دەرهێنانی پەراسوو بۆ جوانکاری کاریگەریی خراپی لەسەر تەندروستی هەیە

شەیری بکە لە:
دەرهێنانی پەراسوو بۆ جوانکاری کاریگەریی خراپی لەسەر تەندروستی هەیە

ژووری نەشتەرگەری کە وەک دەردەکەوێت هاوڵاتییەک نەشتەرگەری بۆ دەکرێت

ئاڤا نیوز

 

بەشێک لە هاووڵاتیان بەمەبەستی جوانکاری پەراسوویان دەردەهێنن و پزیشکانی پسپۆڕیش هۆشداری لە کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەدەن.

 

چیرۆکی سەرەکی: لەم ساڵانەی دواییدا نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری ڕەواجێکی زۆریان پەیدا کردووە و چەندین جۆری جوانکارییش، کە پێشتر نەدەکران ئێستا بایەخی زۆریان پێ دەدرێت. یەکێک لەو نەشتەرگەرییانە دەرهێنانی پەراسووەکانە و پزیشکانیش هۆشداریی لە کاریگەرییە خراپەکانی ئەم جۆرە نەشتەرگەرییانە دەدەن و بە مەترسی بۆ سەر تەندروستی ناویان دەبەن.


لێدوانی فەرمی: د. کازم کاکەوەیس، پسپۆڕی جوانکاری بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: هەندێک کەس بە مەبەستی جوانکاری پەراسوویان دەردەهێنن بۆ ئەوەی ناوقەدیان باریک بێت، بەڵام زیانی بۆ کەسەکە دەبێت، چونکە قەفەزەی سنگ کە لە پەراسووەکان پێکدێت پارێزەری سییەکانە و بە لابردنیان زیانی زۆر بە سییەکان دەگات و ڕەنگە ببێتە هۆی تەنگە نەفەسی و مەترسی بۆ تەندروستیی چارەخوازەکە.


زانیاریی زیاتر: لەبارەی بەکارهێنانی کڕکڕاگەی پەراسووەکان بۆ نەشتەرگەریی جوانکاریی لوت و گوێ د. کازم گوتی، هەندێکجار پێویست دەکات کڕکڕاگەی پەراسوو بۆ نەشتەرگەریی جوانکاری لوت یان گوێ دەربهێندرێت، ئەگەر نەخۆشەکە پێشتر نەشتەرگەریی بۆ کرابێت و کێشەی بۆ دروست بوو بێت، یان لە زگماکییەوە کێشەی لە لوتیدا هەبێت، یان بە هۆی ڕووداوێکەوە لوتی شکا بێت یان تووشی شێرپەنجەی لوت بووبێت.

 

گوتیشی ئەگەر بەشێوەیەکی زانستی و لێزانانە پەراسووەکە دەرنەهێندرێت دواتر کێشە بۆ سییەکان دروست دەبێت، هاوکات دەبێت بەپێی پێویست پارچە پەراسووەکە دەربهێنرێت، چونکە دواتر دروست نابێتەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ