ناوەڕۆکی یەکەم کۆبوونەوەی ئەمساڵی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان لەبارەی مووچە

شەیری بکە لە:
ناوەڕۆکی یەکەم کۆبوونەوەی ئەمساڵی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان لەبارەی مووچە

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان بەپێویستی دەزانێت، حکومەتی فیدراڵ هەردوو مووچەی مانگی 11 و 12ـی 2025 و مووچە خەرجنەکراوەکانی ساڵانی 2023 و 2024 خەرج بکات کە بێ هیچ بیانوو و هۆکارێکی یاسایی و دەستووریی نەیناردوون.

چیرۆكی سەرەكی: ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتيی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان یەکەمین کۆبوونەوەی ساڵی نوێی ئەنجامدا، چەند تەوەرێكی پەیوەست بە دۆخی دارایی و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی نوێدا تاوتوێ كران.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت: لە کۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لەبارەی پوختەی دۆخی دارایی ساڵی 2025 و بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی دارایی 2026 كرا، هاوكات کارکردن بۆ خەرجکردنی مووچە دواکەوتووەکان و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایيی حکومەتی فیدراڵەوە، تاوتوێ کرا.

مووچە نەدراوەكان
ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان، جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە حکومەتی فیدراڵ هەردوو مووچەی مانگی 11 و 12ـی 2025 و مووچە خەرجنەکراوەکانی ساڵانی 2023 و 2024 خەرج بکات کە بێ هیچ بیانوو و هۆکارێکی یاسایی و دەستووریی نەیناردوون، چونکە مووچە مافی یاسایی و شایستەی مووچەخۆرانی کوردستان و حکومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستان دەستبەرداریان نابێت، هەروەک دادگای باڵای فیدراڵیش جەختی لێ کردەوە پێویستە بابەتی مووچە تێکەڵی ناکۆکییەکان نەکرێت، بە تایبەتیش کە هەرێمی کوردستان سەرکەوتووانە، ڕێكکەوتنامەی سێقۆڵی هەناردەی نەوتی جێبەجێکردووە و ڕۆژانە بە تێکڕایی 220 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ کراوە و لە بازاڕی جیهانیی فرۆشراوە و داهاتەکەی بە کاش لە گەنجینەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، وەک داهاتی کۆتایی تۆمارکراوە، ئەمە سەرەڕای ناردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتە نانەوتیەکانی هەرێمی کوردستان و ڕەوانەکردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ، بەڵام سەڕەڕای هەموو ئەمانەش، وەزارەتی دارایی فیدراڵ، هیچ پارەیەکی لە تەرخانکراوەکانی کوردستان بۆ خەرجی بەکاربردن و وەبەرهێنان لە یاسای بودجەی عێراق خەرج نەکردووە، هەرچەندە تەرخانی داراییش هەبووە.

پشكی هەرێمی كوردستان لە یاسای نوێی بودجە:
ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە بۆ ساڵی دارایی داهاتوو، دەبێت لە یاسای بودجەی فیدراڵیی حكومەتی فیدراڵ، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەستنیشان بکرێت و وەزارەتی دارایی فيدراڵ پابەند بکرێت کە بەشە بودجەی کوردستان بنێرێت وەک هەرێمێکی دەستووریی و فیدراڵی کە بە پێی دوایین سەرژمێریی عێراق کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە ئەنجامدرا، ڕێژەی دانیشتووانی کوردستان زیاتر لە 14 % ـە و دەبێ بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بە پێی ئەو ڕێژەیە دەستنیشان بکرێت.

ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەی دانوستانی ڕاسپارد ، چوارچێوەی دەستووریی و یاسایی و دارایی بۆ ڕێکخستنەوەی بابەتی بوودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان پشت بە ماف و دەسەڵاتە دەستووریەکانی هەرێم ئامادە بکات و بکرێتە بنەمای گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ و لە ئێستاشەوە، لیژنەی دانوستان بە هەماهەنگی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران و وەزیرە کوردەکان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کاربکەن لە پێناو دابینکردنی شایستە داراییەکانی کوردستان و بە تایبەتیش مووچە و شایستەداراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم.

هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان:
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لەبارەی بەرەوپێشچوون و بەردەوامبوونی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی سێقۆڵی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا کە لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2025، بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ کراوە و ڕێککەوتنەکەش بەردەوامە و نوێش کراوەتەوە.

لەم ڕووەوە، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان، داتا و زانیاری پێویستی لەبارەی بڕی نەوتی هەناردەکراو و داهاتی بەدەستهاتووی فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

هەروەها هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و سامانە سرووشتییەکان و شاندی دانوستانکار ڕاسپێردران کە بەردەوام بن لە جێبەجێکردنی پابەندییەکان و هیچ بیانوو و پاساوێک بۆ حکومەتی فیدراڵی نەهێڵنەوە بۆ دواخستنی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ