بۆچی هەندێک کەس ناتوانن کێشی زیادەی لەش داببەزێنن؟

شەیری بکە لە:
بۆچی هەندێک کەس ناتوانن کێشی زیادەی لەش داببەزێنن؟

قەڵەوی مرۆڤێکی پێگەیشتوو، وێنە: BBC

ئاڤا نیوز
 
 
زانستی نوێ ڕەتی دەکاتەوە قەڵەوی تەنیا پەیوەندی بە خۆکۆنتڕۆڵکردن و ئیرادەیەکی پۆڵاینەوە هەبێت و دابەزاندنی کێشی زیادە زۆر لەوە ئاڵۆزترە کە مەزەندە دەکرێت. هۆکارەکان لە بۆهێڵەکان (جینەکان)ەوە دەست پێ دەکەن، تا دەگاتە هۆرمۆنەکان و ژینگەی دەورووبەر.
 
 
چیرۆکی سەرەکی: "کەم بخۆ و زیاتر بجووڵێ" بووەتە بنێشتە خۆشەی سەر زاری زۆر کەس، بەڵام خۆراکناس (بینی سورەش) کە 20 ساڵە کار لەگەڵ کەسانی قەڵەودا دەکات، دەڵێت، بابتەکە بەم جۆرە نییە، زۆر قەڵەو هەیە ورەی زۆر بەهێزە و جدییە، زانیاریی باشی هەیە و بەردەوام هەوڵ دەدات، بەڵام هەر قەڵەوە.
 
 
لێدوانی فەرمی: پڕۆفیسۆر سەدەف فاروقی، لە زانکۆی کەیمبریجی بەریتانی و پسپۆڕی کوێرەڕژێن، دەڵێت: "بۆهێڵەکان بەتایبەت بۆهێڵی MC4R زۆر کاریگەریی لەسەر کێشی لەش هەیە و نزیکەی یەک لەسەر پێنجی خەڵکی جیهان ئەم بۆهێڵەیان هەیە، ئەم جۆرە بۆهێڵانە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر هەستکردن بە برسێتی و تێربوون هەیە."
 
 
سەدەف فاروقی، دەشڵێت: "ئەگەر گۆڕانکارییەک لە بۆهێڵەکاندا ڕووبدات، مرۆڤ هەست بە برسێتی دەکات و دوای خواردنێکی زۆریش بە زەحمەت هەست بە تێربوون دەکات."
 
 
 
لەلایەکی دیکەوە: دکتۆر ئەندرێو جێنکینسن، نووسەری کتێبی 'بۆچی زۆر دەخۆین؟' ئاماژە بەوە دەدات، جەستەی هەر مرۆڤێک کێشی تایبەت بە خۆی هەیە و ئەو بە "کێشی دروست" ناوی دەبات و دەڵێت: "ئەگەر کێشتان لەم کێشە نموونەییە کەم بکاتەوە، جەستە وەک ئەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکات کە برسی بێت. هەست بە برسێتیی زیاتر دەکات، خواردنی زیاتری دەوێت و سووتاندنی وزە کەم دەکاتەوە. ئەمەش وادەکات دابەزاندنی کێش زۆر قورس بێت."
 
 
زانیاریی زیاتر: هۆڕمۆنی 'لێپتین' ڕۆڵی سەرەکی لەمەدا دەبینێت. بەڵام زۆر جار، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی هۆڕمۆنی 'ئینسۆلین'ەوە، کاریگەریی کەم دەبێتەوە و مێشک تێناگات کە چەند چەوری لە جەستەدا ماوە.

 
 
ئەوەی پێویستە بیزانیت: بەگوێرەی توێژینەوەکان، ئەگەر 40 ساڵ لەمەوبەر ژیابوواین، زۆرێک لە خەڵکی ئێستا قەڵەو نەدەبوون و وەک پڕۆفیسۆر کیس فرەین، نووسەری کتێبی "کالۆری کالۆرییە" دەڵێت: "ئەوەی گۆڕاوە ژینگەیە، نەک ئیرادەی خەڵک. ئێستا بازار پڕە لە خۆراکی کوالێتیی خراپ و ڕێکلامی زۆری بۆ دەکرێت. بۆیە قەڵەوی ئاوا تەشەنەی سەندووە."
 
 
ئەمەش بزانە: بو گوێرەی توێژینەوەکان، دابەزاندنی کێشی زیادەی لەش تەنها مەسەلەی ئیرادە نیە، بەڵکو پێویستی بە سیستەمێکی پاڵپشتی هەیە کە ڕەچاوی لایەنی بایۆلۆژی، دەروونی و ژینگەیی بکات.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ