تەرمی کچە قوتابییەکی کورد لە تاران چیرۆکە مەترسیدارەکەی ئێران ئاشکرا دەکات

شەیری بکە لە:
تەرمی کچە قوتابییەکی کورد لە تاران چیرۆکە مەترسیدارەکەی ئێران ئاشکرا دەکات

گرافیک - ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

 

چیرۆکی وەرگرتنەوەی تەرمی کچە قوتابییەکی کورد، دەرخەری ئەوەیە دۆخی ناوخۆی ئێران شڵەژاوە و خۆپیشاندانەکان بە زەبری هێز وەڵام دەدرێنەوە و سەدان گەنج کوژراون، یان تەرمەکانیان ڕادەستی کەسوکاریان ناکەنەوە، یان ڕێگەیان پێنادرێت پرسە و مەراسیمی ناشتنیان بۆ ئەنجام بدریت، سەرۆکی ئێرانیش دەڵیت خۆپیشاندەران خەڵکیان سەربڕیوە.

 

چیرۆکی سەرەکی: لە چوارچێوەی خۆپیشاندانەکانی شاری تاران، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 8-1-2026 کچێکی کورد کە قوتابی زانکۆ بوو  کوژرا، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن، هێزە ئەمنییەکانی تاران لە پشتەوە ڕاستەوخۆ تەقەیان لێکردووە و فیشەک بەر سەری کەوتووە و گیانی لەدەستداوە.

 

زانیاری زیاتر: رۆبینا لە زانکۆی شەریعەتی تاران قوتابی بەشی دیزاینی جلووبەرگ بووە، هەر لە نزیک بەشە ناوخۆییەکەی خۆیان تەقەیان لێکردووە، کەسووکارەکەی ڕۆیشتوون تەرمەکەی وەربگرنەوە لە نەخۆشخانەیەکی تاران، دایکی وتوویەتی، جگە لە تەرمەکەی ڕۆبینا، تەرمی دەیان گەنجی دیکەیشی بینیوە لە نەخۆشخانەکە، فیشەک بەر سەر و ملیان کەوتووە.

 

لێکەوتەکان: ماڵی ڕۆبینا لە کرماشانە، کاتێک کە تەرمەکەیان بردووەتەوە بۆ کرماشان، هێزە ئەمنییەکان ڕێگەیان نەداوە تەرمەکەی بنێژن و پرسەی بۆ دابنێن، بەناچاریی بردوویانە لە گوندێکی مەریوان ناشتوویانە، لەوێش ڕێگەیان نەداوە لە مزگەوت پرسەی بۆ دابنێن.

 

ئامارەکان: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت، لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، 116 خۆپیشاندەر کوژراون و 2500 کەسیش دەستگیرکراون، کە لەنێو دەگیرکراوەکاندا 260 هاوڵاتی کوردی تێدایە.

 

ڕێکخراوەکە دەڵیت: هێشتا ناسنامەی 700 کەسیان لەنێو دەستگیرکراوەکاندا پشتڕاست نەکردووەتەوە، کە 85ـیان ژنن، 60ـیان منداڵن یان تەمەنیان کەمترە لە 18 ساڵ.

 

کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان: پێشتر ئیدارەی ئەمریکا ئاشکرایان کردبوو، ئەمجارە خۆپیشاندەرانی ئێران بە تەنیا بەجێ ناهێڵن و نابێت دەزگا ئەمنییەکان سەرکوتی خۆپیشاندانی خەڵکی مەدەنی بکەن، لەو چوارچێوەیەدا سەرکردە سەربازییەکانی ئەمریکا تاوتوێی ئەو بژاردەیەیان کردووە کە هێڕش بکرێتە سەر دامەزراوە ئەمنییەکان یان ئەو دەزگایانەی لە پشت سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانەوەن.

 

هەڵوێستی ڕەسمی: مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای ئێرانی ئەنجامیدا وتی: دوژمنانمان ڕاهێنانیان بە کۆمەڵێک کەس لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات کردووە و چەندین تیرۆریستیان هێناوەتە ناوەوە و ئاگریان لە مزگەوتەکان بەرداوە و ناویان لەخۆیان ناوە خۆپیشاندەر، ئەمانە بەباشی دیارن کە ڕاهێنراوی دەستی دوژمنانمانن، چونکە داعش ئاسا ڕەفتاریان کردووە و چەکیان بەکارهێناوە و ئاگریان لە خەڵک بەرداوە، تەنانەت سەری خەڵکیشیان بڕیوە.

 

هەروەها وتی: ئەمریکا و ئیسرائیل لە دوورەوە دانیشتوون و فەرمانیان بەو ئاژاوەگێڕ و تیرۆریستانە کردووە کە بڕۆن ئێران تێکبدەن ئێمە لە پشتتانین ... ئەگەر کەسێک ناڕازییە با خۆپیشاندان بکات و ئێمە گوێیان لێدەگرین، بەڵام ئەوەی هەبوو کاری تێکدەرانەی دوژمنان بوو.

 

لێدوانی فەرمی: محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێ، حکومەتی ئێران ددان دەنێت بە مافی خۆپیشانداندا، بەڵام لەهەمان کاتیشدا ڕووبەڕووی تیرۆر و ئەندامانی داعش دەبنەوە، جەختیش دەکاتەوە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئاسایش و ئارامی دەگەڕێتەوە بۆ شارەکانی ئێران.

 

هەڵوێستێکی دەگمەن: ڕۆژی 6-1-2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە پەرلەمان و حکومەت پێکەوە بەرپرسن لەو دۆخە نالەبارەی ئێستا ئێرانی تێدایە و جەختی کردەوە کە "ناکرێت هەموو کێشەکان تەنیا بخرێنە ئەستۆی ئەمریکا" و "خەتاکە تەنیا لای یەک کەس نییە، حکومەت و پەرلەمان پێکەوە تاوانبارن لە گەیاندنی وڵات بەم ئاستە".

 

وێنە گەورەکە: پێشتر پزیشکیان پشتیوانی فشارە ناوخۆییەکانی ئێرانی دەکرد، ئەوەش وەک هەوڵێک دەبینرا بۆ کەمکردنەوەی تووڕەیی شەقام لە ڕێگەی شەفافییەت و دابەشکردنی بەرپرسیارێتی لە نێوان باڵەکانی دەسەڵاتدا و دەیوت قەیرانەکان "بەرهەمی دەستی خۆمانن"، ئەم دانپێدانانەش لە لوتکەی دەسەڵاتەوە لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا کەم وێنەبوو و ئاماژەیەک بوو بۆ قووڵیی ئەو قەیرانە دارایی و سیاسییەی بەرۆکی تارانی گرتووە.

 

لەلایەکی دیکەوە: عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، هیوای خواست بەمزووانە سەرکەوتن بێتە دی. ئەمەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.

 

زانیاریی زیاتر: ئەسکەندەر مۆئمێنی، وەزیری ناوخۆی ئێران، وتی: "بارودۆخەکە بەرەو هێور بوونەوە دەچێت، بارودۆخی ئەمنی گونجاوە و نائارامی و کارە تێکدەرانەکان خەریکە کەم دەبێتەوە."

 

ژمارەکان وادەڵێن: سەرچاوەکانی هەواڵ بە تایبەت هەر یەک لە BBC و نیویۆرک تایمز لە زاری پزیشکێک لە تاران بڵاویان کردەوە، لە یەک نەخۆشخانەدا تەرمی 217 خۆپیشاندەر هەیە BBC. لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا بڵاوی کردووەتەوە، لە دوو نەخۆشخانە لە ڕەشت و تاران، 100 تەرمی خۆپیشاندەران هەیە و هێزە ئەمنییەکان بۆ ڕادەستکردنەوەی هەر تەرمێک داوای 700 ملیۆن تمەن لە خێزانەکانیان دەکەن.

 

ئەمەش بزانە: ڕێکخراوی "نێت بلۆکس" ڕایگەیاندووە، پچڕانی سەرتاسەریی ئینتەرنێت لە ئێران 60 کاتژمێری تێپەڕاندووە، ئەمەش وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان وەسف کراوە، لەبەرئەوەی هاووڵاتییان هیچ پەیوەندییەکیان بە جیهانی دەرەوە نەماوە، تەنانەت لە ناوخۆشدا خەڵک تووشی کێشە بوون و کورتەنامە و تەلەفۆنیش سنووردار کراوە، تەنیا ژمارەیەکی زۆر کەمی خەڵک لەڕێگەی ستارلینکەوە دەستیان بە ئینتەرنێت دەگات.

 

ئەوەی دەگوزەرێت: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەندێک کەس کە سیمکارتی باشووری کوردستانیان هەیە، دەچنە سەر سنوورەکان، هاونیشتمانییەکی خەڵکی شاری سەوڵاوا لە پارێزگای سنە، بۆ ئەوەی ستۆرییەک لە ئینستاگرام بڵاو بکاتەوە، چووەتە سەر سنووری باشماخ و نووسیویەتی: لای ئێمە هیچ ناخۆشییەک نییە، بەڵام ئینتەرنێت تەواو پچڕاوە، قوتابخانە و زانکۆکان داخراون، تەلەفۆن و کورتەنامە ڕاگیراون، گوند و شارەکان هیچ هەواڵێکیان لە یەکتر نییە.

 

لێدوانی شایەتحاڵ: هاونیشتمانییەک لە شاری سەردەشتەوە بە ستارلینک پەیوەندییەکی کورتی ئەنجام داوە و بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاندووە: بانکەکان کراوەن، بەڵام سیستەمەکانیان و ئامێرەکانی ئەی تی ئێم کار ناکەن، پارەی نەختینە زۆر کەمە و خەڵک بەزەحمەت دەتوانن شت بکڕن، دووکانەکان کراوەن و خەڵک زیاتر بە قەرز پێداویستییەکانیان دەکڕن؛ هەموو جۆرە پەیوەندییەک لە کاتژمێر شەشی ئێوارەوە تاوەکو نیوەشەو دەپچڕێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ