هێرشەکەی سەر کۆرمۆر کاردنەوەی ناوخۆی و نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە

شەیری بکە لە:
هێرشەکەی سەر کۆرمۆر کاردنەوەی ناوخۆی و نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە

دیمەنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی

ئاڤا نیوز

هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر تەنها لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق ئیدانە نەکراو بەڵکو کاردانەوەی جیاوازی نێودەوڵەتیشی بەدوای خۆیدا هێنا. 

چیرۆکی سەرەکی: هێرشەکەی شەوی ڕابردووی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە لێدانی ڕاستەوخۆی بەرژوەندییە ئابوورییەکانی هەرێـمی کوردستانە، تەنها بە کاردنەوەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق نەوەستا بەڵکو لە سەر ئاستیی جیهان و وڵاتە زلهێزەکانیش کاردنەوەی تووند و جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا.

 گرنگترین هەڵوێستە ناوخۆیی و جیهانییەکان لەسەر هێرشەکەی کۆرمۆر:- 

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا دەکات: هەرکەسێک لەپشت ئەم هێرشەوە بێت ڕێگە نەدرێت ئەم تاوانانە دووبارە بکاتەوە، یان وەکو رابردوو بەکەفالەت ئازاد بکرێن. 

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ تووندیی ئیدانەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆرکرد و هێرشەکەی بە هێرشکردنە سەر هەموو عێراق ناوبرد.

جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا؛ بە تووندترین شێوە  هێرشەکەی ئیدانە کرد و پشتیوانیی ئەمەریکای بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

بارەگای بارزانی:  کاتی ئەوە هاتووە کە لەبەرانبەر ئەم دەستدرێژی و هێرشە ناڕەوایانەدا هەنگاوی جددی و کردەیی بگیرێتەبەر و کۆتایی پێ بهێندرێت و ئەنجامدەرانیان سزا بدرێن.

سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق؛ هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆری بە تاوانێکی قێزەون و هەوڵێکی شکستخواردوو بۆ بەئامانجگرتنی ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی لە وڵاتدا بەدیهاتووە ناو برد.

نێردەی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق دەڵێت: زۆر نیگەرانین و ئیدانەی دەکەین، بەتایبەت کە کاریگەری لەسەر هەموو هاووڵاتیان هەیە. پابەندین بە کارکردن لەگەڵ عێراق و کوردستان لەپێناو ئاشتی، سەقامگیری و چاکسازی.

کونسوڵخانەی بەریتانیا لە کوردستان بەتووندی ئیدانەی دەکات و دەڵێت: مەترسیی لەسەر سەقامگیریی عێراق و خەڵکەکەی دروست دەکات، داوا دەکەین لێپێچینەوە لەگەڵ هێرشکاران بکرێت.

باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق دەڵێت: بەتووندترین شێوە هێرشەکە سەرکۆنە دەکەین، پابەندبوونی خۆمان بۆ ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات دەکەینەوە.

هەردوو وڵاتی چیک و هۆڵەندا ئیدانەی هێرشەکە دەکەن، کونسوڵی گشتیی چیک لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان ڕایگەیاند: هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر و ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان بەتووندترین شێوە سەرکۆنە دەکەین.

کاردانەوەکان لە ناوخۆی عێراق:

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسایب ئەهلی حەق؛ هێرشەکەی ئیدانەکرد و بەپێویستی دەزانێت لێکۆڵینەوەیەکی پیشەیی و گشتگیر بکرێت، چۆنییەتی ئەنجامدانی هێرشەکە و ئەو لایەنانە ئاشکرا بکرێن کە لەپشت هێرشەکە بوون، داواش دەکەن ئەنجامەکان بۆ ڕایگشتی ئاشکرا بکرێن.

ڕەیان کلدانی، ئەمیندای گشتیی بزووتنەوەی بابیلوون: ئێمە بە تووندترین شێوە ئیدانەی ئەو هێرشە خیانەتکارە دەکەین، هێرشێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی گەلەکەمان و هەوڵێکە بۆ تێکدانی سەقامگیری سلێمانی و عێراق. ئەم کردەوەیە بێ وەڵام نابێتەوە، هەروەها ڕێگە بە هیچ لایەنێک نادەین ئاسایشی گەلەکەمان تێکبدات یان دەستکاری سەرچاوەکانیان بکات.

کاردانەوەکان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان:

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ڕایگەیاند: ئه‌رك و به‌رپرسيارێتى حكومه‌تى عێراقە به‌زووترین كات ڕێكارى پێویست و کاریگه‌ر بگرنه‌به‌ر بۆ لێپێچينه‌وه‌ و سزادانى ئه‌نجامده‌رانى ئه‌م تاوانه‌ و ڕێگه‌گرتن له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ى.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند: ئەرکی حکومەتی فیدراڵە بە خێرایی بکەران و ئەوانەی لە پشت ئەم هێرشەوەن بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات و رووبەڕووی سزا و لێپرسینەوەی یاساییان بکاتەوە. هەروەها جەخت دەکەینەوە بەردەوامی ئەم جۆرە هێرشانە لەلایەن گروپ و هێزی دەرەوەی دەوڵەت چیتر قبوڵکراونییە و ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لێ دەکەوێتەوە.

بافل تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی پەیامێکی زۆر تووندی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: وەڵامدانەوەمان بۆ ئەم هێرشە یەکلاکەرەوە و تووند دەبێت، هەموو رێکارێکی پێویست بۆ پاراستنی گیانی هاونیشتمانیانمان دەگرینەبەر، چەک تەنها دەبێت بەدەست دەوڵەتەوە بێت، ئەو میلیشیایانە کە لە دەرەوەی سەروەری یاسا کاردەکەن یان دەبێت هەڵبوەشێندرێنەوە یان لەناوببرێن.

عەلی حەمە ساڵح، بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست ڕایگەیاند: هێرشەکە تیرۆرستی و تاوانکارییە، پێویستە نووسراو بۆ حوکمەتی عێراق بکرێت بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی بۆ دانانی سیستەمی بەرگری لە کێڵگەی کۆرۆمۆر.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا دەکات هێزەکانی هاوپەیمانان سیستەمی بەرگری بۆ وەڵامدانەوەی ئەم جۆرە هێرشە تیرۆریستیانە دابین بکەن، بەزووترین کاتیش لایەنە ئەمنییەکانی تایبەت بەم پرسە تاوانباران دەستگیر بکەن و ڕووبەڕووی دادگایان بکەنەوە.

بزووتنەوەی گۆڕانیش ڕایگەیاند: داواکارین حکومەتی فیدڕاڵ بەجدی بێتە مەیدان بۆ دۆزینەوەی بکەرانی هێرشەکە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی قانونی بەرامبەریان.

پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، حیزبەکەی محەممەد حاجی مەحموود دەڵێت: هێرشەکە دوژمنکارانەیە، ناکرێت چیتر قبوڵبکرێت، دەبێت حکومەتی هەرێم بە هاوکاری حکومەتی عێراق لەزووترین کات ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە، لەهەر کوێیەک و سەر بەهەر لایەن و تاقمێکی عێراق بن، بدۆزرێنەوە و بەتوندترین شێوە سزا بدرێن.

باکگراوند: هەرچەندە تاوەکو ئێستا لایەنە ئەمنییە تایبەتمەندەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، شێوازی ئەنجامدانی هێرشەکە و جۆری هێرشەکەیان ئاشکرا نەکردووە، بەڵام هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکی فەرمیدا ڕایگەیاند: هێرشەکە لە ڕێگەی مووشەکی "گراد"ـەوە لە میحوەری خورماتووەوە ئەنجام دراوە.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ