وتەبێژی ئاڕتی بانک باوترین گرفتەكانی ئامێرەكانی ڕاكێشانی پارە بۆ ئاڤا ئاشكرا دەكات

شەیری بکە لە:
وتەبێژی ئاڕتی بانک باوترین گرفتەكانی ئامێرەكانی ڕاكێشانی پارە بۆ ئاڤا ئاشكرا دەكات

دیمەنی مووچەخۆرێک لەکاتی ڕاکێشانی مووچەکەی. وێنە؛ محەممەد شوانی

ئاڤا نیوز

وتەبێژی ئاڕتی بانک باوترین گرفتەكانی ATM ـەكان بۆ ئاڤا دەخاتەڕوو، داواش لە بانكە بەشداربووەكانی پرۆژەی هەژماری من دەكات، لەڕێگەی تیمە تەكنیكییەكانیانەوە بەشێوەیەكی بەردەوام پشكنین بۆ ئامێرەكانی ڕاكێشانی پارە بكەن.

لێدوانی فەرمی: ئیلیان سەڵاحەددین، وتەبێژی ئاڕ تی بانک بە ئاڤای ڕاگەیاند، بەهۆی ئەوەی دابەشكردنی مووچەی مانگی 10، هاوكات بوو لەگەڵ پشووەكانی سەری ساڵ، زۆربەی بانكەكانی دیكە، بڕی پارەی كاشی پێویستیان نەخستبووە نێو ئامێرەكانی ڕاکێشانی پارە، بەڵام تیمەكانی ئێمە لە ڕۆژانی پشوودا تەنانەت لە ناوچە زۆر ساردەكانیش، بەردەوامبوون لە پڕكردنەوەی ئامێرەكان لە پارەی كاش.

ئیلیان ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی ئەوەی ATM ـی بانكەكانی دیكە بەتاڵ بوون، ئەم مانگە نزیكەی 40 هەزار مووچەخۆر كە كارتی بانكییان لەسەر بانكەكانی دیكەیە، لەڕێگەی ئامێرەكانی ئاڕتی بانكەوە مووچەكانیان وەرگرت.

گرفتەکان: وتەبێژی ئاڕتی بانک ڕوونیشی كردەوە، گیربوونی كارتی بانكی بەهۆی ئەوەی بەكارهێنەر كارتەكەی خستووەتە نێو ئەی تی ئێمی بانكێكی تر، هەڵەكردن لە پێدانی زانیاریی پێویست بۆ ناسینەوەی خاوەنی كارتەكە، كێشەی تەكنیكی پچڕانی ئینتەرنێت یاخود خاوبوونەوەی هێڵەكانی ئینتەرنێت بەتایبەت لە ناوچە دوورەدەستەكان، پچڕانی كارەبا لەسەر ئامێرەكە لە ساتەوەختی ڕاكێشانی پارە، دروستبوونی كێشەی تەكنیكی لە یەكێک لە كاسێتەكانی ئەی تی ئێم، لە دیارترین گرفتەكانی ئامێرەكانی ڕاكێشانی پارەن، كە پێویستە هەر بانكێكی بەشدار لە پرۆژەی هەژماری من، لە ماوەیەكی نزیكدا ئەو گرفتانە چارەسەر بكەن، بۆ ئەوەی بەكارهێنەر بەئاسانی پارەكەی ڕابكێشێت.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: وتەبێژی ئاڕتی بانک هۆشداری بە مووچەخۆران دەدات، زانیاری لەبارەی كارتە بانكییەكانیان بە هیچ كەس و لایەنێک نەدەن كە بەناوی خودی بانكە بەشداربووەكانی هەژماری من لەڕێگەی كورتەنامە و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە داوای زانیاری دەكەن، بەو پێیەی هیچ كام لە بانكەكان داوای زانیاری و ژمارەی نهێنیی كارتی بانكی لە خاوەنی كارتەكە ناكەن، وە لە زووترین كاتدا بانكی خۆیان لە فێڵی ئەو جۆرە كەسانە ئاگادار بكەنەوە بۆ ئەوەی پارە لە هەژمارەكانیان ڕانەكێشرێت. 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ