ئاڤا زانیاری لەبارەی ئەو تانکەرانە بڵاودەکاتەوە کە لە ئەفغانستان گیریانخواردووە

شەیری بکە لە:
ئاڤا زانیاری لەبارەی ئەو تانکەرانە بڵاودەکاتەوە کە لە ئەفغانستان گیریانخواردووە

ژمارەیەک تانکەر

ئاڤا نیوز

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی ئاڤا، ئەو تانکەرانەی لە ڤیدیۆیەک دەردەکەون و چەند شۆفێرێک دەڵێن، "گازوایلمان بارکردووە و لە ئەفغانستان دووچاری کێشە بووین"، هەموویان گازوایلی سپی سلڤەریان بارکردووە و لە هەرێمی کوردستانەوە بەشێوەیەکی فەرمی بارکراون. بەڵام کێشەکەیان پەیوەندی بە بابەتێکی دیکەوە هەیە.

چیرۆکی سەرەکی: دوو ڕۆژە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەک بڵاوبووەتەوە. لە ڤیدیۆیەکەدا چەند شوفێرێکی تانکەر دەردەکەون، بە فارسی قسە دەکەن و دەڵێن "ئێمە شۆفێری ئێرانی و عێراقین، ماوەی 40 ڕۆژە، 400 بارهەڵگر کە گازوایلمان بارکردووە، بەهۆی بوونی کێشە لە کوالێتی گازوایلەکە دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان ڕایانگرتووین". بەوتەی یەکێک لەوانەی قسە دەکات، ئەو بارهەڵگرانە لە سنووری سلێمانی و لە دەروازەی باشماخ تێستی کوالێتییەکەیان بۆ کراوە، هاوکات لە ئێرانیش بە هەمان شێوە هیچ کێشەیان نەبووە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ڕۆژی 17-8-2025 پەڕەی فەرمی (ئێران ئینتەرناشناڵ) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستگرام ئەم ڤیدیۆیەی بڵاوکردەوەتەوە. ئێران ئینتەرناشناڵ بارەگای سەرەکی لە لەندەنە و گرنگی بە هەواڵ و ڕووداوەکانی ئێران دەدات.

لێدوانی فەرمی: شاخەوان ئەبوبەکر، بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ بە ئاڤا میدیای وت، "هیچ زانیارییەکم لەسەر ئەو تانکەرانە نییە، بەڵام بە دڵنیایی بەدواداچوونیان بۆ دەکەین".

لەلایەکی دیکەوە: سەرچاوەیەک لە دەروازەی باشماخ قسەی بۆ ئاڤا کردووە دەڵێت: لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم ڤیدیۆیە، هەندێ خەڵکی کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وایان بڵاوکردوەتەوە کە بەرهەمی سووتەمەنی هەرێمی کوردستانە بە قاچاخ چووەتە ئەفغانستان، بەڵام ئەمە هیچ بنەمایەکی نییە، هەموو ئەو گازوایلەیە یان پاشماوەی پاڵاوگەکانە کە هەناردەی دەرەوە دەکرێت بەشێوەیەکی فەرمییە و بە ڕەزامەندی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانە. ئەوانەی هەناردەی دەکەن کۆمپانیای فەرمی ڕێگەپێدراون.

ئەو سەرچاوەیەی دەروازەی باشماخ ئەوەش دەڵێت: لە شەوی ڕابردووەوە هەوڵەکانمان دەستپێکردەوە، هەموو ئەوانەی دەڵێن نەوتی هەرێمی کوردستان بە قاچاخ دەبرێتە دەرەوە، وەکو بەڵگە تۆمار کراون و داوای یاساییان لەسەر تۆمار دەکەین. پێویستە بیسەلمێنن ئەو بەرهەمەی دەچێتە دەرەوە لە کوێدا قاچاخە.

قوڵتر: ئاڤا لە بۆرسەی نەوتی هەولێر بەدواداچوونی بۆ ئەو تانکەرانە کرد کە لە ئەفغانستان گیریانخواردووە. 

خاوەنی پاڵاوگەیەک لە هەولێر بە ئاڤا میدیای وت، ئەو تانکەرانە هیچی نەوتی ڕەشیان بارنەکردووە، بەڵکو گازوایلی سپی جۆری (سلڤەر و فلاش و تەواف)ـیان هەڵگرتووە، لە سلێمانی و هەولێرەوە بارکراون، ئەو گازوایلە یەکێکە لە باشترین جۆرەکانی گازوایل، ئەمانە هیچی قاچاخ نین.

خاوەنی ئەو پاڵاوگەیە وتیشی، ئەو جۆرە گازوایلە لە هەرێمی کوردستان پارەی کەمتر دەکات بەراورد بە ئەفغانستان. ئەمەش لەبەر گرانی نرخەکەیەتی بەراورد بە جۆرەکانی تری گازوایل. تۆنی ئەم جۆرە گازوایلە، لە 400 دۆلار دەستپێدەکات تا 450 دۆلار. هەموو ئەو تانکەرانەی ئێستا لە ئەفغانستانن گازوایلی سپی سلڤەریان بارکردووە.

خاوەنی ئەو پاڵاوگەیە ئەوەشی وت، بۆیە ئەو گازوایلە هەناردەی ئەفغانستان دەکرێت، چونکە هەر تۆنێکی 80 بۆ 90 دۆلار زیاتر دەکات. هەر تانکەرێک 30 تۆنی هەڵگرتووە، بەکۆی گشتی هەر تانکەرێک نزیکەی 28 وەرەقە زیاتر دەکات ئەگەر لە ئەفغانستان بیفرۆشێت بەراورد بەوەی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بیفرۆشێت.

گۆشەیەکی دیکەی دیمەنەکە: شارەزایەکی بواری وزە و ئاگادار لە هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بە ئاڤای وت، لەماوەی ڕابردوودا بە تایبەت وەرزی هاوین چەند جارێکی دیکە ئەم کێشەیە ڕوویداوە، لەبەر دوو هۆکارە:

هۆکاری یەکەم: ئەو گازوایلەی لێرە بار دەکرێت لەسەر داوای کڕیار و فرۆشیارە، واتا فرۆشیارێک لە هەرێمی کوردستان هەیە و کڕیارێک لە ئەفغانستان. لەسەر کوالێتی گازوایل یان هەر جۆرە بەرهەمێکی دیکە ڕێکدەکەون. لە هەولێر پشکنینی بۆ دەکرێت و لەو دەروازەیەی دەڕوات لەوێش پشکنینی بۆ دەکرێت. دواتر لەڕێگا بەهۆی گەرما و تیشکی خۆر گۆڕانکاری لە کوالێتی سووتەمەنییەکە دروست دەبێت، کاتێک دەچێتە ناو ئەفغانستان ئەو سووتەمەنییە دیسان لەلایەن کڕیارەوە پشکنین بۆ جۆرەکەی دەکرێت، کاتێک جیاوازی دروست دەبێت، ئەمە دەبێتە هۆکاری مانەوەی تانکەرەکان و دروستبوونی کێشە.

هۆکاری دووەم: پەیوەندی بە دەستکاریکردنی بەرهەمەکان هەیە لە ئێران، واتا کە لە کوردستان بار دەکرێت و تا دەگاتە ئێران کێشەی نییە، بەڵام کە دەگاتە ئێران لەوێ بەشێک لە شوفێرانی ئەو تانکەرانە چەند بەرمیلێک لەو گازوایل یان سووتەمەنییەی باریان کردووە دەردەهێنن و دەیفرۆشرنەوە و بەرهەمێکی دیکەی هەرزانی تێدەکەن، ئەمە دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی کوالێتی سووتەمەنییەکە کە دەگاتە ئەفغانستان و دووبارە پشکنینی بۆ دەکرێت کێشەی بۆ دروست دەبێت.

بەدواداچوونی زیاتر: ئاڤا میدیا هەوڵیدا پەیوەندی بەو شوفێرانە بکات کە لە ئەفغانستان گیریانخواردووە، بەڵام بەهۆی بەردەست نەبوونی ژمارەی تەلەفۆنیان نەتوانرا زانیاری لەبارەی چارەنووسیان بزانرێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: