نووسینگەی حەماس ناگوازرێتەوە بۆ بەغدا

شەیری بکە لە:
نووسینگەی حەماس ناگوازرێتەوە بۆ بەغدا

گرافیکی ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز  

 

سەرچاوەكانی حكومەتی عێراق و بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی ڕایانگەیاند، هیچ نیازێك نییە بۆ گواستنەوەی نووسینگەی سیاسیی حەماس بۆ بەغدا.


وێنە گەورەكە: ئیستا نووسینگەی سیاسیی حەماس لە قەتەرە، بەڵام قەتەر وەك گوشارێك بۆ سەر حەماس بۆ ڕازیبوون بە پڕۆژەكانی ئاگربەست هەڕەشەی دەركردنی حەماسی لەو وڵاتە كردووە. پێشتریش دەنگۆی گوێزانەوەی نووسینگەی حەماس بۆ توركیا هەبوو؛ هەروەها هەمان دەنگۆش بۆ عێراق هەبوو، بەڵام ئێستا ئەم دەنگۆیانە ڕەتكراونەتەوە.


درێژەی ڕاپۆرت...
لایەنگرانی ئێران پێشوازییان لە بیرۆكەی گوێزانەوەی نووسینگەی حەماس بۆ عێراق كردووە، بەڵام ئەمریكا لەم بارەوە هۆشداری بە وڵاتانی ناوچەكە داوە. هاوكات حەماس و حكومەتی عێراقی دەنگۆكەیان ڕەتكردووەتەوە.


سەرەداوی دەنگۆكان
بڵاوبوونەوەی دەنگۆكان پەیوەستن بە بڵاوبوونەوەی وێنە كۆبوونەوەكانی محەمەد حافی نوێنەری حەماس لەگەڵ گروپە چەكدارە عێراقییەكانی لایەنگری ئێران لە بەغدا، لە ناویشیاندا لەگەڵ ڕەشید عەزاوی سەرۆكی حزبی ئیسلامی عێراق. ئەمەش پرسیاری لێكەوتەوە كە ئایا حەماس لانیكەم نووسینگەی ڕاگەیاندنی لە بەغدا دامەزراندووە؟ گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس خۆی لە وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆ بەدوور گرت.


بۆ زە نیو ڕیجن دەدوێن
ویسام حەسەن، وتەبێژی بزووتنەوەی بزووتنەوەی حەماس بە زە نیو ڕیجنی ڕاگەیاندووە "ئێمە ئەو جۆرە هەواڵانە ڕەتدەكەینەوە، هیچ بڕیارێكی لەو شێوەیەمان نەداوە كە ڕوو لە بەغدا بكەین".

هاوكات، خالید یەعقوبی ڕاوێژكاری سیاسەتی ئەمنی سەرۆكوەزیرانی عێراق، هەمان شتی پشتڕاستكردەوە. ئەو بە ڕۆژنامەی "زە نیو ڕیجینی"ی ڕاگەیاندووە ئەو دەنگۆیە هیچ ڕاستییەكی تێدا نییە و هیچ بابەتێكی لەو جۆرە باس نەكراوە.
سەرچاوەیەكی دیكەی حكومەتی عێراق ئەوەی گوتووە: "تا ئێستا هیچ داواكارییەك بۆ گواستنەوەی نووسینگەی حەماس پێشكەش بە حكومەتی عێراق نەكراوە و هەموو ئەو زانیاریانەی كە لەم بارەیەوە هەبوو ناڕاستن".


هەڵوێستی ئەمریكا
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پێشتر هۆشداری دابوو؛ ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕاگەیاند: "من ڕاپۆرتەكانم بینی و نامەوێت قسە لەسەر ڕەوایی ئەوان بكەم، بەڵام ئێمە بۆ هەموو حكومەتێكی ناوچەكە ڕوونمان كردووەتەوە كە نابێت لە دوای هێرشە ترسناكەكانی حەوتی ئۆكتۆبەرەوە وەكو جاران بازرگانییان لەگەڵ حەماس هەبێت و ئەوەش هەموو كەسێك دەگرێتەوە".

لە وەڵامی پرسیارێكیشدا سەبارەت بەوەی كە ئایا ئەوە ئێرانیش دەگرێتەوە، چونكە بە گوێرەی ڕاپۆرتەكان ئێران ئاسایش بۆ گواستنەوەی حەماس بۆ بەغدا دابین دەكات، میلەر دووپاتیكردەوە: "هەموو كەسێك دەگرێتەوە". 


گرووپە چەكدارییەكان قسەیان هەیە
لە نێوان گرووپە لایەنگرەكانی ئێران كە كەتائیبی سەیدولشوهەدا سەر بە حەشدی شەعبی، ڕایگەیاندووە "هیچ هەواڵێكی پەیوەست بە هەنگاوی لەو شێوەیەیان پێ نەگەیشتووە. كازم فەرتووسی، وتەبێژیان، بە ڕۆژنامەی نیو ڕیجنی ڕاگەیاندووە، "ئێمە نەمانبیستووە كە گواستنەوەی لەو شێوەیە ڕووبدات، بەڵام ئەگەر بیانەوێت بێن، دەرگاكانمان كراوەن و هەمیشە كراوە دەبن بۆ ئەوەی هەر فەرمانگە و نوێنەرایەتییەكی سیاسی فەلەستین بێنە بەغدا."


وێنە گەورەكەی عێراقی ئەمڕۆ
لە دوای كوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای پاسداران و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن ئەمریكاوە لە ساڵی 2020، داواكارییەكانی دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق زیاتر بوون. بەڵام ئەمریكا لە سەر مانەوەی بەهێزی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كارتێكەرییەكانی ئێران بەردەوامە. لەم بارەیەوە تریسی جاكۆبسۆن، باڵیۆزی ئەمریكا دەستنیشانكراوی ئەمریكا لە عێراق، ڕایگەیاندووە "مەترسی سەرەكی لەسەر سەقامگیری و سەروەری عێراق میلیشیاكانی سەر بە ئێرانن. ئەم گرووپانە چەك و مەشق و پشتیوانی دیكە لە ئێرانەوە وەردەگرن و چەك و پارە نەختینەكانیان بۆ بەرەوپێشبردنی كاریگەریی ئێران بەسەر عێراقدا بەكاردەهێنن".

پاساوی عێراقییەكان بۆ دەكردنی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان ئەوەیە كە ئەو هێزانە بۆ تێكشكاندنی داعش و لە سەر داوای عێراق لە عێراقن، ئێستاش مەترسی داعش نەماوە و بەو هۆیەوە پێویست بە مانەوەی هێزی بیانی لەو وڵاتە ناكات.
بەڵام پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە، ئایا هێزە چەكدارەكانی عێراق لەو ئاستەدان كە بتوانن ڕێ لە سەرهەڵدانەوەی داعش بگرن، یان ئەگەر یاخیبوونێكی هاوشێوە ڕوویدا دەتوانن وڵاتەكە بپارێزن؟

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان