دۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان دوای خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە؛ ئاستەنگی و دەرفەتەکان

شەیری بکە لە:
دۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان دوای خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە؛ ئاستەنگی و دەرفەتەکان

ژنێکی ئاوارەی شنگال

ئاڤا نیوز

دوای ئەوەی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کەوتەبواری جێبەجێکردنەوە، ئومێدەکان بۆ باشتربوونی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی دەیان هەزار ئاوارە بۆ ناوچەکانیان زیاتربوون، بەڵام وەک پەرلەمانتاران و شارەزایانی ئەمنیی باسی دەکەن، سەرەڕای کاریگەری ئەرێنیی بڕیارەکەی پەکەکە لەسەر دۆخی شنگال، بەڵام هۆکاری ناوخۆیی و هەرێمیی ڕێگرن لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان و ئاوەدانکردنەوەی قەزاکە لەماوەی نزیک مەودادا.

چیرۆکی سەرەکی: 11ی تەمموز پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) یەکەم قۆناغی داواکارییەکەی ئۆجەلانی بۆ چەکدانان جێبەجێکرد، ئەنقەرەش دەڵێت دەبێت چەکدانانەکە هەسەدە لە سووریا، پژاک لە ئێران و هەموو گرووپەکانی دیکەی سەر بە پەکەکەش بگرێتەوە.

لێدوانی فەرمی: یاسر وتوت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، تەنیا بە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ئاوارەکان بۆ شنگال ناگەڕێننەوە، چونکە دۆخی ئەمنیی، مرۆیی و خزمەتگوزاری قەزاکە تائێستاش ئاستەنگییەکی گەورەیە و ڕێگرە لە بەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان.

هۆکارە زانراوەکان: بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە چوار هۆکار دەبنەهۆی گەڕانەوەی ئاوارەکان، ئەوانیش بریتین لە سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر قەزاکە، دوورخستنەوەی هەموو گرووپە چەکدارەکان، جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال بەشێوەیەکی کارا و هەوڵێکی دەستبەجێ و خێرا بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال.

لەلایەکی دیکەوە: سەیف ڕەعد، شارەزای کاروباری ئەمنیی و ستراتیژیی بۆ ئاڤا ئاماژەی بەوەکرد، هەرچەندە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە مانای کەمبوونەوەی بوونی سەربازی تورکیایە لەو ناوچەیە، بەڵام جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال کە ساڵی 2020 لەنێوان هەولێر و بەغدا واژۆکرا، دەتوانێت گەڕانەوەی ئاوارەکان ئاسانتر بکات.

مەترسییە پێشبینیکراوەکان: بەوتەی ئەو شارەزایە، گەورەترین ئاستەنگی بەردەم ئاوارەکان ئەوەیە یەکینەکانی پاراستنی شنگال (یەبەشە) پابەندی بڕیارەکەی پەکەکە بۆ چەکدانان نەبن، چونکە ئەوان لەڕووی باوەڕ و سەربازییەوە سەر بە پەکەکەن، بەڵام لەڕووی کارگێڕیی و داراییەوە لەسەر دەستەی حەشدی شەعبی هەژمار دەکرێن و ئێستا زیاتر لە 1500 چەکداریان لەناو ئەو دامەزراوە فەرمییەی عێراقدا هەیە.

گۆشەیەکی دیکەی دیمەنەکە: دووەم گەورەترین ئاستەنگی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، خاپووربوونی 70%ی ژێرخانی قەزای شنگالە، لەوانەش خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک ئاو، خوێندن و تەندروستی. بەردەوامی ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغداش لەسەر خاوەندارییەتی ناوچە کوردستانییەکان و لەناویاندا شنگال، بوونی هاوسۆزی بەشێکی ئێزدییەکان بۆ یەبەشە و بوونی هێزی سەربازیی تری خاوەن بەرژەوەندی جیاواز، ئاستەنگی دیکەن بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان.

بە تەنیشت ئەم بابەتەوە: هۆکارێکی دیکەی مانەوەی کێشەی شنگال بەهەڵواسراوی پەیوەندی بە گرنگی پێگەی جوگرافی قەزاکەوە هەیە، بەجۆرێک تورکیا وەک ڕێڕەوێکی ستراتیژی سەیری دەکات و بەهۆکاری پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هێزەکانی ناکشێنێتەوە، ئێرانیش بە ڕێڕەوی هاتووچۆی نێوان عێراق و سووریا و لوبنان سەیری دەکات و نایەوێت گرووپەکانی نزیک لە تاران قەزاکە چۆڵ بکەن، بەڵام ئەمریکا دەیەوێت ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت و هێزەکانی حکومەتی فیدراڵی ئاسایشی قەزاکە کۆنترۆڵ بکەن، بەوەش هەژموونی ئێران کەم دەبێتەوە.

ئەوەی پێشبینیی دەکرێت: بەوتەی سەیف ڕەعد شارەزای ئەمنی، بەهۆی جیاوازی بەرژەوەندی هەرێمیی و ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا،  بە هاتنی سوپای عێراق و ئاوەدانکردنەوەی شنگالیش، کێشەکانی قەزاکە هەر دەمێنن، ئەویش بەهۆی کاریگەری پەکەکە لەسەر دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی شنگال و هاوسۆزی بەشێکی ئێزدییەکان لەگەڵیدا، ئەویش لە دەرئەنجامی ڕۆڵی ئەرێنی لە ئازادکردن و پاراستنی ئێزدییەکان لەژێر دەستی داعش.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: