شێخ دارا: ئەمشەو لە دهۆک بەفر و لە سلێمانی باران دەبارێت

شەیری بکە لە:
شێخ دارا: ئەمشەو لە دهۆک بەفر و لە سلێمانی باران دەبارێت

دیمەنی بەفربارین لەشاری دهۆک. وێنە؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

بەپێی پێشبینییەکانی شێخ دارا، ئەمشەو لە پارێزگای دهۆک بەفر دەبارێت و لە سلێمانیش باران دەبارێت. دەشڵێت، لە سەرەتای ساڵەوە شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران لە دەریای سپیی ناوەڕاستەوە ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات.

وێنە گەورەکە: شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، و پلەكانی گەرما بەڕێژەیەكی بەرچاو دابەزیون، بەپێی پێشبینییەکان، شەپۆلەكە کۆتا شەپۆلی جەمسەری باکوور لە ساڵی 2025دا دەبێت.

لێدوانی فەرمی: شێخ دارا، شارەزا و پێشکەشكاری کەشوهەوای ئاڤا ڕایگەیاند، ئەمشەو ئەگەری بەفربارینی لاواز هەیە لە پارێزگای دهۆک و هەندێک ناوچەی وەک "سۆران، چۆمان، مێرگەسۆر". دەشڵێت، ئەمشەو لە سلێمانی و هەندێک ناوچەی جیاجیا ئەگەری بارانبارین هەیە.

ئاماژە بەوەش دەکات، ئەم شەپۆلەی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، کۆتا شەپۆلی جەمسەری باکوورە لە ساڵی 2025دا و پلەکانی گەرماش لە بەیانییەوە بەرز دەبنەوە کە تا ئەمڕۆش پلەکانی گەرما لە زۆربەی شوێن و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان هێشتا لە ژێر سفردایە.

زانیاریی زیاتر: شێخ دارا دەڵێت، نزمترین پلەکانی گەرما 17 پلەی ژێر سفری سیلیزییە لە چیای گارە لە پارێزگای دهۆک تۆمارکراوە، هەروەها بەرزترینی لە گەرمیان تۆمارکراوە کە 10 پلەی سیلیزییە. دەشڵێت، بۆ دوو ڕۆژی داهاتوو پلەکانی گەرما بۆ 14 پلەی سیلیزی بەرز دەبنەوە.

ئەوەی پێشبینی دەکرێت: بەپێی پێشبینییەکانی شێخ دارا، لە سەرەتای ساڵەوە شەپۆلێکی دەریای سپیی ناوەڕاست دێت، بەو هۆیەوە شەختە و بەستەلۆک لە ناوچە شاخاوییەکان دروست دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە: بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لەدوای نیوەڕۆ لە سنووری پارێزگای دهۆک باران و بەفر دەبارێت، دواتر دەگاتە سنووری ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و ڕاپەڕین، لە درەنگانی شەودا کاریگەرییەکەی دەگاتە سنووری پارێزگای هەولێر، هاوکات کاریگەریی شەپۆلەکە تاوەکو 02-01-2026 بەردەوام دەبێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ