بەڕێوەبەری کارەبای سۆران: دۆخی کارەبا ئاسایی بووەتەوە

شەیری بکە لە:
بەڕێوەبەری کارەبای سۆران: دۆخی کارەبا ئاسایی بووەتەوە

دیمەنی ئاماژەیی بۆ کارەبای سۆران

ئاڤا نیوز

ماوەی هەفتەیەکە بەهۆی کوژانەوە لە کۆمپرێسەرەکانی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر، ئاستی گوشاری غاز کەم دەکات و گرفت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا دروست دەبێت. ئەمڕۆ بەهۆکاری هەمان گرفت کارەبای چەند ناوچەیەک کوژرایەوە بەدیاریکراوی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی ئاڤا، ئێستا دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە.

لێدوانی فەرمی: ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کارەبای سۆران بە ئاڤای ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لە کاتژمێر حەوتی ئێوارەوە، بەهۆی کوژانەوەی کۆمپرێسەرێک لە بەرهەمهێنانی غازی کۆرمۆر، کێشەی دابەشکردنی کارەبا بۆ هەموو ناوچەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دروستبوو، بەمەش کارەبای چەند ناوچەیەکی سۆران کوژرایەوە، بەڵام بە زوویی گرفتەکە چارەسەر کرا و ئێستا تەنیا کارەبای چەند گوندێک ماوە ئەوانیش تا چەند کاتژمێری داهاتوو کێشەکەیان چارەسەر دەکرێت.

لەبارەی پچڕانی کارەبا بەهۆی بەفر و بارانەوە، ئەردەوان ئیبراهیم دەڵێت: کێشە بۆ چەند گوندێک دروست بوو، بەڵام بەزوویی چارەسەر کرا، تەنیا گوندی کانی بۆت نەبێ لە مێرگەسۆر بەهۆی سەختی شوێنەکە تیمەکانمان نەیانتوانی بگەنە شوێنەکە و گرفتەکە چارەسەر بکەن.

لەلایەکی دیکەوە: سەرچاوەیەک لە وێستگەی کارەبای غازی هەولێر بە ئاڤای ڕاگەیاند، ماوەی هەفتەیەکە بەشێوەی پچڕ پچڕ گوشاری غاز کەم دەکات، بۆ نمونە کاتێک کۆمپرێسەرێک لە کێڵگەی کۆرمۆر دەکوژێتەوە، بەرهەمهێنانی کارەبای هەر وێستگەیەک 25 مێگاوات کەم دەکات و ئەمەش کاریگەری لەسەر پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا دروست دەکات.

ئاڤا زانیویەتی، ئەم گرفتە کاریگەری زیاتری بۆ ئەو ناوچانە هەبووە کە کارەبایان نەبووەتە 24 کاتژمێری، واتا سەنتەری شارە گەورەکان کەمتر کاریگەریان لەسەر دروست بووە. 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ