات دژی بەدەستهێنانی ڕۆڵی دیاریان بەشداریی کردنی گرووپە نزیکەکانی ئێران لە حکومەتی داهاتوودا بێت.
گەڕان بەدوای جێگرەوە و داهاتووی ئابووری
یەکێک لە ئەنجامە ئەگەرەکانی ئەم فشارانە، پشتیوانیکردنی ئەمریکایە لە سەرۆکوەزیرانێک کە پەیوەندی بە گرووپەکانی حەشدی شەعبییەوە نەبێت. هەروەها، بەهۆی ڕۆڵی فراوانی حەشدی شەعبی لە ئابووریی عێراقدا، هەنگاوەکانی ئەمریکا دژی ئەم گرووپانە دەتوانێت کاریگەری لەسەر کەرتی ئابووری عێراقیش هەبێت، بەتایبەت لە ڕێگەی سزاکانی سەر سێکتەرەکانی بانکی، نەوت و هێڵە ئاسمانییەکان.
پرسیارە چارەنووسسازەکان
ڕاپۆرتەکە چەند پرسیارێکی چارەنووسساز دەخاتەڕوو: حکومەتی داهاتووی عێراق چۆن دەتوانێت نیگەرانییەکانی ئەمریکا چارەسەر بکات؟ ئایا واشنتن پاڵنەر دەبێت بۆ یەکخستنی گرووپەکانی حەشدی شەعبی لەناو هێزە ئەمنییەکاندا لەژێر کۆنترۆڵی فەرماندەی گشتی؟ یان هەوڵ دەدات حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوە (وەک ئەوەی ئێستا لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان ڕوودەدات)؟
دۆخی بێچارەیی یان بوارێک بۆ نەرمی نواندن
ڕاپۆرتەکە پێیوایە کە هەموو ئەم سیناریۆیانە لە نەبوونی گۆڕانکارییەکی گەورە لە هاوسەنگی هێزە هەرێمییەکاندا، وەک ڕووخانی یان لاوازبوونی زیاتری ڕژێمی ئێران، مەحاڵن. فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، لە مانگی ئابی ڕابردوو ڕایگەیاند: "هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی وەک خۆکوشتن دەبێت و پێشبینی ناکەم لەلایەن مەرجەعیەت یان دەوڵەتەوە بێت."
لە کۆتاییدا، ئەنجوومەنی ئەتڵەنتی هۆشداری دەدات کە ئەگەر واشنتن نەرمی لە پرسی حەشدی شەعبیدا نیشان نەدات، ئەوا ئەم بابەتە بەردەوام دەبێت لە لاوازکردن و تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق و لەوانەیە "ئاڵۆزی لە پەیوەندییە دوو لایەنەکاندا ببێتە تایبەتمەندیی ساڵێک یان دوو ساڵی داهاتوو."
دوایین هەواڵەکان
- فۆتۆستۆری
- 14 خولەک لەمەوپێش
کارکردن لە دووسایدی کەسنەزان - گۆمەسپان بەردەوامە
- کوردستان
- 23 خولەک لەمەوپێش
فەریق عەزیز وەیسی: بۆ ڕۆژی دەنگدان پلانێكی تۆكمەی ئەمنی دانراوە
- بزنس
- 40 خولەک لەمەوپێش
عێراق و کرواتیا گفتوگۆ لەبارەی نەوت و غاز دەکەن
- فۆتۆستۆری
- 46 خولەک لەمەوپێش
باخەکانی شارباژێر جارێکی دیکە هەنجیریان گرتووە
- کوردستان
- 51 خولەک لەمەوپێش
لە بانە کۆڵبەرێک کوژرا و دووانی دیکەش بریندار كران
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ

باخەکانی شارباژێر جارێکی دیکە هەنجیریان گرتووە
46 خولەک لەمەوپێش

پەکەکە هەنگاوێکی دیکە بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتیی دەنێت
58 خولەک لەمەوپێش

خواستێکی زۆر لەسەر سێوی بەرواری باڵا هەیە
2 کاتژمێر لەمەوپێش

ئەڵمانیا بیر لە گەڕاندنەوەی خزمەتی سەربازیی ناچاریی دەکاتەوە
3 کاتژمێر لەمەوپێش

بڵاوبوونەوەی بۆنی گۆگرد دانیشتووانی بەغدای هەراسان کردووە
4 کاتژمێر لەمەوپێش
- ڕاپۆرت
- 16 تشرینی یەکەم
چیرۆکی ونبوونی 8 ملیۆن دەنگدەر لە عێراق






