نرخی زێڕ لە کۆتایی ئەمساڵ و ساڵی نوێ چی بەسەردێت؟

  • بزنس
  • 1 کاتژمێر لەمەوپێش
شەیری بکە لە:
نرخی زێڕ لە کۆتایی ئەمساڵ و ساڵی نوێ چی بەسەردێت؟

دیمەنی دۆکانێکی زێڕەنگەری. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

جووڵەکانی زێڕ لە هەفتەی دووەمی مانگی دوازدە زۆر سنووردارن، بەتایبەت لە هەواڵی دابەزاندنی رێژەی سوو لە ئەمریکا و لێدوانەکانی پاوڵ و قسەکانی ترەمپ، جووڵەی زێڕ بە ئۆنسە لە بەرزترین ئاستیدا نەیتوانی 4 هەزار و 250 دۆلار تێپەڕێنێت و لە نزمترین ئاستیدا 4 هەزار و 181 دۆلاری پێ نەشکا.

بە مسقاڵ، بە تێکرا نرخی هەر مسقاڵێك زێڕی عەیارە 21 بە 852 هەزار دینار لە بەرزترین ئاست و لە نزمترین ئاستیش 838 هەزار کەمترین بوو، مسقاڵێکی عەیارە 18 بە 726 هەزار دینار و لیرەی دوبەی عەیارە 22 بە 910 دۆلارە! ئەمە جووڵەکانی بازاڕی زێڕبوون لە ناوخۆ.

ئەمە ئاستە گونجاوەکەیە بۆ نرخی ئێستای زێڕ؟

ئەگەر بێییتە سەر واقعی زێڕ بەدیاریکراوی ئەمساڵ، جووڵەی ئەم هەفتەیەی زێڕ لە جووڵەی زێڕ ناچێت، بە ئاسایی نابینرێ، بەتایبەت دوای قسەکانی جیرۆم پاوڵ، بەڵام دەتوانین کۆمەڵێک هۆکار وەک دیارترین ئەو فاکتەرانە دیاری بکەین کە وایانکردووە لە مانگی دوازدە زێڕ لەم ئاستە بمێنێتەوە.

هۆکاری یەکەم: نزیکبوونەوە لە کۆتایی ساڵ و کۆتایی هاتنی بەشێكی زۆری ئەو گرێبەستانەی بە گرێبەستی ئایندە ناوەزەند دەکرێن، ماوەی گرێبەستەکان کۆتایی دێت، بۆیە بازاڕی زێڕ خاو دەبێتەوە، بەڵام بۆ مانگی یەک ئیدی چالاکی زیاد دەکات و پارەیەکی زۆر دەگەرێتەوە بازاڕەکان، کاریگەری ئەمەش لە مانگی دوو و مانگی سێ لەسەر زیاتر دەردەکەوێت.

هۆکاری دووەم: تێربوونی بازاڕ لەڕووی بڕی خستنەڕووەوە، بەشێکی زۆری بازاڕەکانی جیهان، بەتایبەت بۆرسەی لەندەن، بۆرسەی نیویۆرک، وە لە بازاڕەکانی ناوچەکە کە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگن، بەتایبەت بازاڕی دوبەی و ئیستەنبووڵ، ئێستا بڕی پێویستی زێڕ لەو بازاڕانە بەردەستە و کێشەی خستنەڕوو نیە، بەڵام لە مانگی دوازدە خواست سنووردارە، ئەمە وا دەکات نرخ کەمتر جووڵە بکات، ئەگەر لەم سێ هەفتەیەی کە ماوە لە مانگی دوازدە هۆکارێکی دیکە نەیەتە پێشەوە، پێشبینی جووڵەیەکی شۆکهێنەر ناکات لە زێڕ رووبدات. بەڵام بە دروستبوونی هۆکاری دیکە، جا سیاسی بێت یان جیۆسیاسی ئەوا ئاراستەی نرخی زێڕ گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

هۆکاری سێیەم: پەیوەندی بە پاکتاوکردنی حیسابی دارایی کۆمپانیاکانەوە هەیە، بە دیاریکراوی ئەو کۆمپانیایانەی بەشێکی یەدەگی زێڕەکانیان دەکەنەوە بە کاش. جا ئەمانە بە دوو هۆکاری سەرەکی ئەمە دەکەن. هۆکاری یەکەم، دەگەڕێتەوە بۆ دیاریکردنی قازانج و زەرەر، هۆکاری دووەم؛ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەشێك لە کۆمپانیاکان قازانجیان کردووە و زێڕەکانیان دەفرۆشن و چاوەڕێی قازانجی نوێ دەکەن لە ساڵی داهاتوو.

هۆکاری چوارەم: ئەمەیان زیاتر پەیوەستە بە پشووەکانی سەری ساڵ، کە بەشێكی زۆری بازرگانان و مامەڵەکاران خاو دەبنەوە لە مامەڵەی ڕۆژانە و گرێبەستەکان.

نرخی زێڕ لە مانگی دوازدە چی بەسەردێت؟

نرخی زێڕ تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە 4 هەزار و 280 دۆلار بۆ سەرەوە بشکێنێت. ئەگەر بێتو ئەم هەفتەیە نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە سەرووی ئەو ئاستە بمێنێتەوە، ئەوا ئاماژەیەکی ڕوون دەبێت بۆ ئەوەی ئۆنسەیەک زیو لووتکەی نوێ بشكێنێت، ئەویش گەشتنییەتی بە 4 هەزار و 380 دۆلار، ئەمەیش پێوانەیەکی نوێ دەبێت.

بەڵام ئەگەر ئەو ئاستە نەشکێنێت، ئەوا دوو سیناریۆی دیکە دێنە پێشەوە؛ سیناریۆی یەکەم مانەوەیەتی لەم ئاستەی ئێستای 4 هەزار و 180 نزمترین و 4 هەزار و 250 بەرزترین،  سیناریۆی دووەم دابەزینە کە ئەگەر 4 هەزار و 160 دۆلار بشکێنێت بۆ خوارەوە ئەوە ژمارەیەکی باش نابێت، ئەگەری دابەزینی زێڕ کراوەتر دەبێت بۆ ئاستەکانی 4 هەزار و 120 دۆلار و بگرە ژێر ئەو ئاستەش.

نرخی زێڕ لە ساڵی 2026 چۆن دەبێت؟

ئاماژەکان بەرەو ئەوەن کە لەساڵی داهاتوو زێڕ بە هەمان شێوەی ئەمساڵ لە ترێندی بەرزبوونەوە دابێت. هەریەک لە جەیپی مۆرگان، گۆڵدمان ساکس و مۆرگان ستانلێی ئاماژە بەوە دەکەن کە ساڵی داهاتوو زێڕ بەرزبوونەوەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و پێشبینی دەکەن ئۆنسەیەک زێڕ بگاتە 4 هەزار و 900 دۆلار بۆ پینج هەزار دۆلاریش. ئەمە وادەکات نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیارە 21 لە بازاڕەکانی ناوخۆ قۆناغ بە قۆناغ بەرزبێتەوە بۆ 900 هەزار، 950 هەزار و بە گەشتنی بە ئۆنسەیەک زێڕیش بە پینج هەزار دۆلار ئەوا مسقاڵێک زێڕ دەگاتە 985 هەزار دینار.

ئەمە بە مەرجێک ئەگەر بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار وەک خۆی لەو ئاستەی ئێستا بمێنێتەوە کە هەر سەد دۆلارێک بە 142 هەزار دینارە، ئەوا نرخی زێڕ بەو ئاراستەیە دەڕوا، بە لاوازبوونی دینار بەرامبەر بە دۆلار نرخی زێڕ زیاتر بەرزدەبێتەوە.  

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ