عێراق پێناسی نوێی گومرگی خستە بواری جێبەجێکردن

شەیری بکە لە:
عێراق پێناسی نوێی گومرگی خستە بواری جێبەجێکردن

دیمەنی چەند ئۆتۆمبێلێکی هاوردەکراو

ئاڤا نیوز

دەستەی گشتی گومرگی عێراق ئاشکرای دەکات، لە ئەمڕۆوە پێناسی نوێی گومرگی بۆ ئۆتۆمبێلە هایبریدەکان و چەند کاڵایەکی دیکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و کارکردن بە سیستەمی ڕاگەیاندنی پێشوەختەی گومرگی بۆ سەرجەم کاڵا و شمەکەکان دەستپێدەکات.

وێنە گەورەکە: حکومەتی عێراق چەند ساڵێکە دەیەوێت پشتبەستن بە داهاتی نەوت کەمبکاتەوە و لەبەرامبەردا داهاتی نانەوتی زیاد بکات، بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی هێنانی کاڵا لە دەرەوەی ڕێنماییەکان چڕکردووەتەوە و دەیەوێت هەموو دەروازەکانیش بە یەک سیستەمی ئەلیکترۆنی گومرگی کاڵاکان وەربگرن، واتە کۆکردنەوەی داهات بە ناوەندی دەکرێت.

لێدوانی فەرمی: سامر قاسم، بەڕێوەبەری گشتی دەستەی گومرگی عێراق ڕایگەیاند: لە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1-1-2026 ـەوە، کارکردن بە بڕیاری ژمارە 957ـی ساڵی 2025 دەست یپێدەکات و گرنگترین خاڵەکانی بڕیارەکەش بریتین لە:

٠ ڕەسمی گومرگی لەسەر ئۆتۆمبێلە "هایبریدەکان" زیاد دەکرێت، بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر نرخ و ڕەسمی جۆرەکانی دیکەی ئۆتۆمبێل هەبێت.

٠ ڕەسمی گومرگی بە ڕێژەی 5% دەخرێتە سەر بەهای زێڕ، هەروەها ڕەسمی هەندێک کاڵای دیکە زیاد دەکرێت بە مەرجێک کاریگەری لەسەر ماددە خۆراکییەکان و پێداویستییە سەرەکییەکانی هاووڵاتییان نەبێت.

زانیاریی زیاتر: سەبارەت بە سیستەمی باج، بەڕێوەبەری گشتی دەستەی گومرگی عێراق ئاشکرای کرد، لەمەودوا وەرگرتنی باج لە ڕێگەی سیستمی جیهانیی ئەسیکۆدا (ASYCUDA) دەبێت و ئەمانەتی باج لە کاتی گەیشتنی کاڵا بۆ مەرزەکان وەردەگیرێت و ڕاستەوخۆ دەخرێتە سەر هەژماری دەستەی گشتیی باج.

بەگوتەی سامر، گومرگی پێشوەخت بازرگانان پابەند دەکات بە ئاشکراکردنی ئەو کاڵایانەی هاوردەی دەکەن، پێش ئەوەی پارەکەی ڕەوانەی دەرەوە بکرێت، "بەمەش زانیاریی گومرگی پێشوەختیان دەبێت و بەهۆیەوە بەهای کاڵاکان دەزانن، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی زیادبوونی داهاتی گومرگی، چونکە هەر دۆلارێک کە دەچێتە دەرەوە لە بەرامبەردا کاڵایەک لەڕێگەی دەروازەکانەوە دێتە وڵاتەوە."

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ