هاوژینی یەكەمی بەغدادی بۆ یەکەمجار نهێنیی ورد ئاشكرا دەكات

شەیری بکە لە:
هاوژینی یەكەمی بەغدادی بۆ یەکەمجار نهێنیی ورد ئاشكرا دەكات

ئوم حودەیفا، یەكێكە لە هاوژینەکانی ئەبوبەكر بەغدادی

ئاڤا نیوز


هاوژینێکی ئەبوبەکر بەغدای زانیاری نوێ لەبارەی خەلیفەی داعش و ژیانی ڕۆژانەیان ئاشكرا دەکات و دەڵێت سوپرایزی گەورە و شۆکی دیوە، باسی کوردانی ئێزدیش دەکات و دەڵێت چەندینجار بەغدادی تۆمەتباركردووە بە كوشتنیان و ئاگاداری كردووەتەوە كە كارێكی هەڵەیە.

وێنە گەورەكە: ئوم حوزەیفە، هاوژینی یەکەمی ئەبوبەکر بەغدادی، کە ئێستا لە زیندانێکی عێراق ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت بەهۆی تاوانەکانی پەیوەست بە تیرۆرەوە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بی بی سی، باسی ژیانی تایبەتی خۆی و بەغدادی دەكات و بۆ یەکەمجار هەندێ زانیاریی ورد و نەبیستراو ئاشکرا دەکات.


زانیاریی زیاتر: ئوم دەڵێت بەغدادی سەرەتا پیاوێكی نەرم و نیان بووە، دواتر بۆ كەسێكی تووڕە گۆڕاوە، نەیهێشتووە مۆبایل و تەلەفۆنیشی هەبێت. باسی ئەوەش دەکات کە چەندینجار هەوڵی ڕاكردنی داوە، بەڵام پاسەوانەكانی ڕێگریان لێكردووە.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: كاتێك داعش لەوپەڕی دەسەڵاتیدا بوو، ئوم حوزەیفە خێزانی بەغدادی بوو، ئەوكاتە بەغدادی سەرپەرشتی خوێناویترین شەڕی لە سووریا و عێراق دەکرد و شانازی پێوە دەكرد و بەئارامیش خۆی نیشاندەدا.

 

منداڵەكانی دەبرد بۆ مەلەوانی

 

لە هاوینی ساڵی 2014دا، ئوم حوزەیفە لەگەڵ هاوژینەکەی لە شاری ڕەقە کە ئەوکات “قەڵای” داعش بوو لە سووریا دەژیا.

 

ئەبوبەکر بەغدادی وەک سەرکردەی داواکراوی گرووپە تووندڕەوەکە زۆرجار کاتەکانی لە شوێنی دیکە بەسەردەبرد، لە یەکێک لە بۆنەکاندا پاسەوانێکی ناردووەتە ماڵەوە بۆ ئەوەی دوو کوڕە گەنجەکەیان هەڵبگرێت، ئوم حوزەیفە دەڵێت: "پێیگوتم دەچنە گەشتێک بۆ ئەوەی کوڕەکان فێری مەلەکردن بکەن".

 

لە ماڵەکەدا تەلەڤزیۆنێک هەبووە و بە نهێنی سەیری کردووە، ئەو دەڵێت: "کاتێک بەغدادی لە ماڵەوە نەبوو، تیڤییەكەم هەڵدەكرد، لەڕاستیدا بەغدادی نەیدەزانی كاردەكات و پێیوابوو خراپ بووە، من لە ساڵی 2007ەوە ڕێگەم نەدراوە سەیری تەلەفزیۆن بكەم و هیچ تەکنەلۆژیایەکی دیکەی وەک مۆبایل بەکاربهێنم".

 

سوپرایزێكی گەورە

 

چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی پاسەوانەکە منداڵەکانی بردووە، تەلەڤزیۆنەکەی داگیرساندووە و "سوپرایزێکی گەورەی" بینیوە، هاوژینەکەی بینیوە کە لە مزگەوتی گەورەی ئەلنووری لە شاری موسڵی باکووری عێراق قسە دەکات، کاتێک بۆ یەکەمجار  وەک سەرۆکی خەلافەتی داعش خۆی نیشاندا.

 

شۆك بووە

 

ئوم حوزەیفە دەڵێت تووشی شۆک بووە کاتێک زانیویەتی بەغدادی کوڕەکانی لەگەڵ خۆی بردووە بۆ مووسڵ نەک فێری مەلەوانییان بکات.

 

ئێستا ئوم حوزەیفە لە یەكێك لە زیندانەكانی مووسڵ دەستبەسەرە و دەسەڵاتدارانی عێراق لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكەن لە تاوانەكانی لە كاتی داعشبوونیدا، ئەو لە زیندانێكە هەموو جۆرە زیندانییەكی دیكەی تێدایە، بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر، دەستدرێژیكای سێكیس و چەندین جۆری دیكە.

خۆی بێتاوان دەردەخات

ئەم گفتوگۆیە لە كتێبخانەی زیندانەكەدا بۆ ماوەی دوو كاتژمێر کراوە،  لە کاتی گفتوگۆکەدا خۆی وەکو قوربانییەک نیشان دەدات کە هەوڵی داوە لە دەستی هاوژینەکەی هەڵبێت و ڕەتیدەکاتەوە  دەستی لە هیچ چالاکییەکی داعشدا هەبووبێت.

قسەكانی پێچەوانەن

 

ئەو کوردە ئێزدییانەی لە ماوەی حوكمڕانی دەسەڵاتی داعشدا كرابوون بە كۆیلە و ئەو كاتەی كە ئەم ژنە خێزانی بەغدادی بووە، دەڵێن دەستی هەبووە لە هاوكاریكردن و بەكۆیلەكردن و ئامادەکردن و ناچارکردنیان بۆ سێكس.

 

سەری بەرزناكاتەوە

 

لە کاتی چاوپێکەوتنەکەدا سەری بەرزناکاتەوە، تەنانەت جارێکیش. جلێکی ڕەشی لەبەردایە و تەنها بەشێک لە دەموچاوی دەردەکەوێت، تا خوارەوەی لووتی.

 

ئوم حوزەیفە كێیە؟

 

ئوم حوزەیفە لە ساڵی 1976 لە بنەماڵەیەکی کۆنەپەرستی عێراقی لەدایک بووە و لە ساڵی 1999 لەگەڵ ئیبراهیم عەواد ئەلبەدری کە دواتر بە ناوی ئەبوبەکر بەغدادی ناسراوە، هاوسەرگیری کردووە.

خوێندنی شەریعەت (زانستە ئیسلامییەکان)ی لە زانکۆی بەغدا تەواوکردووە، ئەو دەڵێت لەو کاتەدا"دیندار بوو، بەڵام توندڕەو نەبوو... کۆنەپەرست بوو بەڵام بیری کراوە بوو".

 

پاشان لە ساڵی 2004 و دوای ساڵێک لە هێرشی ئەمریکا بۆ عێراق، هێزەکانی ئەمریکا بەغدادییان دەستبەسەر کرد و بۆ ماوەی نزیکەی ساڵێک لە ناوەندی دەستبەسەرکردنی کەمپی بوکا لە باشوور ڕایانگرت، لەگەڵ چەندین پیاوی دیکە کە دەبوونە کەسایەتی باڵا لە داعش و گرووپە جیهادییەکانی تر.

 

هەڵسوكەوتی بەغدادی گۆڕا

 

لە ساڵانی دوای ئازادکردنیدا، ئوم دەڵێت:” گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە: " زۆر تووڕە دەبوو، لەکاتێکدا پێشتر بەمشێوەیە نەبوو.

 

هەندێکی دیکە کە بەغدادییان ناسیوە دەڵێن:” پێش دەستبەسەرکردنی پەیوەندی لەگەڵ قاعیدەدا هەبووە، بەڵام دواتر پەیوەندییەكە لاواز بووە و وردەوردە تووندڕەوتر و تووڕەتر بووە.

 

بەغدادی تووشی نەخۆشی بووە

ئوم دەڵێت، بەغدادی وردەوردە تووشی كێشەی دەرونی دەبوو، پرسیارم لێدەكرد بۆچی وایلێهاتووە؟ ئەو دەیگوت:” شتانێكی بینیوە كە زۆر بەئاسانی ناتوانێت قبوڵیان بكات و لێیان تێبگات".

 

بەغدای تووشی ئەشكەنجەی سێكسی بووە

ئوم دەڵێت، بەغدادی هەرگیز بەڕوونی دانی بەوەدا نەناوە، بەڵام چەندینجار باسی كردووە كە تووشی ئەشكەنجەی سێكسی بووە، ناچاركراوە كاری سێكسی و شتی دیكەش بكەن، ئەمەش كاریگەری زۆر خراپی لەسەر دەروونی دروستكردبوو.

 

"جلەكانی دەگەڕام"

ئوم دەڵێت، كاتێك بەغدادی دەهاتەوە ماڵەوە  و دەخەوت، من جلەكانی دەگەڕام،  بەڵام هیچم نەدەدۆزییەوە، هەرچەندە ئەو بەئارامی لەلای من بوو. دەشڵێت: "تەنانەت لە جەستەیدا دەگەڕام بۆ دۆزینەوەی کێشە یان برین، بەڵام هیچم نەدۆزییەوە".

"ئەو کاتە پێمگوت، 'تۆ گومڕا بوویت'... ئەمە وای کرد تووشی نائارامییەکی زۆر و تووڕەبوونێكی زۆر ببێت.

 

داوای جیابوونەوەی كردووە

كاتێك بەغدادی ژنی دووەمی هێناوە، ئوم حوزەیفە نیگەران بووە، داوای جیابوونەوەی كردووە، بەڵام مەرجەكانی بەغدادی قورس بوونە و پێی گوتووە: دەتوانیت بڕۆیت بەڵام منداڵەكانت پێنادەم.

 

ئوم حوزەیفە  دەڵێت: "لە مانگی یەکی ساڵی 2012دا چوونەتە لادێکانی ئیدلب لە سووریا، لەوێش بەتەواوی  ڕوونبووەتەوە کە ئەو میر (سەرکردە) بووە."

 

"دڕەندەیی داعش شۆكی كردم"

ئوم حوزەیفە دەڵێت كاتێك بینیویەتی داعش چی لە سەربازەكانی عێراق و لە کوردانی ئێزدی کردووە، تەنانەت نەیتوانیوە سەیری وێنەكان بكات و ئەو دڕەندەییە شۆكی كردووە، "كارێكی نامرۆڤانە بوو، بەڕای من ڕژاندنی خوێن بەشێوەیەكی ناڕەوا شتێكی ترسناكە و لە سەروو كاری مرۆڤایەتییەوەیە".

ئوم حوزەیفە دەشڵێت، تەحەدای هاوسەرەکەی کردووە سەبارەت بەوەی کە "خوێنی ئەو کەسە بێتاوانانە" لەسەر دەستی بووە و پێیگوتووە "بەپێی شەریعەتی ئیسلام شتی دیکە هەیە کە دەکرا بکرایە، وەک ڕێنماییکردنیان بەرەو تەوبە".

 

بەغدادی لاپتۆپێكی نهێنی هەبووە

ئوم لە درێژەی قسەكانیدا باس لەوە دەکات کە هاوژینەکەی لاپتۆپێکی هەبووە و لەڕێگەیەوە پەیوەندی بە سەرکردەکانی داعش کردووە. دەشڵێت: "کۆمپیوتەرەکەی لەناو جانتایەکدا بە قفڵەوە دەهێشتەوە. جارێکیان هەوڵمدا بچمە ناویەوە بۆ ئەوەی بزانم چی ڕوودەدات، بەڵام لەڕووی تەکنەلۆژیاوە نەخوێندەوار بووم و هەمیشە داوای پاسکۆدی لێدەکردم".

 

هەوڵی ڕاکردنی داوە

ئوم دەڵێت چەندینجار هەوڵیداوە هەڵبێت، بەڵام پاسەوانی بازگەكەی نزیك ماڵەوەیان نەیانهێشتووە ئەو كارەبكات و گەڕاندوویانەتەوە بۆ ماڵەوە.

 

بەغدادی بەشداری لە شەڕدا نەكردووە

ئوم دەڵێت: "هەتا منی لەگەڵدابوو ئەوەندەی من ئاگاداربووم، بەغدادی بەشداریی هیچ شەڕێكی نەكرد، بەغدادی لە ڕەقە بوو كاتێك داعش مووسڵی گرت، دواتر چوو بۆ ئەو شارە و قسەی كرد".

 

نۆ كچی کوردی ئێزدی لە ماڵەکەی

 

لە گەرمەی ئاڵۆزییەكاندا نۆ كچی کوردی ئێزدی كە تەمەنیان لە نێوان نۆ  بۆ 30 ساڵ بوو، بردراونەتە ماڵی بەغدای، ئەوە مشتێك بوو لە هەزاران ژن و منداڵی ئێزدی كە لەلایەن داعشەوە كرابوونە كۆیلە و هەزارانی دیكەش كوژرابوون.

"ئینكاری تۆمەتباری ناكەم"

 

ئوم حوزەیفە دەڵێت  ئینکاری ئەوە ناکات بەغدادی تاوانبار بووبێت، بەڵام دەشڵێت "زۆر پەشیمانە لەوەی بەسەریاندا هاتووە"، و ئەو تۆمەتانەش ڕەتدەکاتەوە کە ئاراستەی کراوە .

 

كارمەندە ئەمریكییەكەی دیوە

 

ئوم باس لەوە دەکات كە لە مانگی یەکی ساڵی 2015، بۆ ماوەیەکی کورت چاوی بە کایلا مۆلەر، کارمەندی فریاگوزاری ئەمریکی ڕفێنراو کەوتووە، کە بۆ ماوەی 18 مانگ بە بارمتە گیرا و دواتر گیانی لەدەستدا.

 

هۆکاری مردنی کایلا تا ئێستا نەزانراوە، لەو کاتەدا داعش بانگەشەی ئەوەی دەکرد بە هێرشێکی ئاسمانیی ئوردن کوژراوە، بەڵام ئەمریکا هەمیشە ناکۆکی لەسەر ئەمە هەبوو، ئێستاش سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقی پشتڕاستی کردووەتەوە کە لەلایەن داعشەوە کوژراوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: