ململانێی ناوخۆیی و گوشاری ئەمریکا چارەنووسی یاسای حەشدی شەعبی بۆ خولی داهاتوو دوا دەخەن
- ڕاپۆرت
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش

دیمەنی باڵەخانەی پەرلەمان و چەند چەکدارێکی حەشدی شەعبی. گرافیک؛ ئاڤا میدیا
ئاڤا نیوز
تا دێت کۆسپەکان لەبەردەم تێپەڕاندنی هەموارە نوێیەکەی یاسای حەشدی شەعبی زیاتر دەبێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناکۆکیی قووڵی ناوخۆیی و ڕەتکردنەوەی ئاشکرای ئەمریکی بووەتە هۆی ئەوەی چارەنووسی یاساکە بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان دوابخرێت.
چیرۆکی سەرەکی: بڕیاربوو لە دانیشتنی ڕۆژی شەممە 2ـی ئاب دەنگ لەسەر ژمارەیەک پڕۆژەیاسا بدرێت، بەشێک لە پەرلەمانتارانی شیعەش ویستیان پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی بخرێتە بەرنامەی کارەوە و دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام تەنیا 145 پەرلەمانتار ئامادە بوون و نیساب تەواو نەبوو.
وێنە گەورەکە: پڕۆژەیاسای نوێی حەشدی شەعبی لە 18 ماددەی سەرەکی پێکهاتووە و خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدانی کۆتایی ماوە، لە ئەگەری پەسەندکردنیدا دەبێتە چەتری کۆکەرەوەی 70 گرووپی چەکداری جیاواز کەلەناو حەشدی شەعبیدان کۆکراونەتەوە.
ئەوەی لەبارەیەوە دەگوترێت: سوننەکان و کورد و بەشێک لە شیعەکانیش دژی پڕۆژەکەن، چونکە باوەڕیان وایە حەشدی شەعبی زیاتر هێزێکی مەزهەبییە نەک ئەمنیی، هاوکات هێزە مەدەنییەکان دژی پڕۆژەیاساکەن، چونکە باوەڕیان وایە دەوڵەتی مەدەنی عێراق دەخاتە مەترسییەوە، ئەمریکاش دژی پڕۆژەکەیە و باوەڕی وایە دژی سەروەری عێراقە و شەرعیەت بە هەندێک گرووپ دەدات کە لە لیستی تیرۆری ئەمریکادان.
ناکۆکییە ناوخۆییەکان و ململانێی باڵەکان
سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار بە کە قسەی بۆ میدیای عێراق کردووە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، یاسای حەشدی شەعبی، کە بڕیار بوو لەم خولەی پەرلەماندا دەنگی لەسەر بدرێت، بەهۆی بەردەوامیی ناکۆکیی نێوان هێزە سیاسییەکان، بەتایبەتی لەناو ماڵی شیعەدا، دوادەخرێت.
سەرچاوەکە ڕوونیکردەوە: "ڕەشنووسی ئێستای یاساکە ئامانجی ئەوەیە حەشد وەک بەشێکی دانەبڕاو لە دامەزراوەی سەربازیی فەرمی پێکبهێنێت، بە جۆرێک کە سەرکردایەتییەکەی بەپێی پلەبەندیی سەربازی بێت، بەڵام ئەمە لەلایەن هەندێک لایەنی باڵادەستی ناو حەشدەوە ڕەتدەکرێتەوە."
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە تا ئێستا ڕێککەوتنی سیاسی لەسەر یاساکە نەکراوە و ڕەنگە لە داهاتوودا پەنا ببرێتە بەر "بنەمای ئاڵوگۆڕکردنی بەرژەوەندی و دەستکەوت" بۆ تێپەڕاندنی.
فشاری دەرەکی و نیگەرانییەکانی واشنتن
ئەم دواخستنە لە کاتێکدایە کە مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئەمریکا بە ئاشکرا دژایەتیی خۆی بۆ دەرچوواندنی یاساکە بەم شێوازەی ئێستای دەربڕیوە. سەرچاوە سیاسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمریکا گوشاری دیپلۆماسی دەکات بۆ ڕێگریکردن لە تێپەڕاندنی، لە ترسی ئەوەی سەربەخۆیی حەشد لە سوپای عێراق بچەسپێنێت و شەرعیەتی یاسایی ببەخشێتە ئەو گرووپانەی کە واشنتن بە "گرووپی تیرۆریستی"یان دادەنێت.
ئەمە هاوتایە لەگەڵ ڕاگەیێنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دوای پەیوەندیی نێوان مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە تێیدا "نیگەرانیی قووڵی ئەمریکا"ـی گەیاندووە سەبارەت بە پڕۆژەیاساکە و جەختی کردووەتەوە کە "یاسایەکی لەم شێوەیە دەسەڵاتی ئێران و گرووپە تیرۆریستییە چەکدارەکان بەهێزتر دەکات و سەروەریی عێراق لاواز دەکات."
لە نوێترین پێشهاتیشدا، ڕۆژی شەممە 2ـی ئاب ستیڤن فەیگن، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق لە دیدارێکیدا لەگەڵ موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی، نیگەرانیی ئەمریکای سەبارەت بە پێشنیازی هەردوو یاسای هێزەکانی حەشدی شەعبی و دەستەی حەشدی شەعبی دووپاتکردەوە.
پاشخانی مێژوویی یاساکە
ئەم مشتومڕە دوای نزیکەی نۆ ساڵ دێت لە پەسەندکردنی یەکەم یاسای حەشدی شەعبی لە تشرینی دووەمی 2016، کە وەک کاردانەوەیەک بوو بەرامبەر بە داگیرکارییەکانی داعش. بەڵام یاساکەی پێشوو وردەکاریی ڕێکخستنی تێدا نەبوو، ئەمەش وایکردووە هەندێک لایەن هەوڵ بدەن بۆ هەموارکردنەوەیەکی گشتگیر کە پێگەی حەشد لەناو سیستەمی ئەمنیدا بە ڕوونی دیاری بکات.
ئەوەی پێویستە بیزانیت: حەشدی شەعبی بە بڕیارێکی حکومی لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 و لە وەڵامی فەتواکەی "جیهادی کیفائی"دا دامەزرا کە لەلایەن مەرجەعی باڵا، عەلی سیستانییەوە دەرچوو.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- کوردستان
- 18 خولەک لەمەوپێش
20 ساڵەی دامەزراندن؛ دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوامە
- هەواڵ
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
ڕێکخراوێکی ئیسرائیلی هاوکاری مرۆیی بۆ دروزەکان لە سوەیدا دەنێرێت
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
ژنێک لە نیوزلەندا بە تۆمەتی حەشاردانی منداڵێک لەناو جانتای سەفەرەکەی دەستگیر کرا
44 خولەک لەمەوپێش
دوای 15 ساڵ دابڕان، ئەساڵە نەسری دەگەڕێتەوە سووریا
11 کاتژمێر لەمەوپێش
لە پاکستانەوە بۆ سلێمانی؛ چیرۆکی گەڕانەوەی گەنجێک بۆ نیشتمانی باوکی
11 کاتژمێر لەمەوپێش
لە هەولێر ماڵێک بۆ حەیرانبێژان کرایەوە
13 کاتژمێر لەمەوپێش
سەفین یاسین: وا دەكەین یانەی هەولێر لەڕووی داراییەوە پشت بەخۆی ببەستێت
13 کاتژمێر لەمەوپێش
- ڕاپۆرت
- 22 کاتژمێر لەمەوپێش
دۆخی شنگال دوای 11 ساڵ لە جینۆساید