ئەمریکا سزاکانی سەر سووریای هەڵگرت و سزای نوێی بەسەر ئەسەد سەپاند
- ڕاپۆرت
- 6 کاتژمێر لەمەوپێش

دیمەنێک لە کۆبوونەوەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای سعوودیە (ئەرشێڤ)
ئاڤا نیوز
بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریای ڕاگەیاند، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ پشتیوانیکردن لە گەلی سووریا و حکومەتە نوێیەکەیان لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەیاندا.
وێنە گەورەکە: بڕیارەکە لەسەر بنەمای فەرمانێکی جێبەجێکاریی سەرۆک ترەمپ دەرچووە کە کۆتایی بە پاکێجی سزاکانی سەر سووریا دەهێنێت، بەڵام لەهەمان کاتدا سزاکانی سەر بەشار ئەسەد و هاوکارە نزیکەکانی و کارەکتەرە تێکدەرەکانی ناوچەکە توندتر دەکات.
ڕاگەیێنراوی فەرمی: بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ئەم بڕیارە لە ئەنجامی "گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان" لە سووریا و کردەوە ئەرێنییەکانی حکومەتە نوێیەکەی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع هاتووە.
ئەوەی پێویستە بیزانیت: بەپێی بڕیارەکە، 518 کەس و دامەزراوە لە لیستی سزاکان دەرهێنراون کە ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریا و کاراکردنەوەی دامەزراوەکانی حکومەت و بنیاتنانەوەی ژێرخانی کۆمەڵایەتیی وڵاتەکە.
ڕێکارەکانی سزای سووریا لە یاساکانی فیدراڵی لادەبرێن و هەموو موڵک و ماڵێکی بلۆککراوی ئەو کەسانەی لە لیستەکە دەرکراون، ئازاد دەکرێن.
لەهەمان کاتدا: بۆ دڵنیابوون لە لێپرسینەوە لە ڕژێمی پێشووی ئەسەد، 139 کەس و دامەزراوەی نوێی خستووەتە لیستی سزاکانەوە. ئەم سزایانە بەپێی فەرمانی جێبەجێکاری ژمارە 13894 و یاساکانی دیکەی دژە تیرۆر و سزاکانی ئێران سەپێنراون.
لێدوانی فەرمی: سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ڕایگەیاند، "هاوتەریب لەگەڵ بەڵێنی سەرۆک ترەمپ بۆ سووککردنی سزاكانی سەر سووریا، هەنگاوەکانمان یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی سووریا دەرفەتی ئەوەی هەبێت پەیوەندییەکانی لەسەر ئاستی بازرگانی لەگەڵ جیهاندا دروست بکاتەوە و متمانەی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت. لە کاتێکدا چاودێریی دۆخی وڵاتەکە دەکەین، جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە ڕێگری لە ئەسەد، دار و دەستەکەی، تیرۆریستان و ئەکتەرە نایاساییەکانی تر بکەین لە هەوڵدان بۆ تێکدانی سەقامگیریی سووریا و ناوچەکە".
زانیاریی زیاتر: ئەو کەسانەی لەژێر سزا نوێیەکاندا دەمێننەوە، بریتین لە بەشار ئەسەد و هاوکارەکانی، پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ، بازرگانانی ماددەی کەپتاگۆن، ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە چالاکییەکانی پێشووی چەکی کۆمەڵکوژی سووریاوە هەبووە، گرووپە پەیوەندیدارەکان بە داعش و قاعیدە، ئێران و گرووپە نزیکەکانی.
- ئەو 139 کەس و دامەزراوەیەی کە سزایان بەسەردا سەپێنراوە، بەسەر چەند پۆلێکدا دابەش کراون، لەوانە:
- بەرپرسانی پێشووی ڕژێمی ئەسەد 47 کەس.
- کەسانی هەڕەشەکار بۆ ئاشتی و ئاسایشی سووریا سێ کەسن، لەوانە ڕامی مەخلوف.
- کەسانێک کە تێوەگلاون لە بازرگانیی کەپتاگۆن 11 کەسن.
- کەسان و لایەنەکان کە پشتیوانیی ماددییان پێشکەش بە ڕژێمی پێشووی ئەسەد کردووە شەش کەس و 13 دامەزراوەن.
- کۆمپانیا و کەسانی سەر بە لایەنە سزادراوەکان حەوت کەس و 40 دامەزراوەن.
- ئەندامانی خێزانی کەسانی سزادراو دوو کەسن.
- کەس و لایەنی پەیوەندیدار بە ئێران و تیرۆر یەک کەس و دوو دامەزروەن.
ئەمەش بزانە: بەپێی ئەم بڕیارە نوێیە، هەموو موڵک و ماڵێکی ئەو کەس و لایەنە سزادراوانەی لە ئەمریکان یان لەژێر کۆنترۆڵی هاووڵاتیانی ئەمریکیدان، بلۆک دەکرێن و مامەڵەکردن لەگەڵیاندا قەدەغەیە.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- بزنس
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
تەنها لە یەک ڕۆژدا پێنج هەزار فەرمانبەر خانەنشین دەکرێن
- کوردستان
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش دەکرێتە دژەتیرۆری سلێمانی و یەکەی 70
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
ترەمپ بۆ مەسک: پارەت لێ ببڕم دەبێت دووکانەکەت داخەیت و بگەڕێیتەوە ئەفریقا
11 کاتژمێر لەمەوپێش
کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەکانی خەوتن لەبەردەم پانکە و ئامێرە فێنککەرەوەکان
12 کاتژمێر لەمەوپێش
لە دوبەی یەکەم ئەزموونی بەکارهێنانی "تاکسی ئاسمانی" تاقیدەکرێتەوە
30 حوزەیران
زیرەکی دەستکرد دیاریکردنی نەخۆشی لەبیرچوونەوە دەباتە قۆناغێکی نوێوە
30 حوزەیران
هاتووچۆی سلێمانی چەند ڕێنماییەک دەردەکات
30 حوزەیران
- ڕاپۆرت
- 14 کاتژمێر لەمەوپێش
دوای 12 ڕۆژ لە جەنگ ئێران لە دۆخێکی ناهەموار و سەخت دایە