ترەمپ: دۆخی تەندروستیم لەوپەڕی باشیدایە

شەیری بکە لە:
ترەمپ: دۆخی تەندروستیم لەوپەڕی باشیدایە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە؛ AFP

ئاڤا نیوز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وردەکاریی نوێ لەبارەی تەندروستیی خۆی و شێوازی ژیانی ئاشکرا دەکات و دەڵێت باری تەندروستیی لەوپەڕی باشیدایە.

چیرۆکی سەرەکی: ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ڕۆژنامەی "واڵ ستریت جورناڵ" پەردەی لەسەر چەند لایەنێکی ژیانی تایبەتی و دۆخی تەندروستیی خۆی لادا. ترەمپ کە تەمەنی 79 ساڵە و بە بەتەمەنترین سەرۆک لە مێژووی ئەمریکا لە کاتی دەستبەکاربوونیدا دادەنرێت، جەختی کردەوە کە تەندروستیی بێ کەموکوڕییە، هەرچەندە هەندێک لە خووەکانی پێچەوانەی ئامۆژگارییە پزیشکییەکانن.

لێدوانی فەرمی: ترەمپ ئاشکرای کرد، ماوەی 25 ساڵە رۆژانە 325 میلیگرام دەرمانی ئاسپرین بەکاردەهێنێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە پزیشکان بەزۆری بڕی 81 میلیگرام پێشنیاز دەکەن. ئامانجی ئەو لەم کارە ڕێگریکردنە لە خەستبوونەوەی خوێن. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد بەهۆی دەرکەوتنی نیشانەی شینبوونەوە لەسەر دەستەکانی، پەنا بۆ کریمە جوانکارییەکان و مەیکاپ دەبات بۆ شاردنەوەیان.

زانیاریی زیاتر: سەبارەت بە چالاکیی جەستەیی، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، هیچ وەرزشێکی رێکوپێک ئەنجام نادات جگە لە یاری گۆڵف، چونکە رقی لە بەکارهێنانی ئامێری ڕاکردنە و بە کارێکی بێزارکەری دەزانێت. پزیشکەکەی ئاماژەی بەوە کردووە ترەمپ تووشی ناڕەحەتی درێژخایەنی دەمارەکان بووە و داوای لێکراوە گۆرەوی تایبەت بەکاربهێنێت، بەڵام ئەو ڕەتیکردووەتەوە و تەنها هەوڵ دەدات زیاتر لە پشت مێزەکەی هەڵبستێت.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ترەمپ گوتی پشکنینی "سی تی سکان"ـی بۆ کراوە نەک "ئێم ئاڕ ئای" وەک ئەوەی بە هەڵە پێشتر گوتبووی. گوتیشی پزیشکەکەی دەڵێت ئەنجامەکان ئاسایی بوون و بۆ دڵنیابوونەوە بووە لە تەندروستی دڵی.

لەلایەکی دیکەوە: ترەمپ ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن لە کاتی کۆبوونەوەکاندا خەوی لێدەکەوێت یان کێشەی بیستنی هەیە و گوتی: تەنیا بۆ پشوودان هەندێک جار چاوەکانم دادەخەم، نەک ئەوەی خەوم لێبکەوێت. 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ