سەرۆكوەزیران ئەو بەڵێنەی جێبەجێ كرد كە بە خورماڵییەكانی دابوو

شەیری بکە لە:
سەرۆكوەزیران ئەو بەڵێنەی جێبەجێ كرد كە بە خورماڵییەكانی دابوو

گرافیكی ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز


هەردوو دانیشتووانی شاری کفری و خورماڵ لە ماوەی ڕابردوو، ناڕەزایەتی و گلەییان لە خراپی دۆخی شارەکانیان هەبوو. دوای بەرزبوونەوەی دەنگیان، سەرۆکوەزیران بارزانی، بەڵێنی ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی دا، بۆیە چەندین بڕیاری خێرا بۆ شاری کفری دران و بۆ خورماڵیش بڕیاری بەقەزابوونی شارەکە درا.


چیرۆکەکە چۆن دەستی پێ کرد؟: ماوەیەک بوو خەڵکی خورماڵ مانیان دەگرت و کەمپەینێکیان ڕاگەیاندبوو بە ناوی 'کەمپەینی بەقەزاکردنی خورماڵ'، چونکە شارۆچکەی خورماڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە کە ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە 20 هەزار کەسە و 46 گوندی لەخۆ گرتووە، بەدەست خراپی دۆخی ڕێگەوبان و خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنێت.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: دوای چەندین مانگ بەردەوام بوون لەم کەمپەینە، بەڕێوەبەران و ئەندامانی کەمپەینەکە دەنگی خۆیان گەیاندە مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و پاشان لە تاونهۆڵی "گفتوگۆی نێوان سەرۆکوەزیران و خەڵک" کە لە هەولێری پایتەخت و بە بەشداریی بژاردەی سەرجەم چین و توێژەکان بەڕێوە چوو، چەندین کەس لە هەورامی و خورماڵییەکان دووبارە داوای بەقەزاکردنی خورماڵیان لە سەرۆکوەزیران کردەوە. 


سەرۆکوەزیران بڕیاری دا

ڕۆژی یەکشەممە، 30ی تەممووزی 2023، مەسرور بارزانی، بڕیاری بە قەزاکردنی ناحیەی خورماڵی، لە پارێزگای هەڵەبجە دا. سەرۆکوەزیران بارزانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد کە ڕێکارەکانی بەقەزاکردنی ناحیەی خورماڵ دەست پێ بکەن و ئەمەش خورماڵییەکانی زۆر دڵخۆش کرد.

دواتر وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند: "مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانی بە وەزارەتی ناوخۆ کردووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە، دەست بە ڕێکارە کارگێڕییەکان بکەن و ئامادەکارییەکان بۆ هێنانەکایەی قەزای خورماڵ تەواو بکەن."

هەر بۆیە لە ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی 31ی تەممووزی 2023 ـەوە، وەزارەتی ناوخۆ ڕێکارە کارگێڕییەکان و هەنگاوی کرداریی هێنانەکایەی قەزای خورماڵی دەست پێ کرد.


سەرۆکی هەرێم فەرمانی هەرێمی دەرکرد

ئەمڕۆش پێنجشەممە 2024/5/9 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فەرمانی هەرێمی بۆ بەقەزاکردنی خورماڵ واژۆ کرد.

نێچیرڤان بارزانی پاڵپشت بە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ژمارە (1)ی ساڵی 2005ی هەموارکراو و لەبەر ڕۆشناییی داواکاریی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە، بڕیاری دا بە هێنانەکایەی قەزای خورماڵ لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بە هەمان سنووری ئێستای ناحیەی خورماڵ.


دەبێتە هۆی باشتربوونی ڕەوشی ناوچەکە

ئەم بڕیارەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەمڕۆوە جێبەجێ دەکرێت و هەموو ڕێکارە ئیدارییەکان بۆ ئەم مەبەستە دەست پێ دەکەن. بەقەزاکردی خورماڵ دەبێتە هۆی باشتربوونی ڕەوشی ناوچەکە له ‌ڕووی خزمەتگوزاری و کارگێڕییەوە و خزمەتی زیاتر بە خەڵک و هاووڵاتییانی دەکات.


خەڵکی خورماڵ دڵخۆشن

دوای بیستنی هەواڵەکە، لە پەیجی کەمپینی 'بەقەزابوونی خورماڵ'، بڵاو کرایەوە: "وێڕای پیرۆزبایی لە خەڵکی خورماڵ، ڕۆژی شەممە بە کۆبونەوەیەکی جەماوەری خۆشحاڵی خۆمان بۆ بەقەزابوونی شارەکە ڕادەگەیێنن و کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیش دەبەستین".


"سوپاس بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران بارزانی "

ئەمین حاجی زەڵمی، وتەبێژی کەمپەینی 'بەقەزاکردنی خورماڵ' تایبەت بە ئاڤا نیوز خۆشحاڵی خۆی لەبارەی بەقەزابوونی ناحییەکەی دەربڕی و گوتی: خۆشی و شادی خۆمان دەردەبڕین و سوپاس و پێزانینی خۆمان بە سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیێنین کە داواکارییەکەیان بۆ جێبەجێ کردین و خورماڵیان کردە قەزا.


"لە نێو کۆڕی خەڵکی خورماڵ شیرینی بڵاو دەکەینەوە"

عادل کۆچەری ئەندامی کەمپەینی 'بەقەزاکردنی خورماڵ'ـیش دڵخۆشی خۆی بەم بڕیارە دەربڕی و گوتی: "ئیمە زۆر دڵخۆشین و بەم بۆنەوە ڕۆژی شەممە و لە نێو کۆڕی خەڵکی خورماڵ شیرینی بڵاو دەکەینەوە و بەم بۆنەشەوە سوپاسگوزاری خۆمان دەگەیێنینە بەڕێزان سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیران بارزانی کە هەر زوو بە دەنگ داواکارییەکانمانەوە هات و ئەوڕۆش فەرمانی هەرێمی بۆ دەرچوو".


خورماڵییەکان چییان دەوێت؟

خەڵکی خورماڵ هیوا دەخوازن بە بوونە قەزای خورماڵ، خزمەتگوزاریی نێو شار و گوندەکانیان زیاتر بێت و بوجەی تایبەتی بۆ قەزاکە دابین بکرێت تا بتوانرێت کەموکوڕییەکانی ئەم چەند ساڵەیان پڕ بکەنەوە.

 

 بەشێک لە داواکری خەڵکی خورماڵ ئەمانەی خوارەوەن:
ـ پڕۆژەی (دووسایدکردنی خورماڵ ـ گردیگۆ ـ تەپەتۆڵەکە)
ـ دروستکردنی دوو قوتابخانەی نێو سەنتەری شار کە لە ماستەرپلان شوێنیان بۆ دیاری کراوە و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە کۆنەکان
ـ دروستکردنی نەخۆشخانەی خورماڵ کە زەوی لە ماستەرپلانی شارەوانی بۆ دیاری کراوە .
ـ دروستکردنی باڵەخانە بۆ فەرمانگانەکانی (دادگە)، (بانک)، (بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار) و (قائیمقامیەت).
ـ کردنەوەی خاڵی سنووری مڵەخورد
ـ کردنەوەی سەنتەری هەورامانناسی
ـ نۆژەنکردنەوە و ڕووناک کردنەوەی یاریگەی یانەی وەرزشی خورماڵ

شەیری بکە لە: