دوو تۆمەتباری جینۆسایدی بارزانییەکان دادگایی دەکرێن

شەیری بکە لە:
دوو تۆمەتباری جینۆسایدی بارزانییەکان دادگایی دەکرێن

دیمەنی هێنانەوەی ڕووفاتی بارزانییەکان

ئاڤا نیوز

دوای 42 ساڵ، سبەی دوو تۆمەتباری جینۆسایدکردنی بارزانییەکان کە دانیان بە تاوانەکانیان ناوە لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق دادگایی دەکرێن، شەش دادخواز کە کەسوکاری جینۆسایدکراوەکانن ئامادە دەبن.

چیرۆکی سەرەکی: تیمی پارێزەرانی تاوانی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان تاوەکو ئێستا ناوی 61 تۆمەتباریان خستووەتە بەردەم دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق و سبەی دووانیان دادگایی دەرکرێن.

لێدوانی فەرمی: د. ئەیاد کاکەیی، پارێزەری کەیسی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان؛ بە ئاڤای گوت، "دوو تۆمەتبار دادگایی دەکرێن کە هەردووکیان پلەیان لیوا بووە لە (ئەمن)، بە ناوەکانی سەعدوون سەبری جەمیل و شاکر تەها غەفوور کە دەستیان هەبووە لە بێسەروشوێنکردن و جینۆسایدکردنی بارزانییەکان، لە بیابانەکانی ئەنبار، فەلوجە ناوچەی سەقلاویە بیابانی شەیحیا.

زانیاریی زیاتر: بەگوتەی پارێزەری کەیسەکە، یەکەمینجارە تۆمەتبارانی ئەو جینۆسایدە دادگایی دەکرێن، کە خۆیان دانیان بە تاوانەکە ناوە، شەش دادخواز کە کەسوکاری جینۆسایدکراوەکان لە دانیشتنی دادگا ئامادەدەبن و وتەیان لێوەردەگیرێت، دواتر دادگایی تۆمەتباران دەستپێدەکات.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەنفالکردنی بارزانییەکان لە 03-05-2011 لە دادگای باڵای تاوانی عێراق بە جینۆساید و تاوانی دژە مرۆڤایەتی ناسێنرا، چونکە لە ساڵانی 1975 و 1978 بەشێکی بارزانییەکان ڕاگوێزراون بۆ ناوچەکانی دیکە، کە ئەمە تاوانی دژە مرۆڤایەتی بوو بەپێی ماددەی 12 لە یاسای ژمارە 10ـی ساڵی 2005، هەروەها ساڵی 1983 هەشت هەزار بارزانی جینۆساید کران، بەپێی هەمان ماددە بە جینۆساید ناسراوە.

باکگراوند: ساڵی 1983 لە شەڕی هەشت ساڵەی  عێراق – ئێراندا، هەشت هەزار پیاوی بارزانی لەلایەن رژێمی بەعسەوە  جینۆسایدکران، بەشێكیان لە ئۆردوگا زۆرەملێكانی قوشتەپە و بەحركەی هەولێر دەستگیركران و لە بیابانەكانی عەرعەردا زیندە بەچاڵكران.

شەیری بکە لە: