سامان بەرزنجی بۆ ئاڤا: ئەمساڵ 87 تووشبووی نوێی ئایدز تۆماركراون

شەیری بکە لە:
سامان بەرزنجی بۆ ئاڤا: ئەمساڵ 87 تووشبووی نوێی ئایدز تۆماركراون

وێنەی ئاماژەیی پشکنین بۆ ڤایرۆسی HIV

ئاڤا نیوز

وەزیری تەندروستی کوردستان دەڵێت، لە دەرئەنجامی سەدان هەزار پشكنین بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی HIV، تەنیا 87 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ئایدز تۆماركراون كە 64 حاڵەتی بیانی و هاووڵاتیانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانن، ڕاشیگەیاند، ئێستا كۆی گشتی تووشبووانی ئایدز لە هەرێمی كوردستان 150 حاڵەتن.

وێنە گەورەكە: ڕۆژی یەكی كانوونی یەكەم، وەك ڕۆژی جیهانی نەخۆشی ئایدز دیاریكراوە، لە جیهاندا زیاتر لە 40 ملیۆن تووشبووی ڤایرۆسی كەمی بەرگریی لەش HIV هەن، ساڵانەش نزیكەی یەك ملیۆن كەس بەهۆی ڤایرۆسەكە دەمرن و بەتێكڕاش دوو ملیۆن تووشبووی نوێ تۆمار دەكرێن.

لێدوانی فەرمی: د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئاڤای ڕاگەیاند، لە هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی پڕۆگرامی كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكەدا، لە ماوەی یازدە مانگی ئەمساڵدا، تەنیا لە كەرتی گشتیی تەندروستی، زیاتر لە 609 هەزار تێستی پشكنینی تاقیگەیی خوێن بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی HIV ئەنجام دراون، تەنیا 87 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە تۆماركراون كە 64 لە تووشبووان كەسانی بیانی و هاووڵاتیانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانن و 23 حاڵەتیش، هاووڵاتی و دانیشتووی ناو هەرێمی كوردستانن، كاری پێویست بۆ چارەسەركردنیان و ڕێكارەكانی خۆپارێزی لە گواستنەوەی ڤایرۆسەكە كراون.

وەزیری تەندروستی ڕوونیشی كردەوە، ئەو سەدان هەزار پشكنینەی كە ئەمساڵ بۆ دیاریكردنی نەخۆشییەكە بەتایبەت بۆ كەسانی بیانی كراون پێش پێدانی مۆڵەتی نیشتەجێبوون، هاوكات لەكاتی بەخشینی خوێن و پشكنینی خوێنی پێش پرۆسەی هاوسەرگیری و كرێكارانی شوێنە گەشتیارییەكان و ڕاگیراوان و سزادراوانی نێو گرتووخانەكان و نەخۆشانی گورچیلەی درێژخایەن و سیل و هەوكردنی جگەر و تالاسیما و هەموو ئەوانەی نەشتەرگەرییان بۆ كراوە یاخود بەركەوتنیان لەگەڵ پرۆسەی پزیشكی هەبووە، بەهەمان شێوە پشكنینیان بۆ دەكرێت.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئایدز نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی درمە واتا لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە لەڕێگەی خوێن یاخود كرداری جووتبوون یاخود گواستنەوەی لە دایكەوە بۆ كۆرپەلە، یاخود هەر بەرکەوتەیەکی ڕاستەوخۆی خوێن و دەردراوەکانی دیکەی تووشبوو.

ئەگەری ئەوەش هەیە تا چەندین ساڵ نیشانەكان لە كەسی تووشبوو دەرنەكەون، ئەمەش مەترسیی گواستنەوەی ڤایرۆسەكە زیاتر دەكات، ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانیش وەك نەخۆشییەكی كوشندە پۆلێنی كردووە بەهۆی كاریگەرییەكانی لەسەر لاوازكردنی سیستەمی بەرگریی لەش.

خاڵی ئەرێنی: لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە وڵاتانی جیهان، کەمترین تووشبووی ئەم ڤایرۆسە تۆمارکراوە بە ھۆکاری سەرەکی پابەندبوون بە بەھا کۆمەڵایەتی و کولتووری و ئاینی و پتەوی بەرنامەکانی پەتازانی لە هەرێمی کوردستان.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ