کارگەکانی سنووری عەربەت پابەندی مەرج و پێوەرە ژینگەییەکان نین

شەیری بکە لە:
کارگەکانی سنووری عەربەت پابەندی مەرج و پێوەرە ژینگەییەکان نین

دیمەنێکی قەزای عەربەت

ئاڤا نیوز

ماوەیەکە لە سنووری ناحیەی عەربەت و چەند گوندێکی سنووری قەزای شارەزوور، بۆنێکی ناخۆش بڵاوبووەتەوە کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەردانی دووکەڵی سپی لە ناوچەی پیشەسازیی سنووری ناحیەی عەربەت؛ ئەمەش زیانی ژینگەیی بە سنوورەکە گەیاندووە و دانیشتووانەکەی هەراسان کردووە.

زانیاریی تایبەت: دوای بەدواداچوونی ئاڤا دەرکەوت دووکەڵە سپییەکە لە کارگەکانی وێڵد ئەسید (World Acid)، کارگەی ڕیسایکلینی تایە و لاستیك، کۆمپانیاکانی زیلۆن و ئونکاسەن و کارگەی قیری داکسەوە دەردەچێت.

بەدواداچوونی ئاڤا: لە ماوەی ڕابردوودا فەرمانگەی داواکاریی گشتیی سلێمانی لە پێناو پاراستنی سروشت و سەلامەتیی هاونیشتمانییان و نەهێشتنی مەترسییە سەلمێنراوەکانی ئەو کارگە و کۆمپانیایانە، داوای گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بۆ لابردنی کاریگەرییە زیانبەخشەکانی کردووە، پاڵپشت بە ماددەی (41) لە یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2008 (یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە) و ڕێنمایی ژمارە 1ی ساڵی 2022. بۆ ئەم مەبەستەش دەستەی پاراستن و چاککردنەوەی ژینگەی هەرێمی کوردستانی لێ ئاگادار کردووەتەوە.

لێدوانی فەرمی: د. سەنعان عەبدوڵڵا، وتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنەوەی ژینگە تایبەت بە ئاڤا ڕایگەیاند، ئەو کارگانە پێویستە پابەندی مەرج و پێوەرە ژینگەییەکان بن بەپێی تۆبۆگرافیای ناوچەکە، هەروەها ڕەچاوی هەبوونی یەکەی چارەسەریی ئاو و پاشەڕۆ و فلتەری دووکەڵ بکەن، چونکە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر تەندروستیی هاووڵاتییان هەبێت. دووپاتیشی کردەوە لە ڕێگەی فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی بەدواداچوون بۆ ئەو گرفتە دەکرێت و هەوڵی چارەسەرکردنی دەدرێت.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: بەپێی یاسای پاراستن و چاککردنەوەی ژینگە ژمارە 8ی ساڵی 2008، هەر دامەزراوە و پڕۆژەیەک ببێتە سەرچاوەی پیسکردنی ژینگە و کاریگەریی زیانبەخشی هەبێت، پێویستە ئاگادار بکرێتەوە بە چارەسەرکردنی گرفتەکە؛ لە حاڵەتی ملنەدان بۆ داواکاریی لایەنی فەرمی، ئەوا پڕۆژەکە یاخود کارگەکە بە داخستن سزا دەدرێت و بە پێبژاردنیش سزا دەدرێت، تا ئەو کاتەی چارەسەری هۆکاری پیسبوونەکە دەکرێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ