کارکردن لە پڕۆژەی ڕێڕەوی ژیان دەستیپێکرد

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

دوای کەمتر لە 16 کاتژمێر لە دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی "ڕێڕەوی ژیان"، کارکردن لە پڕۆژەکە دەستیپێکرد. بەگوتەی وەزیری شارەوانی، زیاتر لە 100 ئامێر کار لە پڕۆژەکە دەکەن.

چیرۆکی سەرەکی: دوێنێ چوارشەممە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بەردی بناغەی پڕۆژەی "ڕێڕەوی ژیان"ـی لە شاری هەولێر دانا، ئەو پرۆژەیە، شوێنی کۆبوونەوەی ئاو و ئاوەڕۆی چەند گەڕەکێک دەکات بە ناوچەیەکی جوان و گەشتیاریی و سەرنجڕاکێش.

لێدوانی فەرمی: ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە ئاڤا میدیای گوت: پەیامی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئەوەیە هەر فەرمانێکی دەرکرد ڕاستەوخۆ جێبەجێ دەکرێت، دوو هەفتە پێش ئێستا فەرمانی کرد، دیزاین بۆ ئەو پڕۆژەیە ئامادە بکرێت و دوێنێ بەردی بناغەی دانا، ئەمڕۆش کاتژمێر حەوتی بەیانی پڕۆژەکە کەوتە باری جێبەجێکردن.

"زیاتر لە 100 ئامێر کار لە پڕۆژەکە دەکەن و بڕیارماندا ژمارەی ئامێرەکان زیاتر بکەین، قۆناغی یەکەم خاوێنکردنەوەیە، ئەویش پێکهاتووە لە خاوێنکردنەوەی شوێنەکە لە زبڵ و خاشاک و لابردنی زێدەڕۆییەکان."

"قۆناغی دواتر بەپێی دیزاینەکە، ڕێڕەوی کەناڵەکە دیار دەکرێت، کە بنکەکەی 14 مەترە، لەسەرەوە 27 مەترە، پاشان ڕێڕەوی کەناڵە بە کۆنکرێت ڕووپۆش دەکرێت و بەشەکانی دیکەی جێبەجێ دەکرێت ئەوانیش بریتین لە دروستکردنی دیوار و پڕکردنەوەی بە خۆڵی خاوێن و دروست کردنی لاندسکەیپ."

زانیاریی زیاتر: بەگوتەی وەزیری شارەوانی، هەردوو لای ڕێڕەوەی کەناڵەکە جوانترین پارک و شوێنی حەوانەوە و کافتریا و شوێنی وەرزشکردن، ڕیڕەوی پایسکل، شوێنی ڕاکردن، دەیان بڕگەی دیکەی لەسەر دروستدەکرێت و شوێنەکە دەبێتە پارکێکی گەورە بۆ خزمەتی هاونیشتمانیان و گەشتیاران.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: پڕۆژەی "ڕێڕەوەی ژیان" كە لای دانیشتووانی شاری هەولێر بە كۆڕنیشی هەولێر ناسراوە، چەندین تایبەتمەندی گرنگی تێدایە و یەكێك لە پڕۆژە جوان و نایابەكانی شاری هەولێر دەبێت. دیزاینی گشتیی پڕۆژەكە زیاتر لە 25 كلیۆمەترە و لە ئێستادا كار لە بەشی یەكەمی دەكرێت و پاشان بەشەكانی دیكەی تەواو دەكرێت. بە تەواوبوونی پڕۆژەكە، شاری هەولێر هەنگاوێكی دیكە دەچێتە پێشەوە و ئەو سنوورەی شارەكە دەبووژێتەوە و بە تەواوبوونی هەلی كاری نوێ دەڕەخسێنێت و جوانییەكی زۆر بە ناوچەكە دەبەخشێت و ناوچەیەكی نوێی گەشتیاری لە شاری هەولێر دروست دەبێت.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ