بەهۆی ناکۆکی دوو وەزیر خەریکە زووڵم لە سەدان قوتابی دەکرێت و لە خوێندنی زانکۆ بێبەش دەکرێن

شەیری بکە لە:
بەهۆی ناکۆکی دوو وەزیر خەریکە زووڵم لە سەدان قوتابی دەکرێت و لە خوێندنی زانکۆ بێبەش دەکرێن

دیمەنێکی ناو کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان

ئاڤا نیوز

بەهۆی ناکۆکی نێوان هەردوو وەزارەتی ئەوقاف و خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، هەزاران قوتابی دەبنە قوربانی و هەلی خوێندنیان لە زانکۆ دەفەوتێت.

چیرۆکی سەرەکی: وەزارەتی خوێندنی باڵا لە بەرواری 6-8-2025، نووسراوێکی ئاراستەی زانکۆکانی سەڵاحەددین، سلێمانی و زاخۆ کردووە، تییدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ڕەزامەندی نەدراوە لەسەر چاوپێکەوتن و تاقیکردنەوەی دەرچووانی قوتابخانە ئاینییەکانی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف.

قووڵتر: وەزارەتی خوێندنی باڵا دووپاتی کردووەتەوە وەرگرتن لە بەشەکانی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان تەنیا بۆ دەرچووانی ئامادەیی زانستی و وێژەیی دەبێت، ئەویش لەrێگەی سیستمی زانکۆلاین جێبەجێ دەکرێت، بەپێی هەژمارکردنی کریدت.

کاریگەری و لێکەوتەکان: بە جێبەجێکردنی ئەو بریارە بۆ ئەمساڵ سەدان قوتابیی دەرچووی ئەو قوتابخانە لە هەلی وەرگرتن و خوێندن لە زانکۆ بێبەش دەبن، بە بەردەوام بوونی بڕیارەکەش بۆ ساڵانی داهاتوو هەزاران قوتابی دەبنە قوربانی و لە مافی خوێندن لە زانکۆ بێبەش دەکرێن.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ماوەی سێ ساڵە وەزارەتی ئەوقاف پەیمانگەیەکی تایبەت بە وتارخوێنی کردووەتەوە و دەرچووانی ئامادەیی بەشەکانی ئیسلامی، زانستی و وێژەیی لەو پەیمانگەیە وەردەگیرێن، خوێندن تێیدا دوو ساڵە و دەرچووانیشی لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف بڕوانامەی دبلۆمیان پێدەدرێت و دەبن بە وتارخوێن، لە دوو خولی دەرچووانی ئەو پەیمانگەیە زیاتر لە 100 قوتابیی دەرچوونە، خوێندن لەو پەیمانگەیە بە پارەیە و بە سیستمی پارالێلە.

زانیاریی بەدەستهاتوو: چەند جارێک کۆبوونەوە و پەیوەندی لە نێوان هەردوو وەزارەتی ئەوقاف و خوێندنی باڵا دەربارەی پەیمانگەی وتارخوێنی هەبووە، بەڵام نەگەیشتوون بە ڕێککەوتن، وەزارەتی خوێندنی باڵا دووپاتی دەکاتەوە، کردنەوەی ئەو پەیمانگەیە نایاساییە و بەدەر لە ڕێنماییەکان کراوەتەوە، وەزارەتی ئەوقافیش سوورە لەسەر ئەوەی ئەو پەیمانگەیە بەردەوام دەبێت.

لێدوانی فەرمی: نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی بە ئاڤا میدیای وت: وەزارەتمان بەو بڕیارە ناڕازییە و لە 14-8-2025،  نووسراوێکی فەرمیمان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ناردووە، بۆ ئەوەی ئەو بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕابگیرێت.

بۆچوونی لایەنی بەرامبەر: سەرچاوەیەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بە ئاڤا میدیای وت: کردنەوەی ئەو پەیمانگەیە نایاساییە، چونکە بەپێی یاسا کردنەوەی پەیمانگەی دوو ساڵی تەنیا لە دەسەڵاتی وەزارەتی خوێندنی باڵایە. بەهەمان شێوە، دەبێت قوتابخانە ئاینییەکانیش سەر بە وەزارەتی پەروەردە بن و ئەم بەباتە لە ئەرک و دەسەڵاتی وەزارەتی ئەوقاف نیە.

لەلایەکی دیکەوە: د. جەمیل سورچی، ڕاگری کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سەڵاحەددین بە ئاڤا میدیای وت، لە ساڵی 1996ەوە دەرچووانی ئامادەیی بەشی ئیسلامی لە کۆلێژەکانی زانستە ئیسلامییەکان وەردەگیرێن و هیچ کێشەیەک نەبووە، بەپێچەوانەوە دەرچووانی ئەو قوتابخانە ئیسلامییانە لە ڕووی زانستییەوە ئامادەترن بۆ بەشەکانی زانستە ئیسلامییەکان، بۆیە پیشنیاز دەکەین پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا بکرێت.

د. جەمیل سورچی دەڵێت، ئەو بڕیارە پێچەوانەی خواستی قوتابییانی قوتابخانە ئیسلامییەکان و پێچەوانەی پێشبینی بوو، چونکە لە 2016ەوە گۆڕانکاری لە پرۆگرامی خوێندنی قوتابخانە ئیسلامییەکان کراوە و خواستی ئەوە هەبوو دەرچووانیان لە کۆلێژی دیکەی وەک یاسا و عەرەبی وەربگیرێن، "ئێمەش لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سەڵاحەددین ساڵانە 40%ی ئەو قوتابییانەی لەقۆناغی یەکەم وەردەگرین دەرچووانی ئامادەیی ئەو قوتابخانە ئاینییانەن".

ئەوەی پێویستە بیزانیت: 20 قوتابخانەی خوێندنی ئیسلامی و دوو پەیمانگە سەر بە وەزارەتی ئەوقافن، دەرچووانی ئامادەیی ئەو قوتابخانە ئیسلامییانە ساڵانە لە بەشە ئیسلامییەکانی کۆلێژی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێن، بەڵام بۆ ئەمساڵی خوێندن تا ئێستا چارەنووسیان بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.


چارەسەرەکان: بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی یان دەبێت پەیمانگاکە دابخت یاخود بیخاتە ژێر ڕکێف و ڕێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، وەزارەتی خوێندنی باڵاش بڕیارەکەی هەڵبووەشێنێتەوە و دەرچووانی ئامادەیی ئیسلامی لە زانکۆکان وەربگرێت.

پسپۆڕانی ئەو بوارەش باس لەوەدەکەن، ناکرێت هەر وەزارتێک ڕاستبێتەوە و پەیمانگایەک بکاتەوە لە دەرەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەگەر وا بڕوات بۆ نموونە وەزارەتی بازرگانی دەبێت پەیمانگەی بازرگانی بکاتەوە، کۆلێژەکانی کشتوکاڵیش بخرێنە سەر وەزارەتی کشتوکاڵ.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ