بەربژێرە چاوەڕوانكراوەكانی سەرۆكایەتیی كۆماری ئێران كامانەن؟

شەیری بکە لە:
بەربژێرە چاوەڕوانكراوەكانی سەرۆكایەتیی كۆماری ئێران كامانەن؟

كۆبوونەوەی محەممەد موخبر سەرپەرشتیاری كاتی كۆماری ئێران لەگەڵ وەزیرەكان- وێنە: ڕۆیتەرز

ئاڤا نیوز

 

گیانلەدەستدانی لەپڕ و چاوەڕواننەکراوی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیدا، کاریگەریی لە سەر هاوکێشە سیاسییەکانی ئێران دەبێت. 


وێنە گەورەکە: ڕەئیسی جگە لەوەی سەرۆککۆمار بوو، وەک جێگرەوەیەکی چاوەڕوانکراوی ڕێبەری باڵا، دوای مردنی عەلی خامنەیی، سەیر دەکرا. ئێستا لە بڕیارە لە ماوەی 50 ڕۆژدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بکرێت، چاوەکان زیاتر لە سەر جێگرەوەی ڕەئسیی کۆچکردوون، نەک خامنەیی زیندوو.


زانیاریی زیاتر: لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە ناو و زانیارییەکانی ئەو کەسانە دەکرێت کە وەک بەربژێرە چاوەڕوانکراو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران سەیر دەکرێن و دەشێت یەکێک لەوانە ببێتە سەرۆک کۆماری ئێران و شوێنەکەی ڕەئیسی پڕ بکاتەوە. 

 

درێژەی ڕاپۆرت...


تەنگژەی بەشداریی خەڵک
لە کاتێکدا هەڵبژاردنەکەی ئەم دواییەی ئێران بۆ پەرلەمان و ئەنجوومەنی دەستەبژێری ڕێبەری ڕیکۆردی نزمترین ئاستی بەشداریی خەڵکی شکاند، ئێستا کۆماری ئیسلامی دەبێت هەڵبژردنێکی دیکە بۆ سەرۆکایەتی کۆمار ئەنجام بدات و ڕۆژی 28ـی حوزەیران وەک ڕۆژی هەڵبژاردن دیاری کراوە. 


ڕێکارەکانی خۆبەربژێرکردن
لە ئێران، خۆتۆمارکردن بۆ بەربەربژێربوون بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار کارێکی ئاسانە، بەڵام تێپەڕاندنی فیلتەرەکان و بەدەستهێنانی شایستەیی بۆ بەربژێربوون کارێکی دژوارە، لە هەڵبژاردنی پێشووی سەرۆکایەتیی کۆماردا نزیکەی 590 کەس ناوی خۆیان تۆمارکرد، بەڵام تەنیا شایستەیی حەوت پیاو پەسەند کرا.

 

ساڵ و نیوێک زووتر
ئەگەر مردنی ڕەئیسی نەبووایە، هەڵبژاردنی ئێران ساڵ و نیوێکی دیکە بەڕێوە دەچوو و لەوانەیە ئەو کات دۆخەکە بە جۆرێکی دیکە بوایە. بەڵام ئێستا کە کەمتر لە دوو مانگی دیکە هەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت، پێناچێت هیچ کەس بە تەواوەتی ئامادەی خۆبەربژێرکردن بێت. لەگەڵ ئەوەشدا هەڵبژاردن دەکرێت.


بەربژێرەکان کامانەن؟
بە گشتی بەربژێرەکان دەبێت سەرەتا بە خواستی ڕێبەری باڵا بن و دواتر بچنە بەردەم هەڵبژاردنەکان بۆ زانینی ڕێژەی متمانە و دەنگی گەل. شارەزایان لەو باوەڕەدان، لەم کاتەدا بەهێزترین ئەگەر و گریمانەکان لەگەڵ بەربژێربوونی ئەم کەسانەدایە:


یەکەم: محەممەد موخبیر
جێگری سەرۆککۆمار بوو و دوای مردنی بوو بە سەرپەرشتیاری سەرۆکایەتیی کۆمار، یان سەرۆککۆماری کاتی بۆ ماوەی 50 ڕۆژ. بەوە ناسراوە کە ڕۆڵێکی گەورەی لە پڕکردنەوەی کەموکوڕییەکانی ڕەئیسی لە سەردەمی سەرۆککۆماریدا هەبووە. بە جۆرێک کە زۆربەی کاروبارەکان موخبیر بەڕێوەی بردوون. ئێستا ئەو دەتوانێت هاوشێوەی ڕەئیسی گوێ بە فەرمانی ڕێبەر بێت و درێژە بە هەمان جۆر لە حکومەتداری بدات کە ڕەئیسی دەستی پێکردبوو. ئەمەش لە بەرژەوەندیی دەستەڵاتدا دەبێت کە لەم قۆناغە هەستیارەدا گۆڕانکاریی گەورە نەیەتە ئاراوە. 


دووەم: محەممەد باقر قاڵیباف
قاڵیباف پێشتریش بەربژێری سەرۆکایەتیی کۆمار بووە. بەڵام لەوانەیە ئەمجارە و لەم بارودۆخەدا لە هەر جارێکی دیکە بۆ ئەو باشتر بێت و ئەگەر سەرنەکەوێت، ئیدی سەرکەوتنی ئەستەمتر دەبێت. ئەو هەرچەندە لە ڕادیکاڵەکانە، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمان، دەنگی چوارەمی تارانی بەدەستهێنا و دەنگەکانی پاشەکشەی زۆری کردووە.  


سێیەم: عەلیڕەزا زاکانی
کەسێکی پێگەخوازە و خۆی وەک کەسێکی جێمتمانەی ڕێبەر و ڕادیکاڵەکان نیشان دەدات. ئەو پێشتریش چەند جار بەربژێری سەرۆکایەتیی کۆمار بووە. ئەو پۆستی وەزیریی لە کابینەکەی ڕەئیسیدا ڕەتکردەوە و لەو کاتەوە خۆی بۆ هەڵبژاردنێکی دیکە ئامادە کردووە، کە ئێستا بەر لە وادەی خۆی ئەنجام دەدرێت. لەگەڵ ئەوەشدا زۆر کەس لەو باوەڕەدان کە زاکانی بەربژێری جددیی هەڵبژاردنەکان نییە، بەڵکو دەسەڵات بۆ گەرمکردنی کەشی هەڵبژاردنەکان بەکاری دەهێنێت. 


چوارەم: سەعید جەلیلی
جەلیلی یەکێکی دیکە لە کەسە جێمتمانەکانی ڕێبەری باڵای ئێرانە. لە ناو دەسەڵاتی ئێراندا چەندین بەرپرسیارێتی گرنگی هەبووە. هاوکات بەشێک لە ڕادیکاڵەکان پشتیوانیی لێدەکەن و دەشێت وەک بەربژێری بەرەی پایەداریی ڕادیکاڵ ببێتە بەربژێری هەڵبژاردنەکان. 


پێنجەم: میهرداد بەزرپاش
ئەو کەسێکی گەنجە و لەدایکبووی 1980ـیە. کوڕی شەهید و زاوای عەلیڕەزا عەلیئەحمەدی، وەزیری پێشووتری پەروەردەیە. زۆر بە خێرایی پلەکانی سەرکەوتنی لە ناو حکومەتی ئێرانیدا بڕیوە و چەندین پۆستی گەورەی هەبووە، وەک یاریدەدەری سەرۆککۆمار و سەرۆکی دامەزراوەی نیشتیمانیی لاوان لە سەردەمی ئەحمەدی نەژاددا، بەڕێوەبەری گشیی کۆمپانیای ئۆتۆمۆبێلی پارس و سایپا، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، سەرۆکی دیوانی چاودێری و وەزیری ڕێگا و شارسازی لە حکومەتەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی. 

لە ناو بەرەی ڕادیکاڵەکاندا کەسانی دیکە هەن کە دەشێت خۆیان بەربژێر بکەن؛ وەک بەربژێریی هەمیشەیی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئێران: موحسین ڕەزایی. یان ئەوەی عەلی لاریجانی، کە لە هەڵبژاردنی پێشوودا، بۆ هەموارکردنی ڕێگای سەرکەوتنی ڕەئیسی، شایستەییەکەی ڕەتکرایەوە، بەربژێر بکرێتەوە و دووریش نییە پاڵپشتیی ژمارەیەک لە ڕێفۆرمخواز و میانەڕەو بەدەست بهێنێت. 


لە ناو بەرەی ڕیفۆرمخواز و میانڕەوەکانیشدا لەوانەی کەسانێک هەبن خۆیان بەربژێر بکەن، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە چانسی پەسەندبوونی شایستەییان بۆ بەربژێر بوون و تەنانەت لەم ئەگەرەشدا چانسی بردنەوەیان لە هەڵبژاردن زۆر لاوازە. لەگەڵ ئەوەشدا دەشێت بەرەی ڕیفۆرمخوازان کەسێکی وەک ئیسحاق هیهانگیری بەربژێر بکەن کە لە هەڵبژاردنی پێشوودا شایستەییەکەی ڕەتکرایەوە. یان لەوانەیە، بۆ فرەڕەنگکردنی هەڵبژاردنەکان، کەسانێکی نزیک لە ڕێبەر بە ناوی ڕیفۆرمخوازانەوە بەربژێر بکرێن، وەک مەجید ئەنساری یان مەسعود پزیشکیان. 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: