دوای چەکدانان خۆهەڵوەشاندنەوە؛ چارەنووسی ئۆجەلان و گەریلا و سەکردەکانی پەکەکە چی دەبێت؟
- ڕاپۆرت
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش

پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی
ئاڤا نیوز
کۆمەڵێک پرسیاری زۆر دەکرێن لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان 'پەکەکە' دەربارەی کاریگەرییان لەسەر پرسی کورد و مافە دەستوورییەکانی لە تورکیا، ئاڤا وردەکاریی قۆناغی داهاتوو؛ ئەرکەکانی پەکەکە و تورکیا دەخاتەڕوو.
چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ دووشەممە پارتی کرێکارانی کوردستان 'پەکەکە' ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی لە بەیاننامەیەکدا ئاشکراکرد، لە کۆنگرە پەیکەربەندی ڕێکخستنی پەکەکە هەڵوەشایەوە، کۆتایی بە خەباتی چەکداری و هەموو ئەو چالاکییانەی بەناوی پەکەکەوە دەکران هێنا.
وێنە گەورەکە: دوای بڕیاری خۆهەڵوەشاندەوە و چەکدانانی پەکەکە ئیتر تورکیا هیچ بیانوێکی بەدەستەوە نامێنێت بۆ دەستگیرکردن و لادانی پارێزگارە کوردەکان و دانانی قەیوم بە تۆمەتی پاڵپشتیکردنی پەکەکە و هێرشکردنە سەر کوردەکان و بۆردوومانکردنی ناوچەکانی سنووری هەرێمی کوردستان و تورکیا، هەروەها دەرگایەکی گەورەی سیاسی لە تورکیا بۆ پارتە کوردییەکان دەکرێتەوە کە دەتوانن سوودی لێ ببینن بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆیان لە پەرلەمانی تورکیا.
زانیاریی زیاتر: کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان، لە ڕۆژی 5 تاوەكوو 7ی ئەم مانگە لە دوو شوێنی جیاواز بە هاوتەریبی و بەشداریی 232 ئەندام دوازدەهەمین كۆنگرەی خۆی ئەنجام دا.
ڕاگەیێنراوی فەرمی: پەکەکە لەوبارەیەوە دەڵیت، داوا لە حکومەت و لایەنی سەرەکی ئۆپۆزیسۆن و لایەنەکانی ناو پەرلەمانی تورکیا دەکەین بچنە ناو پڕۆسەی ئاشتییەوە.
-هەر لە بەیاننامەکەی پەکەکە هاتووە، جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە قسەیان لەسەر دەکرێت، پێویستە بە داننانە بە مافە سیاسییەکان و گرێنتی یاسایی دروستی هەیە.
ئەوەی پێویستە بیزانیت: پەکەکە ماوەی 47 ساڵ لە خەباتی چەکداریی بەردەوام بوو لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، بەهۆی ئەمەوە زیاتر لە 40 هەزار کەس لەو نێوەندەدا کوژراون.
هەنگاوی قۆناغی داهاتوو چۆن دەبێت؟
- جگە لە پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە، پرسی ئاشتیی دەبرێتە پەرلەمان و لیژنەیەکی تایبەت بۆ دروست دەکرێت، هەر لەسەر داوای دەم پارتی پێداچوونەوە بە دۆسیەی زیندانی سیاسی، پرسی تیرۆر و زیندانیکراوی نەخۆش دەکرێت کە ئێستا زیاتر لە 7 هەزار کەس لە گرتووخانەکانی تورکیان و بەشێکیان ئازاد دەکرێن.
- پرسی گەڕانەوە سەرۆک شارەوانییەکانی دەم پارتی قسەی لەسەر دەکرێت کە پێشتر بە تۆمەتی جیا جیا قەیوم لە شوێنەکانیان دانرابوون.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان کەی ئازاد دەکرێت؟
-محەممەد کاماچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی بە ئاڤای ڕاگەیاند، پەکەکە باشترین کاری کرد کە خۆی هەڵوەشاندەوە، چەکدانانی پەکەکە تەنیا لە سوودی تورکیا نییە، بەڵکو پەیامێکی بە هەموو جیهان دا و وتی شتێک نەماوە بەناوی خەباتی چەکداری، لەم نزیکانەش عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازاد دەکرێت.
- میدیاکانی تورکیا لەمبارەوە باس لەوە دەکەن؛ ئۆجەلان دوای ئازادی نەکردووە و لە ئیمرالی دەمێنێتەوە، ژینگەی کاری گونجاوی بۆ دەستەبەر دەکرێت.
- ئاڤا زانیویەتی کە ئێستا ئۆجەلان چرکە بە چرکە ئاگاداریی بەرەو پیشچوونەکانە و سەردانی بۆلای ئاسانتر دەبێت و لەماوەیەی هەفتەیەکدا دوو تا سێ جار هاوڕێ و کەسە نزیکەکانی بچنەلای. ئەوەی زانراوە کە ئۆجەلان خواستی هاتنە دەرەوەی نییە لە ئیمرالی و بە پارێزراوترین شوێنی دەزانێت.
هێرشەکانی تورکیا تا کەی بەردەوام دەبن؟
- محەممەد کاماچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی باسی لەوەکردووە، تا پەکەکە چەکەکانی ڕادەست نەکات بەئامانجگرتنی لەلایەن تورکیاوە بەردەوام دەبێت.
- ئارمانج نێروەیی، شرۆڤەکاری سەربازی بە ئاڤای ڕاگەیاند، ئەم بۆردوومانانەی تورکیا کاتین و شتێکی ئاساییە و کاریگەری لەسەر پڕۆسەی ئاشتی نابێت، چونکە هێشتا ئەو شوێنانەی تورکیا لێیە وەکو ناوچەی ناوچەیەکی ئەمنی و سەربازی سەیر دەکرێت.
بەرپرسە باڵاکانی پەکەکە و گەریلاکان چارەنووسیان چی دەبێت؟
-ئارمانج نێروەیی، شرۆڤەکاری سەربازی بە ئاڤای گوتووە، سێ ڕێگەچارە پێشنیاز دەکرێت:-
یەکەم: ئەو چەکدارانەی بەشداریی شەڕیان نەکردووە دەتوانن بگەڕێنەوە ناو کەسوکاریان لە باکووری کوردستان و تورکیا
دووەم: ئەوانەی بەشدارییان لە شەڕ کردووە ماوەیەک لە کەمپ دەهێڵدرێنەوە و دەتوانن بچنە دەرەوەی وڵات.
سێیەم: تورکیا دەیەوێت سەرکردایەتیی پەکەکە لە ناوچەکە دوور ببن، چونکە لە ئەگەر سەرنەگرتنی پڕۆسەکە ئەو وڵاتە ترسی لە دووبارە دروستکردنەوەی ڕێکخستن هەیە.
- میدیاکانی تورکیا باس لەوە دەکەن: دەرگا بەڕووی ئەو کەسانە دەکرێتەوە کە بەشدارییان لە شەڕ نەکردووە، دەتوانن بە ڕوونکردنەوەی دۆخی یاسایی خۆیان دەرفەتیان پێبدرێت بگەڕینەوە تورکیا.
- سەرکردەکانی پەکەکە لە قەندیل یان عێراق دەمێننەوە، یاخود دەچنە وڵاتانی سێیەم کە ڕێککەوتنیان لەگەڵ کراوە.
-کەناڵی سیاسی بۆ ئەو کەسانە دەکرێتەوە کە خۆیان ڕادەستی دادگا دەکەن.
لەڕووی کردارییەوە پڕۆسەی چەکدانان چۆن دەبێت؟
- چاوەڕوان دەکرێت پڕۆسەکە لەژێر چاوەدێریی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام بدرێت و چەند مانگێک دەخایەنێت.
-کەناڵی سی ئێن ئێن تورک باسی شێواز و چەکدانانەکە کردووە کە بە سێ قۆناغ ئەنجام دەدرێت:-
هەنگاوی یەکەم؛ پێنج ناوچە دیاریکراون بۆ ئەوەی گەریلاکانی پەکەکە چەکی تێدا ڕادەست بکەن.
هەنگاوی دووەم؛ ڕانیە، سەیدسادق، ئامێدی، کانی ماسێ، کۆیە، وەکو ناوچەی چەکدانان دیاری کراون.
هەنگاوی سێیەم؛ پڕۆسەکە بە چاودێری و هەماهەنگی هەواڵگریی تورکیا و عێراق و سووریا ئەنجام دەدرێت.
سوودی چەکدانانی پەکەکە بۆ باشووری کوردستان چی دەبێت؟
یەکەم: دوای چەکدانانی پەکەکە، زیاتر لە 600 گوندی باشووری کوردستان ئاوەدان دەبنەوە.
دووەم: دەیان هەزار کەس دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و موڵکی خۆیان کە بەهۆی شەڕەوە چوڵیان کردبوو.
سێیەم: ئەو ناوچە گەشتیارییانەی کە تاوەکو ئێستا سوودیان لێوەر نەگیراوە ئاوەدان دەکرێنەوە.
چوارەم: هەرێمی کوردستان سەقامگیری زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و وەبەرهێنەری زیاتر ڕووی تێدەکەن.
پێنجەم: خەڵکی کوردستان چیتر نابنە قوربانی شەڕی نێوان تورکیا و چەکدارانی پەکەکە.
سیاسەت و پلانی تورکیا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد چییە؟
- پەکەکە کاری خۆی کردووە و هەنگاوی داهاتوو دەکەوێتە سەرشانی دەوڵەتی تورکیا
- تاوەکو ئێستا تورکیا هیچ هەنگاوێکی کرداریی نەناوە و تەنها چاوەدێری دۆخەکە دەکات.
- ئۆجەلان و دەمپارتی مەرجی پێشوەختەیان نەبووە بۆ چەکدانان، ئێستا چاوەڕوانی تورکیا دەکرێت کە مافی کورد لە تورکیا و باکووری کوردستان دەستەبەر بکات.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

ئاڤا دیجیتاڵ
Editor
دوایین هەواڵەکان
- هەواڵ
- 41 خولەک لەمەوپێش
دوو حیزب لە هاوپەیمانێتیی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەكان كشانەوە
- ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
دۆناڵد ترەمپ دەگاتە سعودییە
- کوردستان
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
فایلی خەڵک؛ ماوەی 10 ساڵە ئاوەڕۆی گەڕەکێکی دیانا تێکچووە
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
سعودییە پڕۆژەیەکی گەورەی وەبەرهێنان لە ژیری دەستکرد ڕادەگەیێنێت
5 کاتژمێر لەمەوپێش
حکومەتی تاڵیبان یاریی شەترەنج قەدەغە دەکات
11 ئایار
حەوت لایەنی سیاسی لە کوردستان بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن
10 ئایار
ڕاگواستنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سلێمانی دەستیپێکرد
10 ئایار
لەنێوان ئیتاڵیا و یۆنان 43 کۆچبەری کورد ڕزگارکران
10 ئایار