ڕاگەیێنراوێک لە وەزارەتی داراییەوە لەبارەی دابەشکردنی مووچەوە

شەیری بکە لە:
ڕاگەیێنراوێک لە وەزارەتی داراییەوە لەبارەی دابەشکردنی مووچەوە

ئاڤا نیوز

ڕاگەیێنراوی فەرمی: سەبارەت بە پرسی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من کە ماوەی دوو ساڵە دەستی پێکردووە و لە قۆناغی کۆتاییدایە، دوای بڵاوکردنەوەی ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سەر بەوەزارەتمان لە هەفتەی ڕابردوو لێرە و لەوێ خوێندنەوەی نادروست و نابەرپرسیارانەی بۆ کراوە بە پێویستمان زانی ئەم ڕاستییانەی لای خوارەوە بخەینەڕوو.

1- لەئەنجامی ڕێکكەوتنی سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵ لە نێوان شاندی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و دکتۆر ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواچوون و ژمارەیەک بەرپرس و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵ بەسەرۆکایەتی بەڕێز دکتۆر فواد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری عێراق و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، وەزارەتی دارایی عێراق کۆتایی ساڵی 2025 ـی دیاری کرد بۆ ئەوەی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ببنە خاوەن هەژماری بانکی تایبەت بە خۆیان، بەپێچەوانەوە لە ساڵی نوێدا مووچەیان بۆ خەرج ناکرێت.

2- هاوکات بە پێی بڕیاری ژمارە 550ـی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق خاڵی سێیەمی بڕگەی سێیەم کە لە ڕۆژی ( 17ـی تەمووزی 2025 ) دەرچووە و تیایدا لیژنەی هاوبەشی پێکهاتووی لە نێوان حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانی پابەند کردووە کە لە ماوەی سێ مانگدا پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەواو بکەن، بەپێی سەرجەم ڕێکەوتن و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کۆتایی ئەمساڵ دوا مۆڵەتە بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی بۆسەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

لە هیچ وڵاتێکدا دوو جۆر شێوازی دابەشکردنی مووچە نییە، لەلایەک بەکاش و لەلایەک بەسیستەمی بانکی، لە ئێستاشدا لەهەرێمی کوردستان بەڕێکكەوتنی هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ مووچە بە سیستەمی دیجیتاڵی خەرج دەکرێت، واتە دابەشکردنی مووچە بەکاش نامێنێت.

بۆیە دووپاتی دەکەینەوە لەدوای سەری ساڵ مووچە تەنیا لە ڕێی پڕۆژەی (هەژماری من)ـەوە خەرج دەکرێت،  هەر کەسێک بەشدار نەبێت لە پڕۆژەی هەژماری من مووچە وەرناگرێت و خۆی بەرپرسیار دەبێت.



نوێ دەکرێتەوە ......

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ