توێژینەوەیەکی شۆکهێنەر: وردیلە پلاستیکیەکان پیاوان تووشی نەخۆشیی دڵ دەکەن

شەیری بکە لە:
توێژینەوەیەکی شۆکهێنەر: وردیلە پلاستیکیەکان پیاوان تووشی نەخۆشیی دڵ دەکەن

وردیلە پلاستیکیەکان، وێنە AFP

ئاڤا نیوز

توێژینەوەیەکی نوێ دەری دەخات، وردیلە پلاستیکیەکان دەتوانن لەناو خوێنبەرەکاندا بنیشن و مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاد بکەن بە تایبەتی لە پیاواندا.

چیرۆکی سەرەکی: وردیلە پلاستیکیەکان لە هەموو شوێنێک هەن، لە خۆراک، ئاو و تەنانەت هەواشدا. پێشتر زانراوە کە دەچنە ناو سووڕی خوێنەوە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە بەم شێوەیە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ نەخۆشیی دڵدا دەسەلمێنرێت.

لێدوانی فەرمی: دکتۆر چانگچێنگ ژۆو، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، دەڵێت، خۆپاراستنی تەواو لە وردیلە پلاستیکیەکان نزیکە لە ئەستەمەوە. بۆیە کەمکردنەوەی بەرکەوتن و پاراستنی تەندروستیی دڵ و خوێنبەرەکان لە ڕێگەی وەرزش و خۆراکی تەندروستەوە بە گرنگ دەزانێت، دەشڵێت، جیاوازییەکی سەرسوڕهێنەریش ئەوەیە کاریگەرییەکان زیاتر لەسەر ڕەگەزی نێر دەردەکەوێت، ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ دۆزینەوەی هۆکارە پارێزەرەکان لە جەستەی مێینەدا.

وردەکاریی توێژینەوەکە: توێژەران لە زانکۆی کالیفۆرنیا، تاقیکردنەوەیان لەسەر ئەو مشکانە کردووە کە لە ڕووی بۆماوەییەوە ئامادەیی تووشبوونیان بە ڕەقبوونی خوێنبەرەکان هەیە. بۆ توێژینەوەکە مشکەکان خراونەتە سەر بەرنامەیەکی خۆراکی کەم چەوری و کەم کۆلیسترۆڵ. بۆ ماوەی نۆ هەفتە، بڕێک وردیلە پلاستیکیان پێدراوە کە هاوتایە لەگەڵ ئەو بڕەی مرۆڤ لە ڕێگەی خۆراک و ئاوەوە وەریدەگرێت.

بۆچی گرنگە: ئەم توێژینەوەیە "بەهێزترین بەڵگەیە" بیسەلمێنێت وردیلە پلاستیکیەکان ڕاستەوخۆ دەبنە هۆی نەخۆشیی دڵ.

ئەنجامەکان چی دەڵێن: دەرکەوتووە لە مشکە نێرەکاندا کەڵەکەبوونی چەوری لە شاخوێنبەرەکاندا بە ڕێژەی %63 زیاد بووە. لە هەندێک خوێنبەری تردا، زیانەکە حەوت هێندە زیاتر بووە، بەڵام بۆ مشکە مێیەکان دۆخەکە جیاوازە و زیاتر کەڵەکەبوونی چەوری بەم جۆرە نەبووە، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، وردیلە پلاستیکیەکان زیان بەو خانانە دەگەیەنن کە ناوپۆشی خوێنبەرەکان پێکدەهێنن، ئەمەش دەبێتە هۆی هەوکردن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ